دواین هەواڵ

ئەو ڕۆژانەی وایانزانی نیشتیمان هی هەمووانە

‌بەهرۆز جەعفەر

03/05/2021

ئیستێکی مێژوویی و سیاسیی بۆ نەوەکانی دوای ڕاپەڕین

بەرواری ١٦/١١/ ٢٠٢٠ برای هێژا کاک هەڤاڵ کوێستانی کتێبەکەی خۆی بەناونیشانی “ ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو” پێشکەش کردووم. بە پێی پۆلێنی خوێندنەوەی کتێبەکان، نۆبەتی هات. دوای شەش ڕۆژ سەراپای ئەم شاکارە (٤٥٩) لاپەڕەییەم تەواو کرد، لە پاڵیشیدا بە نۆتی مۆبایلەکەم ئەو دەستەواژەو ڕووداوانەی بونە جێی باری سەرنجی من تۆمارم کردن؛

ئەمە، وەکو هەریەکە لە قوبادی جەلیزادەو لەتیف هەڵمەت پێشەکییان بۆ نوسیووە، نازانیت کە؛ ڕۆمانە، تراژیدیایە، کۆمەڵێ تێکستی دوابەدوای یەکە کە بدرێت بە کۆمپانیایەکی بواری فیلم و ئیشی لەسەر بکات. هەندێکجاریش هەست ئەکەیت خەزێنەیەکە لە بەکارهێنانی ووشەو دەستەواژەی کوردیی وەها، کە لە ئانی لەناوچونی زمانی کوردییدا نەوەکانی ئایندە کنەی تیا بکەن لە بواری زمان دا. ڕاستییەکەی بۆ من ئەوانە بەسوود بون، بەڵام لەباری سیاسییەوە، کۆمەڵێ ڕووداوی تیا هەن، پێویستی بە ووردکردنەوەو، ڕاشکاویی زیاتر و سەلماندنی زانستیانەی زیاترە؛

شۆڕش یان سەگوەڕ!.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سوریا دامەزراوە، بزوتنەوەی سۆشیالیستی کە ئەبێتە باڵێکی یەکێتی لە بەغدا دامەزراوە، کۆمەڵەی مارکسی لینینی و کۆمیتەی هەرێمەکان دوو ئاڕاستەی جیان لە کوردستان. گروپێکی دیکەش بەناوی گروپی زیندان هەن، ئەمە هەمووی لە نێوان چوار بۆ پێنج دەڤەری بچوکی کوردستاندا ئەوەندە هەن. ئینجا حسک و شیوعی و پاسۆک و قیادە موەقەتەش دەست ئەکەن بە پیلانگێران لە دژی ئەوانی تر.

هەرکەسێک، تازە فێری خوێندنەوەش بوو بێت، بەرخوردی ئەوە لەگەڵ خۆی ئەکات، کە لەو کاتەوە تا ئەم چرکەیە، هەموو ئەو ناڕەزایەتی و ناکۆکی و جیابونەوانەی لە ناو یەکێتی دا ڕوویداوە، هیچیان بنەمای فیکریی و سیاسییان نەبوە، بۆ بەرژەوەندیی گەل و شۆڕش نەبون، بەڵکو ململانێی شەخسی و هۆکاری خودی بونە. هەروەها هەموو کاتێک “یان زۆربەی جارەکان” ئەو فەرماندەو سەرکردایەتی و کادرە سیاسیی و ئیعلامییانەی هانی جیابونەوەیان داوە، کە کاتی بریاری جدیی و جیابونەوەدا پاڵپشتی بەرە جیابوەوەکە ناکەن.

ئەو ڕاشکاویی و سەلماندنەی باسم کرد، ئەوەیە تاهەنووکەش هەست بەو ڕاستییە تاڵە ناکەین، یان جورئەتی ووتنی ناکەین، یان لە نەبونی ستراتیجێکی نیشتیمانیی هەر لایەک شەرعیەت بەوە ئەدات کە ئەیکات، ئەوەش ئەمەیە، کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە بەشێک بوین لە خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی دژی ستەمکاریی داگیرکەران، یان مورتەزەقە بوین و ئێران پارەو چەکی پێداوین دژی عێراق، عێراق پارەو چەکی پێداوین دژی ئێران، تورکیا پێی داوین، ئەمریکاش لە دوای جەنگی ساردەوە لەم ناوچەیە بە پارەو چەک وەک کرێگرتە کردونی بەپاسەوانی بەرژەوەندییەکانی خۆی!؟. کتێبەکەی کاک هەڤاڵ لێرەدا کەموکورتییەکی زانستی هەیە کە نەیتوانیوە بەدەم چنینی ئەم تەونەوە، جارجارە بەراوردکاریی بکات و خۆی بکاتە {دیراسەیەکی موقارن- Comparative Study} بە شۆڕش و جوڵانەوە پڕماناکانی گەلانی دونیا، مەسەلەن، سیستەمی ئەپارتاید لە باشوری ئەفریکا هەر لەساڵی 1948 ەوە هەتا ساڵی 1993 هەوڵی ئەدا چوارچێوەیەکی یاسایی دروست بکات بۆ پاراستنی کەمینەیەکی سپی پێست بە مەرامی ئابوریی و سیاسی، کە پەیوەندییان بە ئەوروپاوە هەبێت.!.

یاخود شۆڕشی ئینگلیزەکان لەدوای ١٦٨٨، شۆڕشی ئەمریکییەکان لە نێوان ١٧٥٦ تا ١٧٨٣ و نوسینەوەی دەستور. پیایدا بێتە خوار تا شۆڕشی بەلشەفیک و تا ئەگاتە ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەلەستینی. بەراوردکاریی بکات. مەسەلەن شۆڕش لە فەڕەنسا ١٧٧٩ بەرئەنجامی فیکریی قووڵ بو، بۆیە بە شۆڕشی قووڵ ئەناسێنرێت لە خوارەوە بۆ سەرەوە. شۆڕش لە تورکیا بەهاتنی ئەتاتۆرک (وڵاتەکەی لە قۆناخێکەوە گواستەوە قۆناخێکی تر) لە سەری سەرەوە گۆڕانکاریی کرا بۆ خواری خوارەوەو سەپێندرا. شۆڕش لە کوێی دونیادا وەک ئەمەی کوردستان بوە!؟ بێ گومان ئێمە لە هیچ کوێی ئەمانەدا نیین!. تەنانەت وەکو ڕێکخراوی قاعیدەو بزوتنەوەی تاڵیبانیش نیین کە بەمدواییە ئەمریکایان ناچارکرد لەگەڵیان دابنیشن.

نوسەر لە لاپەڕە ١١٢ دا ئەنوسێت: لە ئایاری ١٩٧٥ دا لە بەغدا بزوتنەوە لە لایەن عەلی عەسکەری، ساڵەح یوسفی، کاردۆ گەڵاڵی، ڕەسوڵ مامەند، عەلی هەژار و مەلا ناسیح» ەوە دامەزرا، چەند هەفتەیەک دواتر دکتۆر خالید و سەعدی گچکەو عومەر دەبابەش بون بە ئەندامی سەرکردایەتی”. زۆر سادەیی مافی خۆمانە بپرسین؛ مەگەر هەموو ئەم بزوتنەوە کوردییانە بۆ ڕاماڵینی حکومەتی بەعس و شەڕ دژی دیکتاتۆریەتی سەدام دروست نەبون؟!. ئەی ئەوە چۆنیە کە لە ناوجەرگەی حکومەتداو لە بەغدا باڵ و بزوتنەوەیەکی سیاسیی دروست ئەبێت!؟.

لە کوردەوارییدا، پەندێک هەیە کە جاخی جاران کوڕی شاریان بردووە بۆ لادێ بۆ ڕاوە ژیژک. بۆ ئەوەی بەو شەوە ژیژک لە کون بێتە دەرو بیگرین، ئەبێت یەکێک بەردەوام تەنەگە لێ بدات، کوڕی شار تەنەگە لێ ئەدات و، کوڕانی گوندیش پێی ڕائەبێرن، ئەچنەوە بۆ ماڵ تا بەیانی ئەنون.!.

سیاسەتیش وایە، ئەگەر وریا نەبیت و ڕێساکانی یارییەکە نەزانیت، تەنەگەت پێ لێ ئەدەن. ئەوەتا ئەگەرچی کتێبەکەی کاک هەڤاڵ بەو ئاڕاستەیە دانی پیادا نانێت، ئەمانە لەوسەرەوە زۆربەیان گرێدراوی حکومەتی عێراق و ئێران بونە. دوای ئەوەی خوالێخۆشبو مام جەلال بۆ مفاوەزات ئەچێتە بەغدا، لەملاوە ئەو پێشمەرگانەی داڵان بە داڵان شەڕی حکومەت ئەکەن، ئەفسەری عەرەبی هەواڵگریی بەسەیارەی سەربازیییەوە ئیسکۆرت {پاسەوان}یان دەکەن،

لە چوارقوڕنە خەڵکەکە تامەزرۆی بیستنی هەواڵی مفاوەزاتن و کۆدەبنەوەو، (پاسەوانیانن) ل٣٣٦، لەلاپەرە ٢٣٨ دا ئەڵێت، مام جەلال تەلەفۆنی کردو پێی وتم : بەیانی ئەم کاتە تۆ و یوسف ( یوسف زۆزانی) ئەگەنە لای من...ئاخر چۆن بەو ماوە کەمە دەگەینە لای تۆ ؟. “ پێشوتر بە پێ ئەو ڕێگەیان بە دوو ڕۆژ بڕیوە”. مام جەلال وتی “ بچنە سەربازگەی شەدەڵە، لەوێ هەموو شت تەرتیب کراوە”. لە لاپەرە ٣٤٢ ئەڵێت، عەقید ئیحسان ئەلدێری دوای خزمەتێکی زۆر و نان خواردن بە ڕێزەوە ڕەوانەی کردین و وتویەتی “ من و بەڕێز عەبد کە بەرپرسی هەواڵگری سەربازی سلێمانییە هاتوینەتە ئێرە بۆ سەربازگەکە، مام جەلال رای سپاردوین کە ئێوە بە سەلامەتی بگەنە لای ئەو”.

دیمەنێکی تر، بۆ تۆخکردنەوەی ئەم ڕاستییە، ئەوەیە کە ساڵی (١٩٨٢) قسە لەسەر پێدانی (٥٠٠٠٠٠) پێنج سەت هەزار دینار و چەک ئەکرێت بە یەکێتی لەلایەن عێراقەوە “ بێ ئەوەی سەرکردایەتی و پێشمەرگە قارەمانەکان بەم ڕاستییە بزانن”، بۆئەوەی لە سەرەتای شەڕی ئێران- عێراقدا یەکێتی لەگەڵ پێشمەرگەکانی دیموکراتی ئێران دژی پاسداران بجەنگن. لەملاشەوە سەدان حەماسەت و وتاری ئاگرین بۆ پڕکردنەوەو ئامادەکردنی پێشمەرگە ئەدرێت و ئەنوسرێت، تا ئەم کارەیان پێ بکەن.

فەرەیدون عەبدولقادرو نەوشیروان مستەفا وتار ئەنوسن بەناونیشانی «مەسەلەی کورد یەک مەسەلەیە، یان چەند مەسەلەیەک؟». گوایە بۆ پاڵپشتی کوردەکانی ئێران حیزب ئەجەنگێت و، کورد هەر کوردەو... تادوایی. ئینجا لەودیویشەوە قیادە موەقەتە و دواتریش بەرەی جود بە پاڵپشتی ئێران دژی ئەمان هەمان شت ئەکەن...
سەیری بکەن!. لە لاپەڕە ( ١٠٥ ) نوسەر، باسی ئەوە ئەکات باسی دروستکردنی پەیوەندییەکی زۆر نهێنی مام جەلال و کەسێکی تر ئەکات لەگەڵ ووڵاتی چین و سەرۆک ماو، بۆ ئەوەش داوا ئەکەن سەردانێکی چین ڕێک بخرێت و ڤیزایان بۆ وەربگرن.

داوایان لێ ئەکەن ئەم کارە زۆر نهێنی بێت و حکومەتی عێراق نەزانێت، چونکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین تێک ئەچێت، کاتێک ئەچن بۆ وەرگرتنی ڤیزای حکومەتی چین!؟. سەفارەت پێیان ئەڵێت، ئێوە بەکەڵکی پاراستنی نهێنی نایەن، چونکە کەسێک بەناوی “ف..” هاتوە وتویەتی ناوی منیش بنوسن و ڤیزایەک بدەن بەمنیش...ئێوە ئەگەر پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەت لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە نەبووە، چۆن لەگەرمەی شەڕو شۆڕش دا ئەچن بۆ بەغداو بۆ ڤیزا وەرگرتن؟. لە کوێوە ئەفڕن؟. چۆن ئەم نهێنییە ئاشکرا بو لە ناو هاوڕێکانتاندا؟!.
ئەمە چۆن دوژمنێکە ئێوە لەبەردەم سمێڵی دا هەڵپەڕکێتان کردووە!...
پێمان ناڵێن، ئێوە لە شاخ بون چیتان ئەویست!.

ئەو کاتەی کۆمەڵەیان دامەزراند لە ١٠/٦/١٩٧٠ لە دەستورێکی ١٦ لاپەڕەییدا ٣٢ جار ناوی ماوتیستۆنگ هات!.لاپەڕە ١٠٤. ماوتیستۆنگ و لینیزم لە کاتێکدا بونە فەلسەفەو بەرباس و بیری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، گوریسێکی مابو خۆری ماویزم و لینینیزم لەسەر کەل ئاوا بێت.. “ماو “ هەنگاوی بەرەو دیکتاتۆرییەت هەڵگرت و تێزەکانیشی بۆ چینایەتی، بۆ خەباتی هاوبەشی گەلان بەرەو ئاوەژووبونەوە ئەچوون. یان باسی تێزی سێ جیهان، گوایە جیهان لای ئەم برادەرانەی شاخ کراوەتە سێ بەشەوە!.

کە ئەمە تێزە فیکرییەکانی شۆڕش بوبێت، ئەوە حاڵی پەرتەوازەیی بەرەکانی شۆڕش بوبێت، ئەوەش بنەمای شۆڕشەکە بوبێت کە خۆی بە پارەو چپەچپی دەرفەتی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە بەڕێوە چووبێت!. جگە لە ڕاستییەک هیچی دیکە سەر دەرناهێنێت، کە دەست پێکردنی شۆڕشی ئەیلول دژی حکومەتەکەی عەبدولکەریم قاسم لە بەرئەنجامی کینەو بوغزی شەخسیی ڕابەرانی شۆڕشەوە بووە، ترازان لە شۆڕش و جیابونەوە لە ١٩٦٤ و کارەساتەکانی کە خۆی لە بەکوشتدانی سەدان هەزار مناڵی کورددا ئەبینێتەوە لە شەڕە ناوخۆکاندا، هیچ پەیوەندی بە ململانێی فیکری و هێڵی جیاواز بۆ خزمەتکردنی کوردستان نەبوە، بەڵکو کێشەی دەروونی و شەخسی بونە.
دواتریش، کێشەی نێوان کۆمیتەی هەرێمەکان و کۆمەڵە، تەنانەت کێشەی نێوان جاشەکان و مەفرەزەکانیان لەگەڵ پێشمەرگە هەر لەداخی یەکتر بوە.

لەمدواییەش دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی (٢٠٠٩) جگە لە حەزی شکاندن و تەخوین و کێشەی نەوشیروان موستەفا لەگەڵ مام جەلال و یەکێتی هیچ هۆیەکی تر نەبوە بۆ دروستکردنی ئەو بزوتنەوەیە، ئەوەتا یەک یەک لە بۆتەی پارتی و یەکێتی دا ئەتوێنەوە، دوای ئەو هەموو “هەڵڵا”یە.

پێش ئەوەی ئەم کتێبەی کاک هەڤاڵ کوێستانی بخوێنمەوە، لەم ماوەیە، دەستنوسی نامە شاراوەکانی «لینین» م بۆ کۆنگرەی حیزب دەستکەوت. ئەم نامانە سەبارەتن بە دیرۆکە بەناوبانگەکە، کە بە تیۆری «شۆڕشی بەردەوام» ناسراوە. کە ویستی لینین بوە بۆ ئەوەی شۆڕشی سۆشیالیستی بچێتە دەرەوەی سنورەکانی سۆڤیەت. کاتێک ترۆتسکی جەختى لەوە ئەکردەوە، کە نامەو ڕاسپاردەی ڤلادیمێر لینینی لەلایەو، دژی بیروڕا خۆپەرستی و بیرۆکراتیە – حیزبیەکانی ستالین بویەوە. ساڵی ( 1940 ) بەدوای ترۆتسکی کەوتن لەسەر ئەم بانگەشەیە لە مەکسیکۆ تیرۆریان کرد.

ئەمە بۆیە کاتێک شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ساڵی ( 1917 ) کرا بۆ خۆشگوزەرانی و بۆ بەدیهێنانی خواستی ڕەشوڕووت لە جیهانی سۆڤێتی دا، دەرئەنجامی شۆڕشەکە ئەوەبو دوای شۆڕش دۆخەکە ناشیرینتر بو. بە کیلۆمەتر چینەکانی خوارەوە بۆ سەمونێک ڕیزیان ئەبەست، بەڵام بەرپرسە شیوعیەکان و پیاوانی دەستەڵاتخوازیی سۆشیالیستی بە گادیلاک و ژیانێکی شاهانەوە ئەهاتن و ئەچوون…

یەکێتی نیمچە بەرەیە نەک حیزب

سوارە یەکێک لە ئامر کەرتەکانی سوشیالیست بوو، هاتبوونەوە ناو یەکێتی، کادرێک لە ناو مزگەوتەکەی سەرگەڵوو کۆبونەوەیان پێ دەکات، ئەڵێت «یەکێتی حیزب نییە نیمچە بەرەیە» سوارە، تووڕە ئەبێت و ئەڵێت ئەوە بە ڕاستە یەکێتی حیزب نییە!؟. سۆشیالیست بەو پەرپوتیەی خۆیەوە حیزب بێت، یەکێتی حیزب نییە...!. بەو قسەیەی تۆ بێت یەکێتی هیچ نییەو توڕەهاتە. لاپەڕە ٣٩٧- ٣٩٨.

فەحس کردنی ئەو ووتەیە، ئەوە دەرئەخات کە تا ئەمڕۆکەش (ی،ن،ک) هەر نیمچە بەرەیە، هەر هێزێکی بێ دیدو تێڕوانینە، حەزو ململانێی کەسیی و پیاوپیاوێنە بەڕێوەی ئەبات. بۆ هەرکەسێکیش لە دەوروبەری ئەمانە یان لە وەسەتی ئەماندا بێت، ئەوە قەدەری بیر کردنەوەی کۆمەڵی کوردیی وایە وەکو کاک هەڤاڵ نوسیویەتی:
لای ئێمە تۆ خۆت نییت... تۆ ئەوە نیت کە خۆت دەیزانی و هەیت...تۆ ئەوەیت کە ئەوانی تر لە بیر و خەیاڵی خۆیانەوە وێنەیان لێ کێشاویت. لاپەڕە ٤٠٩.

مەلا بەختیار و ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکانی

بەلای حوکمی مێژووەوە، مەلا بەختیار دیاردەیەکە هیچ مێژوونوسێک، یان خوێنەرێکی ئەو ماوەیەی دوای ساڵی (١٩٧٥) بەدواوە ناتوانێت خۆی لێ ببوێرێت. لە خانەقینەوە هاتوە، شاخ بە شاخ و هەردە بە هەردەی کوردستانی پێواوە. ئەم وەک ئەوانی تر لە سوریاو ئێران و بەغداد و نەمساو لەندەنەوە نەهاتەوە بۆ ناو شۆڕش. تەمەنی لە زۆربەی ئەوانی تر بچوکتر یان لە ئاستی ئەوانیتردایە. لە گەرمەی جەبەرووتی پیاوانی شۆڕشدا، مفاوەزات ئەکرێت یان ناکرێت، کۆمەڵە کۆنفرانس ئەکات یان ناکات، وریا نامە نهێنییەکان ئەداتەوە بە نەوشیروان موستەفا ئەکوژرێت، نایداتەوە تولە مارێکە لە گیرفانی نەوشیروان و ئەوانی تردا نازانن کەی پێیانەوە ئەدا..!. ئازادی دەستەبەر ئەبێت لەناو یەکێتی دا یان نە!. دۆخێکی دروستکردوە، مام جەلال و نەوشیروان و تەواوی شۆڕشەکە ئەڵێن:
ببە بە جاش...مەبە بە ئاش. ل٤٢١.

بەو ئەزمونەی لەناو یەکێتی دا، دە ساڵێکم لە (٢٠٠١ بۆ ٢٠١١) بەسەر برد، بەلای کاک فڵانی یەکێتییەوە زۆر باشترە هەر حیزب و هەر وڵاتێکی تری دونیا بیت، هەر چییەک ئەبیت ببە، تەنها سەر بە کاک فیساری دیکەی ناو یەکێتی مەبە!. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم چەلەحانێیە تاکەی بەردەوام ئەبێت!.

بەپێی خوێندنەوەی ئەم کتێبە “ ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو”. وە بە پێی ئەزمونەکانی دوای ڕاپەڕین، سێ جار دەرفەتی گەورە هاتۆتە بەردەم مەلا بەختیار لە بری قۆستنەوەیان هەڵەی ستراتیجیی کردون؛

یەکەمیان/ کاتێک کاک ئارام شەهید ئەبێت، نە نەوشیروان موستەفا بڕوای بە کۆمەڵەیەو، نە مام جەلالیش ئامادەگی وەهای هەیە لە کوردستان، ئەوانی دیکەش کە کاراکتەری بەهێزو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەن وا لە زیندانن. ئیتر مەلا بەختیار لە بەر کێشەی تەمەن و توانای فیکریی ئەو کاتەی خۆیەتی، یان لەبەر پەیدا نەکردنی ئەزمونی پێویستە، ناتوانێت دەست بەسەر هەموو شتەکاندا بگرێت لەناو شۆڕش و کۆمەڵەدا، هەر نەبێت وەها بکات کە زەخیرەی پێویست بۆ بەهێزبونی خۆی خڕ بکاتەوە.
دووەمیان/ کە لە کۆنفڕانسی یەک دا، ئیتر سەرەتای زەنگی ناکۆکی و ململانێ و ترازان دەست پێ ئەکات.

لە بری هەوڵی خۆی لەگەڵ کادرە عەسکەرییەکان و فەرماندە ئازاکان بخاتە گەڕ، شانەو خانەو گەرای خۆی بخات. دەست ئەکاتەوە بە ئەڵقەی ڕۆشنبیریی و بەیان دەرکردن.!. کاخەز هەرگیز حوکمی چەک و هێزی نەبووە لە مێژوودا. لەو کاتانەدا محەمەدی حاجی مەحمود، بەرئەوە نەیتوانی نەوشیروان موستەفا چەک بکاو زیندانی بکات کە کاخەز و کتێب و ئەڵقەی ڕۆشنبیریی هەیە.

سێهەمیان/ ئەگەرچی تا ئەندازەیەکی زۆر لە دوای ڕاپەڕینی -١٩٩١ ەوە، مەلا بەختیار توانی بە گفتوگۆ کتێب و وەشاندنەکانی قورسایی نەیارەکانی بخاتە ژێر پرسیارەوەو بۆ درێژ خایەن تێزەکانی و بەرگریی لە خۆ کردنەکانی داڵدەی بدەن. بەڵام دیسان هەمان هەڵەی ستراتیجی پێشووتر دووبارە ئەکاتەوە. ئەوەتا ساڵی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ مام جەلال کۆچی دوایی کردووە، نەوشیروان موستەفا لە ژیاندس نەماوەو بزوتنەوەو ڕێبازەکەشی بون بە گاڵتەجاڕی هەموو کەسێک. بەرهەم ساڵەح تا ئەوپەڕی خۆی بێ ئەرزش کردوەو تاهەتایە لە ئەدەبیاتی سیاسیی دا بە “ بێ حورمەت” ناوی دێت. کاک کۆسرەت ناساخەو تەندروستی ڕێگەی نادات. ئەی مەلابەختیار تۆ لەکوێی؟. لەبری خۆ- گەرمکردن و تاودانی زیاتر و، دانانی چوار مودیر عام و چوار بەرپرسی ئەمنی و سەربازیی لە دەوروبەری خۆی و دابەشکردنی ڕۆڵەکان بەسەریاندا، لە ماڵەوە دانیشتوەو، ناچێتەوە مەکتەبی سیاسیی!.

یان جارناجارێک وتارێک پڕ بە قوڕگی هاوار ئەکات و داوای بەستنی کۆنگرە ئەکات!. وەک ئەوەی لیستێکی ئامادە کردبێت و قوفڵی مێژووی لە ناو یەکێتی دا پێ بدات!. من ئەوە نزیکەی چواردە ساڵە لەبەر تەحەدداکانی، لەبەر هەڵوێستەکانی، لەبەر ئاستە ڕۆشنبیرییەکەی، لە بەر ئەوەی بە پێی خۆی هاتوەتە پێشەوە، هەمیشە مەلا بەختیارم خۆشویستوە. ئەگەرچی لەدەرەوەی هەموو حیزبە سیاسییەکان دا وەستاوم. ڕەنگە ئەو جورئەتەم نەکردبێت لە بەرئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان وەری نەگرێت (ئیتر ئەمە سایکۆلۆجیەتی هەموومانە). بەڵام زیاتر لە دەجار لەو کاتانەدا لەگەڵ مامۆستا جەعفەر ئەم گفتوگۆیانەم کردوە تا لە نزیکەوە بە مەلا بەختیاری بڵێت.

کۆتایی

بە بڕوای من ئەم کتێبەی کاک هەڤاڵ کوێستانی، زیاترە لەوەی تەنها گێڕانەوە یان شایەتحاڵی بێت، پڕە لە وانەی سیاسیی بۆ ئەوانەی تازە دەست پێ ئەکەن بۆ ئەوەی تەنەگەیان پێ لێ نەدرێ، پڕە لە ڕۆمانسییەت و عیشق. پڕە لە شیعر و ڕاستیی مێژوویی.

لەگەڵیشیدا وەک کەسێک هەوڵیداوە بڵێت، منیش هەبوم و لە کۆڕی خەباتدا بوم و بەشێک نەبوم لەو ململانێیانەی کە هەبوە. بەڵام دواتر هەر ئەبێتە بەشێک، چونکە ئەو سوور ئەزانێت نەوشیروان موستەفا وریای ڕاسپاردوە کۆمەڵێک کەسایەتی دیار بکوژن چونکە بۆنی پارتی بونیان لێ دێت، وە دواتر خۆی وریای کوشتوەتەوە. سوور ئەزانێت نەوشیروان موستەفا شیوعیەکانی کوشت، دواتر قەدەخەکەری ئازادییەو هاوڕێ دیارەکانی ناو شۆڕشی خستۆتە زیندان، دواتر کە بزوتنەوەی گۆڕان دائەمەزرێت، لەگەل نەوشیروان موستەفا ئەبێت بە “ گۆڕان!”.

گرنگترین ئەو وانە سیاسیانەی کاک هەڤاڵ کوێستانی، بەیانی ئەکات، ئەوەیە:

- خەڵک لەچاوی خۆیانەوە بڕیار لەسەر شتەکان ئەدەن، نەک لەوەی کە تۆ هەیت و بڕیارت لێداوە. هەمیشە ئەبێت ئەو شتانە بڵێیت کە خەڵک پێیان خۆشەو ئەبێت ئەوە بکەی کە خۆت ئەتەوێت “ ماکیاڤیللیانە”.

- لەوەلامدانەوەی کەسانی لە خۆت پلەو پایە گەورەتردا کورت بڕ بە. بە کورتی وەڵام بدەوە، ئەوەی ئەیزانی و هەیە، هەمووی دەر مەبڕە.
- نیشتیمان لەکاتی پێشمەرگایەتی، یان سەخڵەتی بەرپرسە باڵاکاندا هی هەموومانە، بەڵام لە دواییدا هی دەستەو تاخمێکی کەمە لەسەرەوە لێی دانیشتوون.
ئیتر، لە کۆتاییدا، داخەکەم ، کاک هەڤاڵ لە سەر کانی و ئاوەکە، لەبن دارەکە، لەبەر یاساو گرێوگۆڵەکانی شۆڕش ئەو مافەی بە خۆی نەدا، ماچێکی تەڕی کاڵێ بکات. کاڵێ ئەو کچەی چاوەکانی سەوز بون وەک لقی دار بی شۆڕەوە بو لە دیار گۆمە ئاوێک، باڵاکەی وەک قەدی گەنمی دەشتی قەراج بو. خودایە حەسرەتی ئەو کچە چی بو بۆ هەڤاڵی پێشمەرگەو شاعیر کردت بە قوربانی شۆڕش!!!ێک کە ئاکامەکانی لە دواییدا تراویلکەیەک بو هیچی تر.

کۆتا دێڕەکانی کتێبەکە ئەمەیە، کە ئەشێت بەری ڕەنجی قوربانیدان و خەباتی یەکێتی بونی هەزارانمان بوێت: هەموو شتەکان بەتاڵ ئەبن. بەتاڵ لە هەموو ئەو خەونە ڕەنگاو ڕەنگانەی دە ساڵێک لەمەوبەر منیان بەژێر زەمینی ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەدا کردو ملی ئەو باریکەڕێیانەیان پێ گرتم کە بەم تونێلە بێ کۆتاییەیان گەیاندم» ل٤٣٢.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP