دواین هەواڵ

باڵانسی هێز لەناو کوردەواریی دا

‌بەهرۆز جەعفەر

06/05/2021

لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کە دەوڵەتی (ئەلف) ئەیەوێت ئەکتێک بکات یان پرۆژەیەک بخاتە ڕوو، پێش هەموو شتێک لێکدانەوە بۆ کاردانەوەی دەوڵەتی (باء) و (جیم) و ئەوانی تر ئەکات. چونکە خۆی فەلسەفەی پاراستنی باڵانسی هێز-Balance of Power بریتییە لە پاراستنی سەقامگیریی و تێک نەچوونی دۆخی مەشهەد یان گۆڕەپانە نێودەوڵەتییەکە.

چونکە ماڵی کوردەواریی تێکچووە لە هەموو ڕوویەکەوە، لە هەموو ئاستێکدا پەرتەوازەو پڕ کینەیە، ئێستا ئەگەر تۆ نمونە؛ پرۆژەیەکت هەبێت کورد لەسەر زەوی هەڵبگری بیبەیت بۆ سەر مانگ!. ئەبێت پێش ئەمریکاو ئەوروپاو وڵاتانی ناوچەکەو عێراق، مامۆستاو بەڕێوەبەر، جوتیارو خاوەن زەوی، هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ ناکۆکن، پاراستن و زانیاری وا ئەزانن ئەمە موئامەرەیە بۆ سەر یەکێکیان، هێزە ئیسلامییەکان لەناوخۆیانداو لەگەڵ ئەوانی تریشدا ناکۆکن، پارتی و یەکێتی بەلایەک، ئینجا لە ناو پارتی و یەکێتی هەریەکەو باڵێکە ئەبێت قەناعەتیان پێ بکەیت و باڵانسەکە بپارێزیت.

ئەبێت ئامادەکاری بکەیت پەکەکە دەستوەرنەدات بۆ ئەوەی تورکیاش بەدوایدا نەیەت، ئینجا کۆمپانیاکانی سەر بە حیزب و ئەوانەی دەرەوەی حیزب هەمیشە قسەی خۆیان هەیە. داواکاریی گشتی و دادوەرەکان ململانێکەیان تا ئەوپەڕی قووڵە چونکە کورسی و مێزەکەی دادوەر گەورەترە لەوەی داواکاری گشتی!. ئەم هەموو باڵانسە چۆن ڕائەگیرێت؟. کێ هەیە بتوانێت ئەم هەمووە کۆ بکاتەوە؟.

ئەوەندەی هەرێمێکی وەک کوردستان کە چوار بۆ پێنج ملیۆنێکە لە ئەڵمانیا قائیمقامێک ئەیبا بە ڕێوە، ئەم هەموو سەنگەر لە یەک گرتنەو بە گومان سەیری یەک کردنە کێ باجەکەی ئەدات؟!.. ئینجا، ها ئەمە هەر ئەمڕۆ نییە، دوێنی کوردەواریش وابوە، لە لادێیەکدا لایەنی کەم سێ تایەفە هەبوە، لە عەشیرەتەکەدا دە بەرە برا هەبون. لەناو شۆڕش دا“ هەڵڵا هەبوە نەک شۆڕش!. چونکە هیچ بیروباوەڕێکی زانستی یان ئایدۆلۆجیایەکی پاڵپێوەنەر نەبوە”. هەروابوە، باڵی مەکتەبی سیاسیی و باڵی بارزانی هەبون، لەناو باڵی مەکتەبی سیاسیی دا دوو بەرە بون، دوایی کۆمەڵەی مارکسی لینینی دائەمەزرێت لە بەغدا، بزوتنەوەی سۆشیالیست لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئینجا کۆمیتەی هەرێمەکان، لەولاوە گروپی زیندان.

ئینجا ئەمانە هەر هەمویان تێک بەرئەبن “ شەڕی هەموان دژی هەموان”، لە نێوان دوو شاخ و دوو دۆڵدا ئەبێت بە شەڕو براکوژیی ڕەشەکوژییان، ئینجا هەر هەموویان یەک ئەگرن لە ژێر ناوی نیمچەبەرەیەک بەناوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دژایەتی بەرەی جودو قیادە موەقەتە ئەکەن. لایەکیان لە ئێرانەوەو لایەکیان لای عێراقەوە مۆتیڤەیت ئەکرێت!. زیاتر لە (٥٠) حیزبی سیاسی لەهەرێمی کوردستان هەیە “ ٢٢ حیزبی تورکمانیی لە باشوری کوردستان’’ بە هەزاران رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەندیکا هەیە!. نزیکەی ٤٠٠٠ هەزار ڕۆژنامەنووس!.

ووتەبێژی یەکێتی وەبەرهێنان لەهەرێمی کوردستان ئەڵێت “ سەروو دە هەزار ملیۆنێر هەیە لەم هەرێمە!”...لەم دوو گەڕەکەدا “ بەجددیی هەرێمی کوردستان ئەوەندەی دوو گەڕەکی گەورە شارێکی دونیایە”. ژمارەکان نائاسایین، مامەڵەکردن لەگەڵ ناکۆکی و قۆڵبادانەکاندا نائاساییە، ١٢٨ كۆگای فرۆشتنی دەرمان و ٢١٧ كۆمپانیای هاوردەكردنی دەرمان هەن.!. هەموو ئەمانە ناکۆکن، نابێت لەلای کەس باسی ئەویتر بکەیت، چونکە کەس لەگەڵ کەس کۆک نییە. ئەگینا تۆ قوربانیت بێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکت بەو و بەویترەوە هەبێت!. هیچ پێوەرێک نییە، پێوەری سەرەتاو کۆتایی ئەوەیە وەلائی کەسیی و زاتی بۆ یەکێک لەو هەمووە هەبێت!.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP