دواین هەواڵ

بەربژێری شەڕی بە وەكالەت

‌زكری موسا

14/05/2021

  1. بزوتنەوەی حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردو هەزاران موشەكی كورت مەودای لە خاكی ئیسرائیل گرت و بەشێكی زۆریان كەوتنە داوی سیستەمی گومەزی ئاسنینی ئیسرائیل و لە بەرانبەریشدا ئیسرائیل پەلاماری فەلەستینییەكانی لە غەززە داوەتەوە. ئەنجامەكەی كوژران و برینداربونی سەدان هاوڵاتی و وێرانبونی بەشێكی تری جەستەی ماندوی غەززە بوە.

    پێشتریش لە ساڵانی ڕابردو حاڵەتی لەم جۆرە دوبارە بوەتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە ئەم گرژی و موشةكباران و تەنگژانە دۆزی ڕەوای گەلی فەلەستینیان تەنانەت یەك میلیمیش نەبردۆتە پێش و زەرەرمەندی سەرەكیش هاوڵاتیانی فەڵەستینی بون.

     ئیسرائیل دەوڵەتێك نییە بەم جۆرە موشەكانە و هاشوهوشی فەیسبوك بڕوخێت و مافی گەلی فەڵەستینیش لەم گرژییانەدا ناهێتەدی.

    بۆ هەمو لایەك ئاشكرایە غەززە توانای بەرهەمهێنانی موشەك و درۆنی نییە و لایەنێكی بیانی ئەو جبەخانەیەی بۆ دەستەبەر كردون.

     ئەمە دەمانباتە ئەنجامگیریێكی تر كە ئەو شەڕ و گرژییانە دەچێتە چوارچێوەی شەڕی بە وەكالەت. لە شەڕی بە وەكالەتدا لایەنی سەرەكیی بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ ناكەوێتە شەڕ بەڵكو بە هۆی هەندێ گروپ و ڕێكخراوی ئایدیۆلۆژی و توندڕەو لە ڕێی دابینكردنی چەك و پارە، لەپێناو گۆڕینی هاوكێشەكان و بەرژەوەندیدا شەڕ هەڵدەگیرسێنێت.

    لە ساڵانی ڕابوردودا لە یەمەن و لوبنان و سوریا و تەنانەت عێراقیش لە ڕێی گروپە توندڕەوەكانەوە بە داعشیشەوە ئەم تەرزە شەڕانە بینراون و ئەنجامەكەشی تەنیا كاولكاری و دواكەوتویی و ناسەقامگیریی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوە. هیچ یەك لەم شەڕانە ئاو و نان و كارەبا و ژیان و ئازادی و دادپەروەریی بۆ گەلان بەدینەهێناوە.

    بەڵام ئەو شوێنانە كوێن كە هەمیشە دەبنە بەربژێر بۆ هەڵگیرسانی شەڕی بە وەكالەت؟ بەپێی ئەزمونەكان ئەو وڵاتانەی كە سەروەرییان لاوازە و دابەشبونی سیاسی و تاییفی و سەربازیی قوڵ لەنێوان لایەن و گروپ و ڕێكخراوەكانیاندا هەیە هەمیشە لەبارن بۆ دەستوەردانی دەرەكی و دواجاریش بەكارهاتنیان بۆ شەڕی بە وەكالەت.

    بە داخەوە عێراقیش یەكێك لەو شوێنانەیە كە ئاوسە بە ڕوداوی لەناكاو و دەستوەردانی دەرەكی و ناكۆكیی سیاسی و دابەشبونی تاییفی و، ئەمە ژینگەیەكی خەتەرناك بۆ شەڕی بە وەكالەت و تەسویەی حیساباتی زلهێزانی دەولی و ناوچەیی دەرەخسێنێت. بە تایبەتیش كە زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی عێراقی خاوەن ئایدیۆلۆژیای تاییفین و لە هەمان كاتیشدا هێزی چەكدار و میلیشیایان لەبەردەستە.

    لەنێو ئەو ئاشوبەی بەرۆكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوە، كوردیش هێزێكی سەرەكی و كاریگەرە. ڕەنگە زۆرێك لە لایەنە هەرێمایەتییەكان تەماحی ئەوەیان هەبێ لایەنە كوردییەكان پەلكێشی ئەو جۆرە شەڕە بە وەكالەتە ماڵوێرانكارانە بكەن.

     كورد سەرباری ناكۆكیی نێوخۆیی هەتا ئێستا ژیرانە توانیویەتی خۆی لەو داوانە بپارێزێت. هۆكارەكەشی بە پلەی یەكەم بۆ سیاسەت و دیدگەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە كە هەمیشە جەختی لەوە كردوەتەوە كە كورد خۆی دۆزێكی سیاسی و مێژویی و جیۆگرافیایی تایبەتی هەیە و نابێتە تەڕەف لە ململانێیە تاییفییەكان و ناچێتە ناو هاوكێشەیەكی هەرێمی كە دۆزەكەی لێ بزر ببێت.

    پێویستە لەو گرژی و ئاشوبەی لە داهاتودا یەخەی ناوچەكە دەگرێت، هەرێمی كوردستان بە باشی خۆی بپارێزێت. ئەوەشی هەردەم بە بیر بێت كە شەڕە بە وەكالەتەكان دۆزە نەتەوەییەكان ون دەكەن و سەقامگیری و بوژانەوە لەناو دەبەن.

    لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان هاوكات لە سێ بازنەی ناوخۆ و هەرێمایەتی و دەولیدا دەژیێت. چەندە لە بازنەی یەكەمدا توندوتۆڵتر بێت ئەوەندەش لە بازنەی عێراق و هەرێمایەتیدا كاریگەرتر دەبێت و هاوتەریبیش لە بازنەی سێیەمدا زیاتر قسەی دەڕوات و، توشی سوخرەی شەڕی بە وەكالەتیش نابێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP