دواین هەواڵ

زمانی کوردی و زمانی زانست

‌فەرەیدوون سامان

03/05/2021

ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر زمانی کوردی لەبەردەم هەرەشەی لەناوچووندایە، چەندان هۆکاری دەرەکی و ناوەخۆش هەن کە هەڕەشە لە زمانەکەمان دەکەن، بۆ هۆکارە دەرەکییەکان ئیتر پێویست بەوە ناکات دووبارە بگەڕێینەوە سەر هەوڵی وڵاتانی نەتەوەی سەردەست لە دژایەتی کردنی زمانی کوردی، بە ھۆی بە سیاسەتکردنی پرسی كەمینەکان لە کوردستاندا وەک پرسگەلی کوردانی  ئێزەدی و کاکەیی و فەیلی و شەبەک...هتد، و ھەوڵدان بۆ پتر لاوازکردنی زمانی کوردی و کەمکردنەوەی کاریگەریی جوگرافیای دانیشتوانانی کورد لە عیراقدا بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییە کێشە لە سەرەکاندا،

پلانێکی کارا ھەیە بۆ ناساندنیان وەک کەمینیەیکی نەتەوەیی جیاواز لە کورد، بۆ ئەم مەبەستەش  حزبی سیاسی ودارایی و پشتگیری سیاسی ناوخۆ و دەرەکی دەکەن، (بەتایبەت لە ھەندێک ناوەندی شۆڤینی لە ناو تورکیا) دا، بە پلان و بەرنامەی تۆکمە کاری جددی بۆ کراوە، بەڵام داخەکە لەوەدایە هۆکارە ناوخۆییەکان خەریکە دەبنە کێشەیەکی چارەسەرنەبوو کە بە دەستی کورد خۆیەوە برینەکان قوڵتر دەکەنەوە.

هەڵبەتە هەبوونی زار و بنزار وهەروەها نەبوونی زمانێکی ستاندارد و هاوبەش بۆ هەموو تاکەکانی کورد لە بەشەکانی کوردستاندا،  ئەگەرچی دیاردەیەکی سرووشتی هەموو زمانێکی زیندووە، بەڵام ئەو هەوڵانەی کە دەدڕێن بۆ سەربەخۆ ناساندنی  ئەو زارانە و جوداکردنەوەیان  لە زمانی دایک، ناتوانرێت نکۆڵی لەو مەترسییە جیددیە بکرێت، وێڕای هەرەشەی زمانە بیانییەکان وخوێندنیان لە بوارەکانی  پەروەردە و فێرکردندا وهاوکات پەڕاوێز خستنی زمانی کوردی لەو خوێدنگا ئەهلیانەدا، کە نەوەیەکی نەشارەزای لە زمانی کوردی بەرهەم هێناوە، هەڵبەتە دواتریش لە پاشەرۆژدا ئەنجامەکەی زۆر بە خراپی دەبینین، کە ئەم نەوەیە  سۆز و ئینتمای بۆ زمانی نەتەوەکەی خۆی نابێت، بە چاوێکی سووک تەماشای ئاخێوەرانی زمانەکەی خۆی دەکات.

ئەگەرچی  زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە وەک پێویست لە هەموو دامودەزگاکانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن و لە سەرانسەری سنووری کارگێڕیی حکومەتی هەرێمدا بە تەواویی بچەسپێت. بەڵام هەبوونی زمانی فەرمی لە کوردستان و ناساندنی لەسەر ئاستی عیراقدا دەسکەوتێکی مێژووی گرنگە، بەڵام  لە رووی پراکتیکییەوە هێشتا زمانەکەمان روو بەرووی جینۆسایدی فەرهەنگی دەبێتەوە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییە دابڕاوەکانی وەک دەشتی نەینەوا و کەرکوک و خانەقیندا، چونکە زمانی کوردی لەبەردەم  حاڵەتی گەورەی دۆخی جیهانگیریی دایە،

یەکەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ هەموو هەوڵ و تەقەڵای خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن. دووەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی داخراوی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەوڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەرن لە بەردەم توانستی داهاتن و گەشەکردنی زماندا، لەهەر دوو حاڵەتەکەش جیاواز لە هەموو ئەو  کێشانەی کە رووبەڕووی زمانی کوردین،

زمان پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەی بەهێز هەیە، کە هەم پێویستییەکانی جیهانی نوێ و قەیرانەکانی بە باشی لێکبداتەوە و بڕواتە ناو کایەکەوە و هەمیش سامانێکی گەورەی زمانی و ئەدەبی کە هەیەتی ئاراستەی جیهانی کەشف نەکراوی خۆی بکات و "بوون"ی زمان و مرۆڤی کورد بۆ خۆی مانیفێست بکات. هەر زمانێک پێکهاتی تایبەت بە خۆی هەیە، پێکهاتێک کە لە مێژووی ئەو زمانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خاڵی هاوبەشی زمانەکان شتێکە حاشای لێناکرێت، راستە کە زمان رەهەندی جۆراوجۆری هەیە کە هێشتاش لە کەشف و دەرکەوتن دایە،

بەڵام زمان  بەر لە هەر شتێک مێژوویەکە، مێژووی زمانیش پێکهاتە وهەموو ئەو گۆڕانکارییانەیە کە بەسەریدا هاتووە و لە داهاتووشدا دێت، لێرەدا نە مەبەست زمانی ئەدەبییە (شیعری، چیرۆکی و...) نە زمانی فەلسەفی و زانستی بە مانای پسپۆڕانەی، بەڵکو ئەو زمانەیە کە ئێمە رۆژانە کەڵکی لێوەردەگرین بۆ کاروبار و راپەڕاندنی ئەرکە ئاساییەکانی ژیان.

دەستنیشانکردنی چەندان هۆکاری گشتی کە زمانی کوردییان خستۆتە ژێر هەڕەشە بە پێویست دەزانم ئاماژەیان پێ بکەم:
-نەبوونی قەوارەی فەرمی و سیاسی بۆ بەهادان بە زمان و ئاخیوەرانی.

شێواندنی پێکهات و فۆرمی سروشتی زمان (بە تایبەتی لە تورکیا و ئێران) کە ئەمە زۆرتر هۆکاری سیاسی- کەلتوورییە کە لە دیسکۆرسی ئایینی زاڵی دەسەڵات سەرچاوە دەگرێت.

-نامۆبوونی کورد لەگەڵ پێکهات و ماهییەتی زمانەکەی (بە تایبەتی لە ئێران و هەروەها لە تورکیاش، بەڵام هەر کام لە فۆرم و حاڵەتی زاڵی یاسایی و سیاسی ئەو دوو وڵاتە)، چوون هەر کەس یان تاکێک کە بە زمانی گوند وگەڕەکەکەی خۆی قسەی کرد بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سرووشتیترین و سادەترین و لە هەمان کاتدا "بنەڕەتیترین" حاڵەتی  فێر بوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچڵە، دەتوانین باسی چەندین حاڵەت  لەم چەشنانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بکەین کە هەر کامەیان بەپێی فەزای سیاسی-ئایینی ئەو وڵاتانە کەلتوورێکی شێوێنەر و داگیرکارییان لە سەر زمانی کوردی دروست کردووە،

بەڵام لە باشووردا فەزا و دۆخەکە شتی دیکەیە. لەباشووردا لەگەڵ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵای هەیە، بەڵام زمان کەمترین بایەخی پێدەدرێت، هەم لە ئاستی گشتی و پەروەردەی سەرەتاییدا و هەمیش لە ئاستی باڵا و خوێندنی دوا ناوەندی و زانکۆکانیشدا
مخابن ئەو زمانە شیرینە کە ناحەزانی گەلەکەمان بە هەموو شێوازێکی شۆڤینیانە دژایەتی دەکەن و هەوڵی لە نێوبردنی دەدەن ئەویش بە قەدەغەکردنی زمانی کوردی  بۆ ئاخێوەرانی و لەسەر ئاستەکانی پەروەردە و فێرکردن و چاپەمەنی و رۆژنامەوانی و میدیادا، هەروەها ناساندنی هەندێک لەو دیالێکتە کوردییانە بە زمانی سەربەخۆو بە پلان و بەرنامە کار بۆکردنی  .

لە هەرێمی کوردستاندا لە رۆژی 8-3-2017 بەسەرپەرشتی  وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  بەڕێز یوسف گۆران و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزارەت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتەكە لە زانكۆی دهۆك لەسەر رەوشی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ئەژماركردنی نمرەی وانەكانی زمانی كوردی بۆ دەرچووانی پۆلی دوانزە لە كاتی پێشكەشكردن بۆ كۆلێژە زانستییەكان (پزشكی و ئەندازیاری)  ئارەزومەندانە بێت." ئەم بڕیارە چ لە رووی ماهییەتی روانینی وەزارەت بۆ پەروەردە و پلانێکی زمانی و چ لەرووی ئاگاداری لەسەر رۆڵی زمانی دایکی لە فێربوونی زانست و مەعریفەی نوێ، هەڵگری نەزانی گەورە و کەمتەرخەمی ترسناکە. ئەمڕۆ ئیدی شتێکی سەلمێندراوە کە زمانی دایکی چ رۆڵێکی گرنگ و بنەمایی و تەندروستی لە فێربوون و پەروەردەی نوێدا هەیە، ئێمە تەنانەت زمانی دیکەش لەرێگەی زمانی خۆمان باش فێر دەبین و لێی تێدەگەین واتە کلیل و کڵاورۆژنەی تێگەیشتنی زمانەکانیتر و جیهانیتر هەر لە رێگەی زمانی خۆمانە، هەر چەند ئەم بڕیارەی وەزارەت لەلایەن تاقمێک لە مامۆستایانەوە بە نادروست لێکدرایەوە و لە دژیدا خۆپیشاندانیان کرد و سەرۆکی حکومەتیش فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دا،

بەڵام وەکو لە هەواڵەکاندا لەکاتی خۆیدا بڵاوبوویەوە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند بووە هێشتا بڕیارەکە هەڵنەوەشێنراوەتەوە و وەکو خۆی ماوە. بەهەرحاڵ ئەم حاڵەتە رەهەندی زۆری هەیە و من نامەوێت هەموو لایەنەکانی ئەم کەمتەرخەمی و بێ پلانی و دژایەتییە بۆ زمانی کوردی کە لە پێکهاتێکی فەرمیدا ئەنجام دەدرێت، بخەینە بەر باس، بەڵکو دەمانەوێت بە هێنانەوەی نموونەیەکی سادە ئەم بێ پلانی و کەمتەرخەمییەی پەروەردەی زمانیی باس بکەین کە خەریکە لە هەناوی تاک وکۆی ئاخێوەرو تەنانەت هەندێک لە نووسەرانیش رەگئاژۆ دەبێت و بەو قەناعەتەمان دەگەیەنێت کە لە فێرکردنی هەڵە و بێ پلانی و کەمتەرخەمیدا چ دەستێکی باڵا و بوودجەیەکی قەبە لە کارادایە.

ئەگەرچی ئێمە لە باشووری کوردستان چاوەڕێ بووین لانیکەم  فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانیتر بەرهەم بهێنێت، کەچی هەرێم  بۆ خۆیشی ناتوانێ ئەوە بکات، ئەو هەموو هەڵە و شێواندنی زمان و رێزمانییە کە لە کەناڵەکانی میدیا بەتایبەت رادیۆ و تیڤیە ئاسمانییەکان و تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شآرەکان دەبینرێن نیشاندەری ئەو پەروەردە سەقەت و بێ پلانەیە، کە هێشتا بەشێکی خەڵک نازانن بە کوردی بنووسن و لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن! واتە پەرۆشی  زمانی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە.

وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵاو رۆشنبیری کەمترین کادیری دڵسۆزی شارەزاو پسپۆری زمانیان تێدایە، یان ئەگەر هەشبن هیچ دەسەڵاتێکی بڕیار بەدەستیان نییە تا رۆڵی کارای خۆیان بگێڕن لە خزمەتکردن بە زمانی کوردیدا.

* زمانی کوردی لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ بە زمانی  فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردراوە، هاوکات لە دەستووری عیراق لە ساڵی ٢٠٠٦ و لە ئەنجومەنی نیشتمانی عیراقیشدا لە شووباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی زمانی کوردی  لەسەر ئاستی عیراقدا بە فەرمی ناسێنراوە، لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی و عیبری پلەی زمانی پێنجەمی وەرگرتووە.

یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناغی ڕاگوزاریی ساڵی ٢٠٠٤ و پاشان دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ یەکەمجار دانیان ناوە بە فەرمیبوونی زمانی کوردی لە سەرانسەری عێراقدا، بە پێچەوانەی دەستوورەکانی پێشوو کە بێدەنگ بوون لەم بارەیەوە یا خود بە شێوەیەکی سنووردار و لە بوارێکی بەرتەسک (وەک خوێندن) و تەنیا لە چوارچێوەی ناوچەی کوردستاندا دانیان بە زمانی کوردیدا ناوە. 

لەبەر ڕۆشنایی مادەی (٤)ی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ یاسای زمانە فەرمییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەرچووە، بەڵام هەتا ئێستا ناوەڕۆکی ئەم یاسایە وەک پێویست پراکتیزە نەبووە.

زمانی کوردی لە چوارچێوەی عێراق و هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەستووریی و یاسایی هەیە وەک زمانی فەرمی دانپێدانراو و، لە ڕووی ڕواڵەتییەوە هیچ گرفتێکی یاسایی بەدیناکرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان سستی و کەمتەرخەمی دەنوێنن لە پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی یاساکان.
 زمان وەک بەشێک لە شوناسی هەر نەتەوەیەک گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە و بەشێکە لە کەلەپووری کەلتووریی نامادیی، کە ڕێککەوتننامە و ڕاگەیەندراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستنی دەکەنەوە.
لە یاسای زمانە فەرمییەکان، هیچ میکانیزمێکی تۆکمە و شیاو دانەنراوە بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەم یاسایە و بەدواداچوون و چاودێرییکردنی جێبەجێکردنی یاساکە.
زمانی کوردی هێشتا نەیتوانیوە وەک پێویست لە هەموو دامودەزگاکانی سەر بە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و جێبەجێکردن و لە سەرانسەری سنووری کارگێڕیی حکومەتی هەرێمدا بە تەواویی بچەسپێت.بۆ ئەو مەبەستەش گەرەکە دەزگا ئەکادیمی و زمانناسییەکان سیمینارو کۆنفرانسی زانستی بۆ ببەستن رێگاچارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ چارەسەری کێشەکانی زمانی کوردی و کردنی بە زمانێکی زانستی و شارستانتانە.

"سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری"

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP