دواین هەواڵ

ھەتا دونیا دونیایە کرێکارانی جیھان یەک ناگرن

‌ساڵح میراودەلی

30/04/2021

پیرۆزبێت یەکی ئایار ڕۆژی جیھانی کرێکاران .
ئەو سەردەمەی ئێمە تێیدا دەژین، سات و ڕۆژ و مانگ و ساڵەكانی پڕن لە یاد و بۆنە و یادەوەری دیاریکراو، ھێندێک جاران یاد و بۆنەکان تێکدەگیرێن و لە ڕۆژێکدا زیاتر لە بۆنەیەکە، ھەر کەسە و دەھۆڵی ڕۆژەکەی خۆی دەکوتێت.

ئەگەر وردتر ڕۆچینە نێو ڕۆژەکانی ژیانمانەوە، یاد و بۆنەکان نەیانتوانیوە ھیچ لەباری سەرشانمان سوک بکەن، نەیانتوانیوە تۆزی خەمێکیشمان بتەکێنن، چ جای ڕەواندنەوەی ئەو ھەموو پەژارەیەی بەناخی ھەر یەکێکماندا چۆتە خوارێ و بۆتە خۆرکەی ساتە جوانەکانی تەمەنمان.

مێژووی بەشی زۆری یاد و بۆنە جیھانیەکان و ھەتا وڵاتانیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازی و دوای جەنگی جیھانی دووەم و دامەزراندنی ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کەزیاتریش پەیوەستە بە ھەژموونی سەرمایەداری و بەکارھێنانی یاد و بۆنەکان بۆبەرژەوەندی تایبەتی و کەڵەکردنی زیاتری سەرمایە.

بەڵام ڕۆژی کرێکارانی جیھان، ڕەگ و ڕیشەی قوڵترە لە بۆنەکانی دیکە، ئەویش بەھۆی سەرھەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیەوە، دوابەدوای شۆڕشی پیشەسازی و وەگەڕخستنی ھێزی کار ، بەھۆی بەرزبوونەوەی خواست و داواکاری کرێکارانەوە، لەڕێگەی کۆمەڵێک کۆبوونەوە و خۆپیشاندانەوە خەباتی کرێکاران دەستی پێکرد.

دیارترینیان خۆپیشاندانی کرێکارانی شیکاگۆ بو لە ئەمریکا لە ڕۆژی ١ی ئایاری ١٨٨٦، دواتریش ساڵی ١٨٨٩ ە،وە ئەو ڕۆژە دیاریکرا بە ڕۆژی جیھانی کرێکاران، بۆ بەرزکردنەوەی خواست و داواکاریەکانیان و کۆبوونەوە جەماوەریەکان.

لەسەرەتاوە داواکاری کرێکاران کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی کارکردن بوو لە ١٠ و ١٢ کاتژمێرەوە بۆ ھەشت کاتژمێر و زیادکردنی کرێی کار، لەئێستاشدا لە زۆربەی وڵاتاندا کاتی کارکردن ھەشت کاتژمێرە.

یەکگرتنی کرێکارانی جیھان سەرەکیترین دروشمی چەپە کۆمۆنیستەکانە لەسەرتاسەری جیھاندا، پێیانوایە یەکگرتوویی و خۆڕێکخستن لە کۆمەڵە ھەرەوەزی و سەندیکا کرێکاریەکاندا، دەستەبەری خواست و داواکاری کرێکاران دەکات، بەڵام تائێستاش ئەو دروشمە وەکو خەون ماوەتەوە، سەرەڕای چەوسانەوەی زیاتری چینی کرێکاران و زەحمەتکێشان.

بەشی زۆری گەشەی سەرمایە بەستراوەتەوەبەھێزی کارەوە، ئەوەش ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت ئەگەر ھێزی کار نەبێت ئەوا سەرمایەدارەکان ناتوانن سامان و سەرمایەکەیان زیاتر و زیاتر بکەن.

لەنێو چینەکانی کۆمەڵگەدا، کرێکاران زۆرترینن لەڕووی ژمارەوە، کەچی زۆرترین نابەرامبەری و چەوسانەوەشیان بەرامبەر دەکرێت، بەختیار عەلی لە ڕۆمانی شاری مۆسیقارە سپیەکاندا ئاماژەیەکی پڕبەپێستی خۆی بەو دیاردەیە کردوە ، لەکۆتایی ڕۆمانەکەدا کاراکتەرەکان دەستگیر دەکرێن و ڕۆژانە کاری زۆر قورسیان پێدەکەن، دەڵێ کاتێک مرۆڤ لەڕووی جەستەییەوە زۆرھیلاک بوو، خۆکردانە ئەقڵ و بیرکردنەوەی کەمتر کاردەکات، لەوانەیە ھەر ئەوەش نھێنێ مانەوەی کرێکاران بێت بە پەرتەوازەیی و ژیانی مەمرە و مەژی.
ئیتر ڕۆژێکیش لە ساڵدا، ھیچ ناگۆڕێت بۆ کرێکاران،بەشی دەردە دڵەکەشیان ناکات،.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP