دواین هەواڵ

لە پرسی جولەکەوە بۆ پرسی فەلەستین

‌شێركۆ كرمانج

14/05/2021

  1. مێژوی هەزاران ساڵ لە چەند دێڕێک
    ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەگوترێت پرسی فەلەستین لە ئەساسدا پرسی جولەکەکان بو. لەڕاستیدا ‏پرسی فەلەستین لە ١٩٤٨ لەگەڵ دابەشکردنی فەلەستین لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان سەرهەڵدەدات و تەمەنی کەمتر لە سەد ساڵە. بەڵام ‏پرسی جولەکەکان بەو غەدرە دەستپێدەکات کە نەبوخوزنەسەری دوەم، پاشایەکی بابلییەکان، ‏لە جولەکانی دەکات‌و تەمەنی زیاتر لە ٢٥٠٠ ساڵە.

    نەبوخوزنەسەر لە ٥٨٦ ی پێش زاینی ‏بەزۆرەملێ جولەکەکان لە ئیسرائیل دەگوێزێتەوە بۆ کەنارەکانی شاری بابل لە میزۆپۆتامیا. ‏هاوکات، نەبوخوزنەسەر زێڕو زیوی ئەو پەرستگایەی جولەکەکانیش دەدزێت کە لە ماونت ‏تێمپڵ (پەرستگای سەر شاخەکە، ناوەکەتان لەبیرنەچێت) لە ٩٥٧ ی پێش زاینی‎‎‏ ‏دروستکرابو، دواتریش پەرستگاکە وێران دەکات. لە گۆرانییەکی تیپی بۆنی ئێم کە لە ‏‏١٩٧٩ گوتراوە ئەم نەهامەتییە خراوەتەڕو. ‏

    جولەکەکان بۆ سەدان ساڵ لەسەر دەستی فیرعەونەکانی میسر ئازارو دەربەدەری زۆریان ‏چێشت، لەوێ فڕێ دەدرێن بۆ ئەوێ، وەک تۆپ. لەگەڵ هاتنی ڕۆمانەکانیش بۆ ناوچەکە ئیدی ‏دەردەسەری جولەکەکان ئێجگار گەورە دەبێت بەتایبەتی کە ڕۆمانەکان تەبەنی دینی کرستیانی ‏دەکەن‌‌و لە شوێنی پەرستگاکەی سەر شاخ کڵێسایەک دروستدەکەن. کاتێک موسڵمانەکان دێن، ‏عومەری بن خەتاب و یاوەرانی کڵێساکە دەڕوخێنن‌و مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر هەمان ئەو ‏گردەی کە پەرستگای جولەکەکانی لێبو لە شوێنی کڵێساکە دروستدەکەن. چەند ساڵێک دواتر ‏عەبدولمەلیک بن مەروان قوبەتلسەخرە دروست دەکات ڕێک لەسەر ئەو شوێنەی کە ‏پەرستگای سەر شاخەکەی لێدروستکرابو، لەسەر نیمچە ئەشکەوتێکی بچوک کە گوایە ‏پێغەمبەری موسڵمانان سەردانی کردوە. ‏

    بێجگە لە گرنگی پەرستگاکە بۆ جولەکەکان، هەر ئەو شاخەی، کە ئەو هەمو پەرستگاو ‏مزگەوت‌و کڵێسەی لەسەر دروستکراوە، لای جولەکەکان پیرۆزییەکی تایبەتیی هەیە. ‏جولەکەکان پێیانوایە کە ئەو شاخەی کە پەرستگاکەی لەسەر دروستکراوە یەکەمین بەردی، یان ‏بناغەی، دروستکردنی زەوییە لەلایەن خواوە. ئەمەش شاخەکە دەکات بە چەقی زەوی، چەق ‏لێرە مەبەست ناوکی زەوییە نیە. بەڵکو ئەو خاڵەیە کە بنیاتنانی زەوی لێیەوە دەستپێدەکات‌و نزیکترین ‏خاڵە لە ئاسمان. هاتنی پێغەمبەری موسڵمانان بۆ قودس‌، بۆ سەر ئەم شاخەو لەوێش چونی بۆ ئاسمان لە ‏ئیسراو میعراج هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شاخەکە چەقی زەوی‌و نزیکترین خاڵە لە ئاسمان، ‏بۆیە گوایە پێغەمبەری موسڵمانان هاتۆتە ئەم شاخەو لەوێشەوە چوە بۆ لای خوا. ‏

    کاتێک خاچپەرستەکان دێن، مزگەوتی ئەلئەقسا دەکەن بە تەویلەی وڵاغان‌و کڵێسا کۆنەکە هەر ‏لەسەر شاخەکە دروستدەکەنەوە. کە سەلاحەدینی ئەیوبی خاچپەرستەکان دەردەکات‌ لە قودس‌، ‏مزگەوتی ئەلئەقسا لەسەر کڵیسا کاوڵبوەکە نۆژەن دەکاتەوە. ‏

    لەم هینەو بەردەدا جولەکەکان لە هەموان زیاتر زەرەرمەند بون چونکە ئەوەی ڕوخاوەو ‏تێکدراوەو دروستکراوەتەوە لەسەر ئەو شاخە دروستکراوە کە جولەکەکان یەکمجارو یەکەم ‏پرستگای دینی خۆیان لەسەر بنیادنابو. ئێستا پەرسگاکە کەوتۆتە بنی بنەوە بەتایبەتی دوای ‏ئەوەی کە موسڵمانان قوبەتولسەخرەیان لەسەر دروست کرد. لەو نێوەدا جولەکەکان لە ‏هەموان زیاتر، لە سەردەمی نەبوخوزنەسەر تا وەعدی بەلەفۆر، بێدەسەڵاترو ‏دەربەدەرکراوتر بون.

    لەمانەش گرنگتر، ئەو هەمو شەڕو ماڵوێرانیە لەسەر خاک‌و شاخ‌و پەرستگاکەی جولەکەکان ‏بوە مایەی ئاوارەیی هەزاران هەزار جولەکە بەسەرتاسەری دنیادا. لە ئاوارەییدا، بەگشتی ‏جولەکان لەلایەن موسڵمانەکان باشتر داڵدەدراون لەوەی کە کرستیانەکان لە ڕۆژئاوا مامەڵەیان لەگەڵ ‏کردون. ‏

    لە سەدەکانی ناوەڕاست لە تەواوی ئەوڕوپا بەتایبەتی لە ئیسپانیا بەشێکی زۆر لە جولەکەکان ‏بە زۆروزۆرداری کران بە کریستیان، بۆیە ژمارەیەکی زۆریان ڕویان لە دنیای موسڵمانان ‏کردەوە بەتایبەتی لەوەی ئێستا پێیدەگوترێت فەلەستین‌و مەغریب. لە سەدەی بیستیش لەلایەن ‏نازییەکانەوە نزیکە شەش ملیۆنیان لێ جینۆساید کرا. بەڵام پێش جینۆسایدکردنیان ‏جولەکەکان لە شاری بازل، لە سویسرا، کۆنفرانسێک دەبەستن‌و بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتێک ‏بۆ خۆیان دەدەن لە نیشتیمانی ئەژدادو ئابائیان. ‏
  2. هەوڵەکانی جولەکەکان بە سەرۆکایەتی هێرتزل وەعدی بەلفۆری لە ١٩١٧ دا لێ شین دەبێت، ‏کە بریتانیای مەزن بڕیاردەدات پشتیوانی جولەکەکان بکات لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆیان. ‏جینۆسایدەکەی نازییەکان وایکرد کە کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی پشتیوانی لە بیرۆکەکەی ‏جولەکەکان لە گەڕانەوەیان بۆ ئیسرائیل‌و دروستکردنی دەوڵەتێک بکات. ‏

    لەگەڵ هاتنی بەریتانیا بۆ ناوچەکەو دەرپەڕاندنی عوسمانییەکان، ئیدی جولەکەیەکی زۆر ‏لەسەر داوای سەرکردەکانیان گەڕانەوە بۆ ئیسرائیل، هەم هێزی سەربازیان بنیاتنا هەم خاک‌و ‏زەویان لە عەرەبەکان کڕی. لەوانەش گرنگتر لە کارە دیبلۆماسییەکانیان بەردەوام بون.‏

    کاتێک بەریتانیا لە ١٩٤٧ بڕیاری کشانەوە دەدات لە فەلەستین، ئیدی پرسەکە ڕادەستی نەتەوە ‏یەکگرتوەکان دەکات. نەتەوە یەکگرتوەکان بڕیاری دابەشکردنی فەلەستین لە ١٩٤٨ دەدات. ‏نزیکەی نیوەی خاکی فەلەستین درا بە عەرەب‌و لە نیوی کەمێک زیاتر درا بە جولەکەکان، ‏بەڵام زیاتر بیابان بو ئەوەی بەر جولەکەکان کەوتبو. فەلەستینیەکان پێشنیارەکەیان ‏قەبوڵنەکردو جولەکە قەبوڵیان کرد. لەم نێوەدا عەرەبەکان شەڕیان بە جولەکەکان فرۆشت‌و ‏جولەکەکانیش لەبەر ئەوەی باشتر خۆیان بۆ شەڕ ئامادەکردبو ئیدی خاکێکی زۆریان لە فەلەستینیەکان داگیرو زەوتکردو بە ‏ملیۆنانیان لێ ئاوارەکردن. لەوکاتەوە، واتە لە ١٩٤٨، ئەوەی وەک پرسی جولەکە ناسرابو ‏ئیدی بو بە پرسی فەلەستینییەکان.‏

    لە بەشی داهاتو، قسە لەسەر پرسی فەلەستینیەکان دەکەم لە ١٩٤٨ ـەوە تا ئێستا. لە بەشی ‏سێیەمیش قسە لەسەر دوا پێشهاتەی شەڕی حەماس‌و ئیسرائیل دەکەم.‏

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP