دواین هەواڵ

ئەمریکا چاودێرە یان لایەنگر؟

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

02/05/2021

لە کۆی پرۆسەکانی هەڵبژاردنی عێراق و دەستنیشانکردنی تەواوی ئەو سەرۆک و کاراکتەرو حاکمە عەسکەریی و دەستەو تەکەتولە بەهێزانەی ناو حکومەت و پەرلەمان کە دانران بۆ بەڕێوەبردنی عێراق بەتایبەتی لە دوای جای گەرنەرو ماوەی گواستنەوە (الفترة الإنتقاليه ٢٠٠٣-٢٠٠٥) و نوسینەوەی دەستوور تا ئێستای #مستەفا_کازمی کە لەسەر پشکی ئەمریکا بێگومان دەمێنێتەوە، ئەمریکا خاوەنی جۆرێک لە تایپی شیعە بوەو خۆی پەروەردەی کردوون و خاوەنیەتی و دەشیانپارێزێت تا ئێستا بۆیە دەکرێت بڵێین ئەمریکا چاودێر نییەو لایەنگیرەو بەشێکی قەڵاو وەزیرەکانی ناو شەترەنجەکەی لەدەستە.

چونکە ئەوە ڕاستە شیعەکانیش جۆراو جۆرو فرە ڕەهەندو فرە تیرەو ئیمام و ڕوانگەو بەرژەوەندین، ناکرێت وەک یەک گروپ و تایپی دینی سەیریان بکەین و وابزانین تەنها مەرجەعی قوم و نەجەف لە ململانێدان نەخێر ئێستا مەرجەعی دینی ئەمریکی سعودیی و شیعەی بلۆکی نەوتیی و حەشدی مەزهەبی هەیەو دڵخوازی خۆیانەو باشترین گەمەکەری ئایندەش دەبن. 

بۆیە هەڵەی گەورەیە چاوەڕوانی دیموکراسیەت بیت لە عێراقێکی مەزهەبی و دینی و تائیفی و سەراپا میلیشیای نایاسایی کە ئەمریکاو ئێران پاڵەوان و یاریکەربن تیایدا. ئەمریکا تا ئێستا دیموکراسیەتی بۆ هیچ جێگایەک نەبردوە کە خۆی ڕزگارکەری بوبێت، ئینجا چاوەروانییکردن لە هێزێکی میلیتاریزمی سەرمایەداریی وەک ئەمریکا قورسەو ئاستەنگی زیاترە. ئەمریکا ئەگەر دیموکراسیەت و راستکردنەوەی هاوکێشەکانی بوێت ئەوا لەبری ئۆپۆزسیۆنی مەدەنی و سێڵفی گرتن لەگەڵیان هێزی بەرهەڵستکاریی و چەکداریی دروست دەکات بۆ ڕوخاندنی ئەم دەوڵەتە فاشیست و گەندەڵەی عێراق کە وەزیفەو سیادەی نەماوە.

بەڵام هێشتا نایەوێت عێراق بکەوێت و خۆی ئەسکەلایزو دارشەقە بۆی. ئەمریکا هەرگیز لەم زۆنگاوەی عێراق ئۆپۆزسیۆن و دیموکراسیەت گەورە ناکات چونکە قازانجی نییەو خەریکی دۆستەکانی خۆیەتی و لەم هەڵبژاردنەشدا سەریان دەخات و مۆدێلی شیعەگەریی ئەمریکی پەرەپێئەدات بۆ ئەوەی باشتر بمێنێتەوە ئەوەش لۆبیکردن و دیبلۆماسیەتە. 

لە بیرمانە ئەمریکا بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سەدام دەیان هێزی بەرهەڵستکاریی و بڕیاری چارەنوسسازی نەتەوەیەکگرتوەکانی دەرکردو کۆنگرەو رادیۆو تەلەفزیۆنی لە ئەوروپاو ئەمریکاو عەممان بۆ خستەکار لەگەڵ چەندین هێزو سوپاو پێشمەرگەی کوردی و شیعی و سوننی و فیرقەی جەنگیی بۆ پێک هێنان و بێشومار بودجەی کۆنگرێسی خستە خزمەتیان و بینیمان چۆن بەعسیزمی پێ ڕوخاند لە ٢٠٠٣.

بۆیە عێراق بەو کەلتوری تەوافوق و سازانەدا دەڕوات و گۆڕانکاری لەم هەڵبژاردنەشدا ئاسان نییەو فیگەرە مەزهەبی و دینییەکانی ڕابردوو دیسان دێنەوە سەر شاشەکان و گوێبیستی ئەو وتەزا بێمانایەی ململانێی ئێران ئەمریکا دەبینەوە کە لە وەهمێک زیاتر هیچیتر نییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP