دواین هەواڵ

هێزى ڕووناکى،ئاوەدانى بەرانبەر هێزى ڕووخێنەرو تاریکى

‌رێبوار حەمەلاو شوانی

6 رۆژ پێش ئێستا

بەدرێژایی مێژوو خەبات وتێکۆشانى گەلى کورد ، داگیرکەران و نەیاران زۆر هەوڵیاندا و دەدەن هەمیشە تاریکى و داگیرکارى و سیماى کوردوکوردستان بە ناشیرین و شووم و نەتەوەیەکى بێ نیشتیمان و بەخشت و خاک وێنا بکەن، بەڵام ئیرادە پۆڵاین و متمانە بەخۆبوون و قوربانیدانى ئەم گەلە خۆڕاگرە هەموو ڕیسى ناحەزانى کردۆتەوە بەخورى و گەلى کورد بەهێز لە جاران سەرکەوتنى بەدەستهێناوە ؛ بۆ قۆناغى حکوومڕانى شارستانى 33 ساڵى رابردوو بە ئێستاشەوە دوژمنان هەر جارەو  هەوڵى تێکدەرانە و تاریکپەرستانەیان بەرامبەر بە کوردوکوردستان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەى خۆشى و ئازادى و گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانى کوردستان بشارنەوە ،چونکە هەرگیز چاویان بە سەرکەوتنەکانى گەلى کورد و گەشەسەندن ئەم نیشتیمانە و رووناکى هەڵنایەت ، هەڵبەتە ئەم کارەتێکدەرانە و تیرۆریستیانە بەبێ دەستى چاوساغ یاخود بڵێین ناحەزى ناوخۆیی نەبووە ، چونکە لە ماوەى رابردوودا زۆرجاران بە دروشمى دەیرۆخێنین و دەیکوژێنینەوە وتاریکى دەیکەن بە ئاشکرا هاواریان دەکرد و دەیانگووت تێکى دەدەن و وێرانى دەکەین هاوشێوەى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقیان 
کوردستان ئەو شوێنە پیرۆزە و بەرزیە ، بەدرێژایی مێژوو نەیارانى هەوڵى تێکدان و تێکشکاندنیان داوە ، چەکى کیمیایی و کۆمەڵکوژ و مووشەکى بالستیک و درۆنى بۆمبڕێژکراو نەما تا دژى ستەمدیدەکەى بەکارى نەهێنن ، گەلەکۆمەکى و گەمارۆدان و برسییکردن و وێرانکردنى گوند و کارى تیرۆریستیانە و تێکدەرانە نەما دەرهەقى نەیکەن ، گرەوى قێزەوەن و خەونى نەزۆک نەما نەیکەن ؛ بەڵام وەک بینیمان ڕێک پێچەوانەکەى دەرچوو ئەم گەل و نیشتیمانە بەهێز و گەشاوەتر و سەرکەوتووانەتر لە رابردوو  بەرەو پێشەوە و لووتکە هەنگاوى ناوە ،نەیارانیشى ڕیسواتر و سووکتر و شکستخواردووتر دەرچوون ؛ کوردستان ئەو هێزە رووناکى و وزە ئەرێنییە کە ڕوونى تێڵێسم و تاریکى و ناپاکان وەستایەوە و خەونى خیانەتکاران و خاکفرۆشان و سیخور وبەکرێگیراوانى لە گۆڕنا و دەمامکى ناپاکانى لە سەر ڕووخسارى ناشرینیان ڕاماڵى و هێزى رووناکى پەردەى تاریکپەرستانى ڕاماڵى ، بەدڵنییاییەوە ئەو رۆژەش نزیکە ئەوانەى ناپاکى لە گەل و نیشتیمانەکەیان دەکەن ڕووبەڕووى قورستترین سزا ببەنەوە 
نەیاران و دوژمنان و بەکرێگیراوان هەرگیز چاویان بە شادى و بزەى سەر خەڵکى کوردستان و کاسب و چین و توێژەکان هەڵنایەت ، ئەوانەى هەمیشە بە ئومێد و رووناکییەوە دەروانە دوارۆژى کوردستان ، چاویان بەو هەموو پرۆژە و کارە خزمەتگوزارى و جوانانەى کوردستان هەڵنایەت ، چاویان بەو سەقامگیری و ئاشتییەى کە جیاواز لە ناوچەکانى دیکە کە شەڕى قورس و کوشتارى تێکدایە هەڵنایەت و هەمیشە و لەهەموو ساتێک ئەگەرى شەڕ و وێرانکارى لێدەکرێت ؛ بەدڵنییاییەوە  ، پێشهات و گۆڕانکارییەکان خێرا و چاوەروانکراون و رۆژ بەرۆژ  ڕووى مووشەک و درۆن و چەکە پێشکەوتووەکان زیاتر ئامادەکارى شەڕێکى قورس دەکرێت و بۆیە ئێستا ناوچەکە وەک بۆمبێکى کاتژمێرى دیاریکراوى لێهاتووە هەر ساتێک ئەگەرى تەقینەوەی بۆمەکە هەیە ، واتە ئەو هەموو جموجۆڵانە پێمان دەڵێن ، شەڕێکى گەورە لە ناوچەکە لە ئارادیە .
ئەوەى چاوەروانکراوە ، روودانى شەڕە و کوردستانیش کەوتۆتە نێو چەقى ململانێیەکان ، بەدڵنییاییەوە پریشکى ئاگرى ئەو شەڕەى هەر بەردەکەوێت ، بەتایبەت قۆناغى دووەمى شەڕەکە زۆر قورستتر دەبێت ، ئەمجارە هەردوو  لایەنى ئێرانى وئیسرائیلى هەموو توانا سەربازى و مووشەکى و ئاسمانییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى یەکتر دەخەنە گەڕ ، ئەم ئامادەکارییە بۆ شەڕێکى نوێى لەکاتێکدایە ، ئەمەریکاش چەندین جار هۆشدارى داوەتە دەسەڵاتدارانى بەغدا بۆ ئەوەى بەخێرایی میلیشیا وگروپە لە یاسادەرچوو و تیرۆریستەکان لە چەک داماڵن ، ئامانج لەو کارەش بۆ ئەوەیە چیتر لە عێراقیشەوە هێرش نەکرێتە سەر ئیسرائیل و ئەمەریکاو هاوپەیمانانى لەناوچەکەدا ؛ ئەوەى دەبینرێت ئەو راستییە ، ئێران لە ڕووى ئابوورى وداراییەوە لاواز بووە و خەڵکى ئێرانیش هیچ متمانەیان بە دەسەلاتى ئێستاى تاران نەماوە ، بۆیە پێدەچێت و ئەگەرى زۆر ئەمجارە ئێران بڕیارى شەڕ و قۆناغى دووەم بدات ئەگەر زۆرە شەڕە قورس و یەکلاکەرەوە بێت و ماوەیەکى زۆریش نەخایانێت و پێشهات و گۆڕانکارى نوێى بێتە ئاراوە ؛ 
زۆر گرنگە هەڕێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى یاسایی ودەستوورى وەک هەمیشە خۆى لە شەڕو ململانێیەکان بەدوور بگرێت و لەهەمانکاتیشدا بۆ پارێزگاریکردن لە هەر بەرژوەندییە ئابوورى و ئاسایشى نیشتیمانى و بەتایبەت شوێنە گرینگەکان وەک کێڵگە نەوتى و غازییەکان ئەوا سیستەمى بەرگرى دژە مووشەک و درۆن دابنێت و لە هەمانکاتیشدا لەسەرئاستى ناوخۆیش بەیەکریزى و تەبایی ڕووبەڕووى هەر کارێکى تێکدەرانە و ئاژاوەگێرى ببێتەوە تا کوردستان هەمیشە سەقامگیرى و ئارام بێت و تاریکپەرستان و نەیارانى کورد نەتوانن زیان بە بەرژوەندییە باڵاکانى کوردستان ببینێت  ، بەدڵنییاییەوە تا کوردستان خاوەن پێشمەرگە و سەرۆک بارزانى و گەلێکى خۆڕاگر بێت ، هیچ هێزێکى تاریکى ناتوانێت ، ڕووناکى کوردستان بشارێتەوە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP