دواین هەواڵ

سێ سەد موشەک بۆ کوشتنی کەسێک

‌د. ئەرسەلان بایز

24/05/2021

دەیان ساڵە عەرەبەکان قسەی زل زلی بێ کردار دەکەن. گوایە (مەسەلەی فەڵەستین کرۆکی سیاسی و ئەخڵاقیی دەوڵەتانی عەرەب و موسوڵمانانە). خۆپیشاندان دەکەن، هوتاف دەکێشن و لەسەر شەقامەکان خەریکی خۆبادان و ئاگر لە دەمیان دێتە دەرەوە. دەوڵەتی ئیسرایل لە بەین دەبەن و دەیخەنە دەریاوە. ئەمڕۆ دەوڵەتانی عەرەب (400) ملیۆن کەس و خاوەنی لەشکرێکی ملیۆنان سەربازو خاوەنی چەک و جبەخانەیەکی یەکجار زۆرن. خاوەنی سامانێکی نەوتی بێ ئەندازەو شوینێکی ستراتیژی گرنگ لەسەر نەخشەی جیهان. بەڵام ئەو هەموو ساڵانە نەیانتوانیوە هەنگاوێکی کرداری، یان بستێک لە خاکی فەڵەستین ڕزگار بکەن.

لە ماوەی ئەو دەیان ساڵەی ڕابردوودا، ئیسرایل خەریکی دروست کردنی هێزێکی مۆدێرنی شەڕکەری سەربازی گەورەیە کە هەموو دەوڵەتانی عەرەب و موسڵمانان زەفەری پێنابەن. خاوەنی ژێر خانێکی ئابووری بەهێزە، خاوەنی پیشەسازییەکی سەربازی پێشکەوتووە. پێوەندییەکی دیبلۆماسی سەرکەوتووی هەیە. هەر تەنیا لەو چەند مانگەی ڕابردوودا پێوەندی لەگەڵ چەندین دەوڵەتانی عەرەب دروست کرد. هەموو چەند ساڵ جارێکیش لە وادەی خۆی هەڵبژاردن دەکات. ئەمڕۆ ئیسرایل لە دنیادا بە دەوڵەتێکی دیموکراسی ناسراوە.

بەڵام دەوڵەتی فەڵەستین بەسەر دوو ناوچە دابەش بوون. (غەززە) کە لەلایەن ڕێکخراوی (حەماس)ەوە ئیدارە دەدرێت. لە لایەک و سەرۆکایەتی (مەحمود عەباس) لەلایەکی ترەوە. شیاوی باسە (مەحمود عەباس) تەمەنی هەشتاو پێنج ساڵەو (17) ساڵە سەرۆکی فەڵەستینە. لەو ماوەیەدا هەڵبژاردن نەکراوە. بڕیار بوو لەم نزیکانە هەڵبژاردن بکرێت بەڵام بەبیانووی ڕێگا نەدانی ئیسرایل بە بەشداری عەرەبەکانی (قودس) هەڵبژاردنەکەیان دوواخست.

لە دووا ڕۆژەکانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لە ئەنجامی تەقاندنی چەند موشوکێک بە ئاڕاستەی ئیسرایل ئاگری شەڕی نێوان (غەززە)و ئیسرایل هەڵگیرسایەوە. شیاوی باسە پێشتر هەندێ گرژی و شەڕە دەست و بەگژ یەکداچوون لە نێوانی عەرەبە دانیشتوانەکانی گەڕەکی (شێخ جەراح) و جولەکە توندڕەوەکان دروست بوو بوو. چونکە دادگایەکی ئیسرایل بڕیاری دەرکردنی هەندێ لەو ماڵە عەرەبانەی دابوو بە نیازی نیشتەجێ کردنی جولەکە لە شوێنیاندا. شیاوی باسە ئەو بڕیارەی دادگا ناهەقیەکی زۆری پێوە دیارە. بۆیە بەشی هەر زۆری ڕای گشتی دەوڵەتان پشتیوانیان لە عەرەبە فەڵەستینیەکان کردوو ناڕەزاییان دژی ئەو بڕیارەی دادگا دەربڕی. بەڵام بەداخەوە هەڵگیرساندنی شەڕو تەقاندنی موشەک لە (غەززە) بۆ ئیسرایل ئەو مەسەلەیەی پەردە پۆش کرد.

بە پێی ڕاگەیاندنی حەماس و جیهادی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسرایل (3200) سێ هەزارو دووسەد موشەک ئاڕاستەی ئیسرایل کراوە. لە ئەنجامدا (10) تەنیا دە ئیسرایلی کوژران و زیانێکی ماددی کەمیشی بەر دامەزراوەکان کەوتووە. لەبەرامبەردا (238) شەهیدو (1500) فەڵەستینی بریندار بوون زیاتر لە (50) هەزار دانیشتوی (غەززە) ئاوارە بوون، زیانی دارووخانی باڵەخانەکان، دامەزراوەکان کارگەو خانووەکانی (غەززە) ملیاران دۆلارە. جیا لە کوشتنی چەندین سەرکردەی گەورەو ناسراوی سەربازی ڕێکخراوی (حەماس) و (جیهادی ئیسلامی)، بە پێی ئەو ئامارەی سەرەوە هەر سەد موشەکێک یەک جولەکەی کوشتووە.

ئەو شەڕە ناتوانێ هیچ لایەنێک لەبەین ببات سەرەنجام هەر گەڕانەوەیە بۆ مێزی گفتوگۆ.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP