دواین هەواڵ

گرینگی نوسینەوەی دەستور

‌د. سارە كاكل

27/05/2021

دەستوور بەرزترین یاسایە بۆ دیاری کردنی ڕێسا سەرەکیەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەت و سیستەم و شێوازی حوکم وە ڕێکخستنی دەسەڵاتە گشتیەکان.
دەستوور ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە چوارچێوەی کاروباری ووڵاتدا لەگشت بوارەکاندا(سیاسی و یاسایی)، 

لە بواری سیاسی ڕۆڵی هەیە لە دیاری کردنی سروشتی ووڵاتدا کە ئایا سیستەمی بەڕێوەبردن پاشایەتیە یان کۆماریە یاخود دیاری کردنی سیستەمی حوکمڕانی

( پەرلەمانی،سەرۆکایەتی، نیمچە سەرۆکایەتی)، وە دابەش کردن و ڕێکخستنی دەسەڵاتە لە نێوان هەرسێ دەسەڵاتی (جێ بەجێ کردن ، یاسادانان ، دادوەری).

- لە بواری یاسادا دەستوور هەڵدەستێت بە دیاری کردنی ماف و ئازادی تاک لە ئاین و سیاسەت و شارستانیەت، هەروەها دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ دانان و دەرچوونی گشت یاسایەک کە نابێت بەهیچ شێوەیەک پێچەوانەی دەستوور بێت، وەدیاری کردن و ڕونکردنەوەی مافە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکان.

دەستووری هەر ووڵاتێک خاسیەتێکی دەبێت یادەستوورێکی نەرم دەبێت کە هەموارکردنەوەی ئاسانە بەڕێکاری ئاسایی هەمواردەکرێتەوە یاخود دەستوورێکی جامدە کە بۆ هەموارکردنەوەی مەرجی قورس و ڕێکاری زۆری پێویستە بەجۆرێک هەموارکردنەوەی زۆر زەحمەتەو ئاسان نیە.

ئەگەر بێت و سەیری دەستووری عێڕاقی بکەین دەبینین دەستوورێکی (جامد)ی هەیە بەڵام ئێستا هەندێک لە لایەنە سیاسیەکان داوای ئەوە دەکەن ئەو دەستوورەی ئێستا هەیە بگۆڕدرێت بۆ دەستورێکی نەرم بێگومان ئەمەش لەبەرژەوەندی کورد نیە چونکە دەتواندرێت بە ئاسانی دەستکاری بڕگەومادەکانی دەستوور بکەن بەمەش مەترسی دەکەوێتە سەر ماف و ئيمتیازەتەكانی گەلی کورد.
سەبارەت بە دەستووری هەرێمی کوردستان کە بۆماوەی (٣٠)ساڵە خاوەنی حکومەتین و خۆمان بەڕێوەدەبەین بەڵام نەبوینە خاوەنی دەستوور ئەمەش وەک خاڵێکی لاواز دەردەکەوێت هۆکارەکەشی ناتەبایی و پەرتەوازەیی ناوماڵی کوردە، ڕێك نەكەوتن لەسەر بنەماكان.

نوسینەوەی دەستوور هەنگاوێکی گرنگە بۆ  کورد

بونی دەستوورێک بەمانای ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد دێت ئەویش بەبەشداری کردنی گشت هێزە سیاسیەکان و کۆکردنەوەی ئەزموونی چەندساڵەی حوکمڕانی.

هەر دەستوورێک کە ئاماژە بەوە بکات ”گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە” ئەمەش یەکێکە لە جێ بە جێكردنی بنەما سەرەکیەکانی سیستەمی دیموکڕاتی و ڕێکخستنی گشت مافەکانی تاکەکەسە لە گشت بوارەکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئایینی، ئازادی تاکەکەسی و گرنگی ڕای گشتی و دابەش کردنی دەسەڵاتەکان لە نێوان هەرسێ دەسەڵاتی(یاسادانان و جێ بەجێ کردن و دادوەری)، کە ئەمانەش لەبنەڕەتدا بەمانای دیموکڕاتیەتێکی تەواو دێت.

هەروەها بوونی دەستوور دەبێتە هۆی ڕێگری کردن لە دابەش بوونی هەرێمی کوردستان و دروست بوونی دوو ئیدارەیی، هەروەها بەڕێکخستنەوەی داهاتەکان و دابەش کردنەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان شارو شارۆچکەکاندا دەتوانین بڵێین نوسینەوەی دەستور یەکێکە لەهەنگاوەكانی چاکسازیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بێگومان واباشترە دەستوری هەرێمی کوردستان دەستورێکی نەرم بێت تاوەکو هەموارکردنەوەی ئاسان بێت و هەنگاوی قورسی پێویست نەبێت، لەبەر ئەوەی بۆ یەكەمجارە هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی دەستووری خۆی ، ئەگەر هاتوو هەر کەم وکوڕییەکی هەبێت بتواندرێت دەستکاری و بڕگەو مادەکانی بکرێت.

هەرێمی كوردستان لە سەرەتای حوکمڕانی کوردستان لە ساڵی ۱۹۹۲ هەمیشە کوردستان لانەی پێکەوەژیانی گشت نەتەوەکان بوەو ماف و ئازادی گشت لایەک پارێزراوبوە، لەبەرئەوە پێویستە دەستوور زامنی پاراستنی گشت مافەكان بێت.

دەستور یەكێكە لە پێویستیەکان بۆ هەرێمی كوردستان وە پێویستی بە هەوڵ و هاریكاری گشت لایەنێك هەیە, نەك دژایەتی كردن و هەوڵی روخاندن و لە ناوبردنی قەوارەی هەرێم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP