دواین هەواڵ

دەرکەوت مستەفا کازمی ئەو ئەفسانەیە نەبوو !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

27/05/2021

دەرکەوت ئەوەی عێراق بەڕێوە دەبات سێ سەرۆکایەتیەکە نییە کە هەر خەریکی لێدوان و بەیاننامەو سوڵحی تائیفی و خێڵەکین، بەڵکو مستەفا کازمی و تیمەکەشی نیە کە نەک ناوچەی سەوزو دامەزراوە دەستورییەکان، بگرە بەردەرگاکەی خۆشی پێ ناپارێزرێت، ئیتر دەبێت هەڵبژاردنی ئایندە چۆن بکرێت و چ دەستێوەردانێکی تێدا بکرێت بەبێ ئامادەبوونی چاودێری توندی دەوڵەتیی و یاساو دامەزراوەکان؟

‏‎ڕۆژی چوارشەممە ٢٦-٥-٢٠٢١ بەغدا و کازمیی شەو و رۆژێکی ڕەش و درێژو پڕلە شەرمەزارییان بەڕێکرد و یاساو ڕێسایان بەتەواوی خستە خزمەتی چەکدارانی حەشدی شەعبی و فەرماندە شەعبییە پۆپۆلیستەکان. ئەوکاتەی دژە تیرۆری عێراق “قاسم موسڵح” فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبیان بە مادەی ٤ ی تیرۆر لە ناوچەی دۆرەی باشووری بەغدا دەستگیرکرد.

حەشدی شەعبی ئیتر مانۆڕو یاریەکەی دەستپێکردو نمایشە گەورەکەی کردو کازمی ناچارکرد بچێتە ژێرەوەی یاساکانی ئەوان و فەرماندەکە بە زوویی ئازاد بکات و کردیشی.
ئەو دۆخە تازەیەی بەغداد، ئاماژەی ڕوونە کە ئێستا عێراق وڵاتێکی دەستووریی و یاسایی نییەو لەژێر جەبریی چەک و هێزە ئەمنییە نادەستووریەکاندایە ئەگەرچی حەشدی شەعبی یاسای بۆ دەرکراوە لە ٢٠١٦ و بودجەی خەیاڵی حکومەت و بیرە نەوتەکانیشیان لەژێر دەستایە. کازمی ئیتر پیاوێکی دەوڵەتی ڕووکەش و تەسلیم و بێ کاریگەرە لەبەردەم بڕیارو هەژموونەکانی حەشدی شەعبی و کاراکتەرە سەربازیەکانی ( فەتح و گروپەکانی نوجەباو حیزبوڵاو ڕەبعەڵاو عەسائیبی ئەهلی حەق و فەرماندەکانی دەرەوەی حکومەت) دەرکەوت ئەوە هێزی راستەقینەی سێبەر بوو نەیهێشت کازمی خۆی کاندید بکات و باسی هەڵبژاردن بکات و لەژێر ئیقامەیەکی جەبرییدا بیهێڵنەوە.

نەک سەرۆک وەزیرانێکی کاراو ڕیفۆرمخواز نییە بەڵکو بکەرێکی کارتۆنییەو هەرساتێک دەزگا ئەمنییەکانی حەشد چۆنیان بوێت ئاوا بەکاری دەهێنن وەک ئەمرۆ بینیمان !
پێش ساڵێک زیاتر وتمان ؛

مستەفا کازمیی، نەفەسێکی ڕیاکارانەو بێ ستراتیج و نزیک مەودایەی هەیەو بە ئاسانی ناتوانێت خۆی لە تەڵزگەکانی مەزهەب و گەمە موخابەراتیەکان قوتار بکات، لەوپەڕی حاڵەتدا ڕۆڵە پۆلیسیەکەی کازمی تا تونێلێک دەڕوات، ناکرێت مرۆڤ ئەوەندە خەونی لەسەر هەڵچنێت، بەتایبەتی بەرەی دیموکراتخوازو لیبڕاڵ لە عێراق و کوردستان، ئەوانەی دەیانوت کازمی کازمی تۆ بۆ ئێمە لازمیی.

ئەوەشمان وت کازمی بەم سیحری باڵڕاوەشاندن و فۆتۆگەرییە میدیاییەوە عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوەو مۆدێلێک لە حوکمی ڕاقی نابات و قورسترین کارێک بۆ کازمی کە هەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت نەهێشتنی بلۆکە ئایدۆلۆژیستە دینی و مەرجەعە مەزهەبیەکانە ئیتر ریفۆرم لە چی و لە کوێی عێراقدا دەکات.

‏‎ئەو سیحرەی کازمی لە ڕاستیدا کورت مەودایەو ئەجێندایەکی کاتییەو بە ئاسانی هەرس نابێت بۆ عێراق، کازمی گەر چاکسازیی دەوێت پێویستە سەرەتا قاچی ئەقتابە سەربازییە نایاساییەکان بگرێت و بیانباتە بەردەم دادگا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP