دواین هەواڵ

بازاڕی عوکاز لە کوردستان

‌ سەردەشت محەمەد

01/05/2021

بازاڕی "عوکاز" ئەو بازاڕەی لە لەمەکەدا و بەتایبەت لەسەردەمی جاهیلیەتدا (نەفامی)دا یەکێک بوو لە بەناوبانگترین ئەوبازاڕانەی کەتیایدا شاعیرانی ئەوکات توانا و لێهاتوی خۆیانی لەبواری ئەدەبدا تێدا بخەنە ڕوو، هەروەها یەکێک بوو لە بازاڕانەی کە کڕین و فرۆشتنی کۆیلەیی تێدا ئەنجام دەدرا و لەوێدا نرخ لەسەر ئەو مرۆڤانە دیاری دەکرا کە ناوییان لێ نابون کۆیلە، ئەم جۆرە مرۆڤانە بەپێی ئەونرخانەی کە لەسەریان دادەنرا دەبون بە خزمەتکار و ئەڵقە لەگوێی کەسی کڕیار و هەرچی تواناو هێزییان هەبوو دەیان خستە کار بۆ ڕازیی کردنی خاوەنەکانیان، ئەوەش لەپێناو بەدەست هێنانی ژەمە خواردنێکدا ئەگەرچیی زۆرجار ئەو ژەمەشیان بەزۆر پێڕەوا ئەبینرا،

عوکاز، دوایی هاتنی پەیامبەر و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی لەبەرامبەر ماف و ئازادییەکانیان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی یەکسانی لەنێوان مرۆڤەکاندا و تێگەیشتنیان لەوەی کەهیچ جیاوازیەک لەنێوان مرۆڤەکاندا نییە کەس لەوی دیکە گەورەتر وبەڕێز نیە مەگەر کەسانێک کە تەقوایان زیاتربێت، ئیدی ئەو کڕین مامەڵەیەیی تێدا کاڵ بوەوە و نەما کۆیلەکان ئیدی عوکازیان وەک شوێنی هەڕاجکردنی گیانیان نەدەبینی و شۆکۆ بۆ مرۆڤ گەڕایەوە.

عوکاز، بۆ نەتەوەیەکی دەشتەکی وەک عەرەب بوو بەمێژوو، بەڵام بۆ ئێمەی نەتەوەی کورد تازە خەریکی بنیاتنانی "عوکاز"ین و تیایدا ( ژن ، منداڵ ، پیر ، گەنج ، خاوەن بڕوانامەی باڵا ، مامۆستا ، فەرمانبەر ، ڕۆژنامەنوس ، نوسەر ، هونەرمەند ، مامۆستای ئاینی ، پیاوی سیاسی ، یار و نەیار ) دەکەین بەکۆیلە و لەم بازاڕەدا ڕۆژانە بۆ نانێک نەک هەرگیانیان، بەڵکو ڕۆحیشیان دەکڕین، ئەوەتا لە لەم بازاڕەدا هەر ڕۆژە و بە مامەڵەیەکی جودا و بەناوێکی جوداوە کۆمەڵە مرۆڤێکی کۆیلە خۆی نمایش دەکات، و هەندێک جار نمایشیان پێدەکرێت،

ئێستا و لەم سەردەمی بانگەشەکردنە بۆ ئازادیی و دیموکراسی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی عەدالەتیی کۆمەڵاییەدا، بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکان بەرگێکی دیکەیان بەبەردا دەکرێت و زۆرجار مرۆڤ هەست بە کۆیلە بون و دەستەمۆبونی خود خۆی ناکات و زۆرجار ئەم جۆرە لەکۆیلایەتی و گوێڕایەڵی کردنە بووە بەجێگایی شانازیی و دەبینین زۆرێک کێبڕکێی ئەوە دەکەن زوتر وەک کۆیلە قبوڵبکرێن، کۆیلایەتی و دەستە مۆکردنی مرۆڤی ئێستا لەم بازاڕەدا لەوەدا جودان لە کۆیلەکانی بازاڕی "عوکاز" لەمەککە، کە پێوەند نەکراون و لەبازاڕدا ڕیز نەکراون و زیادکردنی ئاشکرایان بۆ ناکرێت،

کۆیلەکانی ئێستا جودا لەکۆیلەکانی سەردەمی جاهیلییەت شانازیی بە کۆیلەبونی خۆیانەوە دەکەن و دەبن بە کۆیلەیی کەسانێک کە ئەوانیش کۆیلەیی کەس و لایەن و گروپی دیکەن، ئەوەتا ڕۆژانە مرۆڤی وەهادەبینین تەنها بۆ پلەو پۆست یاخود بۆ دەستکەوتی مادیی یاخود لەپێناوی بەناوبانگبوندا یان بۆ بەدەست هێنانیی ژەمەنانێک لە لایەن ڕێکخراوی بەناو خێر خوازیی و حیزب و تاقم و گروپی خاوەن سەرمایەوە بەکۆیلە دەکرێن،

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بڵێین: بۆ ڕزگاربوون لەم بەکۆیلە کردنە پێویستمان بە پەیام بەرێکە، بێت و سەرلەبەری ئەم بازاڕە لەبەر یەک هەڵتەکێنێ، بەڵام لەم سەدەیی بیست ویەکەدا لەم سەردەمیی پێشکەوتنەدا لەم سەردەمی سەرمایەدریی و پاراستنی بەرژەوەندییەدا لەم سەردەمەدا کە مرۆڤ خۆیی بەشوێن کۆیلە بوندا هەڵپەی بێت، کوا ڕودەدات پەیامبەرێک پەیدا ببێت ، لەکاتێکدا گومان لە کۆیلە بونی پەیام بەرەکانیش دەکرێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP