دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان و فەلەستین لە کارنامەی نێودەوڵەتیدا

‌ساڵح میراودەلی

12/05/2021

فەلەستینیەکان، دوای شەست و پێنج ساڵ لە شەڕ و کوشتار و ئاوارەیی، لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نزیک دەبنەوە. دوای ئەو ماوە دورو درێژە، تازە لەوە تێگەیشتون هەڵەیەکی گەورەی مێژوییان کردوە، کە ساڵی ١٩٤٧ بە پڕۆژەکەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕازینەبون بۆ دامەزراندنی هەر دو دەوڵەتی ئیسرائیلی و فەلەستینی.

لە ٢٩-١١-١٩٤٧دا، ڕيَکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی مامناوەندی، دوای ئەوەی هێزە بەریتانیەکان خاکی فەلەستین بەجێدەهێڵن، پڕۆژەی هەردو دەوڵەتی فەلەستین و ئیسڕائیلی داڕشت، کە لە ٤٣% ی خاکی فەلەستین بەر دەوڵەتی فەلەستین و ئەوەی تریشی بەر ئیسرائیل دەکەوت. بەڵام عەرەبەکان بە گشتی، هەر زو دژی ئەو پڕۆژەیە وەستانەوە، ئیسرائیلیش دوای رۆیشتنی هێزەکانی بەریتانیا، دەوڵەتی سەربەخۆی لە مانگی ٥ی ساڵی ١٩٤٨دا ڕاگەیاند. لەوکاتەوە تاکو ئێستا، نائارامترین شوێنی ناوچەکە بوە، لە ئێستاشدا فەلەستینیەکان تەنها ١٨% ی خاکی فەلەستینیان لە دەستدایە.

هەر لە ٢٩-١١- ئەمساڵدا، ڕێکخراوی گستی نەتەوە یەکگرتوەکان، بە زۆرینەی دەنگ، فەلەستینیان بە چاودێر لەو ڕێکخراوە وەرگرت. ئەگەرچی پێش ئەو دەنگدانەش چەند وڵاتێک، دانیان بە فەلەستیندا ناوە، وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵام ئەو دانپێدانانە نێودەوڵەتیە بەکۆی زۆرینەی دەنگ، فەلەستینیەکان بە دەستکەوتیکی مەزنی دەزانن. لەکاتی گەڕانەوەشیدا بۆ فەلەستین، عەباس، وەکو پاڵەوان لەلایەن خەڵکەوە پێشوازی لێکرا.
 گریمان فەلەستین بوە ئەندامی هەمیشەیی ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش و دەوڵەتی سەربەخۆشی دامەزراند، لەو جوگرافیایەی ئێستایدا، بە بەراورد لەگەڵ پڕۆژەکەی ساڵی ١٩٤٧ زیاتر لەنیوەی ئەو خاکەشیان لە دەستداوە، بۆیە ڕێی تێناچێت ئەوە چارەسەری کێشەکانیان بکات. لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە زلهێزەکان بە مەرجی گەڕانەوەی فەلەستینیەکان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، پشتگیری فەلەستینیان کردوە بۆ بونە چاودێر لە ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، مەبەست لەو دانوستانەیە، کە لەژێر چاودێری کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچون و لە ساڵی ٢٠١٠ ەشةوە پرۆسەکە وەستاوە.

لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەریکی شیبونەوەیەکی ڕامیاریيە، جوگرافیا و فەرمانڕەواکانی ناوچەکە گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەپێی ڕوداو و پێشهاتەکانیش، جێگیربونەوەی دۆخی ناوچەکە کاتی زۆری پێویستە، یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە ئەمریکاو رۆژئاوا، گەرەکیانە لەو ئان و ساتەدا، دەست و دەمی هەندێ ڕیکخراو و وڵاتی عەرەبی و ناوچەکەی پێ بگرن. تاوەکو نەبنە لەمپەری بەردەم بەرژەوەندیەکانیان لە گؤرِانکاریەکاندا و کارنامە تازەکەیان لە ناوچەکەدا وەک خۆی جێبەجێبکەن، بۆیە کێشەی فەلەستینیان لەوکاتە هەستیارەدا، هێناوەتەوە نێو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، چونکە دەزانن، پرسی فەلەستین و فەلەستینیەکان، کاریگەریەکی سایکۆلۆژی لەسەر تاک و گروپ پارت و ڕێکخراو و فەرمانڕەوا عەرەب و ئیسلامیەکان بە گشتی هەیە.

کورد، له‌ دوای په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ری فه‌ڕه‌نسا له‌ ساڵی 1920، بڕیاری 688 ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێو ده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان که‌ له‌ 5 ی نیسانی 1991دا ده‌رچوه‌، تاکه‌ بڕیاری گرنگه‌ له‌ مێژوی ڕامیاری کورددا دراوه‌، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی کوردستان. ئه‌ویش به‌ ده‌ستپێشخه‌ری و پشتگیری زۆری حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا، له‌ کۆی پێنج ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، سێ ئه‌ندامیان که‌ بریتی بون له‌ به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا و ئه‌مریکا، بنکه‌یه‌کی سه‌ربازی ئاسمانیان له‌ وڵاتی تورکیا دامه‌زراند، بۆ پاراستنی هه‌رێمی کوردستان، له‌ هێرش و مه‌ترسیه‌کانی ڕژێمی به‌عس که‌ به‌ ناوچه‌ی دژه‌ فڕین ناسرا بو، بەڵام بەداخەوە فەڕەنسا کە خۆی خاوەنی بیرۆکەی پرۆژەی برِیارەکە بو، لە ساڵی 1996 دا کشایەوە، بەهۆی بانگهێشتی سوپای عيَراق بۆ شاری هەولێر، لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان. دوای ئەوەش برِیاری ژمارە ٩٨٦ی رێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، کە بە بریاری نەوت بەرامبەر بە خۆراک ناسرابو، هەرچەندە ئەو بریارە تایبەت بەحکومەتی ئێراق دەرکرابو، بەڵام گرنگیەکەی بۆ کورد ئەوە بو، کە ڕاستەوخۆ ڕێکخراوەکە بەشەکەی کوردستانی دەدایە فەرمانرِەوایانی هەرێم نەک حکومەتی عێراق، ئەوەش جۆرێک بو لە دانپێدانانی ناڕاستەوخۆ بەو هەرێمە ئازاد کراوە.
 فەرمانڕەوایانی هەرێم، لەماوەی ساڵانی پێش ڕوخانی ڕژێمی بەعسدا، نەیانتوانی وەک پێویست لە گرنگی ئەو دو بریارە تێبگەن و بیانکەنە بنچینەیەک بۆ کرانەوە بەڕوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەهۆی قوڵکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکان و بەربەرەکانی یەکتری زیاتر لە بازنەی هەرێمایەتیدا خولانەوە و لەژێر کاریگەری دەوڵەتانی دراوسێدا فەرمانڕەواییان کردوە.

قۆناغی دوای ڕوخانی ڕژیمی بەعس، هەرێمی کوردستانی زیاتر بەروی جیهانی دەرەوەدا کردۆتەوە، ئەویش بەهۆی بونی چەندین کونسوڵگەری و ڕێکخراو و کۆمپانیای بیانی.

هەروەها بونی چەندین نوێنەرایەتی بەناوی حکومەتی هەرێمەوە، لەوڵاتانی دەرەوە، ئەوەی پەیوەستە بە ناوخۆوە، دەبێ حکومەت و دام و دەزگاکانی بەشێوەیەک ڕێکبخرێنەوە ،کە توانا و شێوازی بەڕێوەبردنیان لە ئاستی ڕەزامەندی سەردەم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت، بەجۆرێک ئەو فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنەی هەرێمەکە ببێتە جێگەی سەرنجیان، بەشایانی ئەوەی بزانن، ئەو ئەزمونە دەیهێنێت نمونەکەی بهێنرێتە نێو کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیەوە.

لەسەر ئاستی دەرەوەش، دەبێت نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، لە ڕێگەی خەڵکانی پسپۆر و شارەزاوە، چەند ڕایەڵەیەکی تایبەتمەند دروست بکەن، بۆ نمونە ڕایەڵەیەک لەگەڵ ڕەوەندی کوردی و سودوەرگرتن لە تواناکانیان، ڕایەڵەیەک لەگەڵ ڕێکخراوەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ و جینۆساید، ڕایەڵەی دیبلۆماسی لەگەڵ پارت و رێکخراوە ڕامیاریەکان، ڕایەڵەی کاری پەیوەندی و هاوکاری دبلۆماسی لەگەڵ حکومەت و وەزارەت و کەسایەتیە ڕامیاریەکان، لەو وڵاتانەی کە نوێنەرایەتیەکانی تێدایە. هەمو ئەوانە دەکرێت لەسەر بنچینەی ستراتیژێکی نیشتیمانی ڕێکبخرێن و لەوێوە هەنگاو بنرێت بۆ ناساندنی پرسی کورد و بەدەستهێنانی پشتگیری نێو دەوڵەتی.

لە ئێستادا نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە، کاری سەرەکیان ڕایی کردنی کاروباری هاوڵاتیانی کوردە، کە پەیوەستن بە کاری فەرمانگەکانی ناوەوەی وڵات، کارێکی تری سەرەکیان، کاری بازرگانی و کۆمپانیاکانە، هەرچەندە ئەوانە بەشێکی ئەرکەکانی ئەو نوێنەرایەتیانەن، بەڵام ناکرێت کارنامەی نوێنەرایەتیەکان، هەر بەو میکانیزمە برِوات و دو پارتی فەرمانڕەوا چاویان پێدا نەخشێننەوە و وەک پێویست سودیان لێوەرنەگیرێت، بۆ بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیی و کرانەوە بەڕوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP