دواین هەواڵ

دیمەنی ئەو پێشمەرگەیەی تورکیای هەژاند

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

پێش 1 هەفتە

لەدوێنێوە دیمەنی ئەم پێشمەرگانە، تەواوی سۆشیاڵ میدیای تورکی تەنیوە. ناسیۆنالیستە تورکەکان و کەمالیستەکان بەتایبەتی، ئەمە وەک سکانداڵ و ڕەزالەت بۆ دەوڵەت ناودەبەن و کەم نین ئەو رۆژنامانەی تایتڵەکەیان بریتییە لە “پاپا لە ئیستانبوڵ و بارزانی لە جیزرە” یە.

فەزای کەمالیزم، وەک فەزایەکی فاشیستی، پڕە لە ڕق. بەڵام ترسە واقیعیەکە لەم کەیسەدا لە شوێنێکی دیکەیە.

دیمەنی چەپڵەلێدان و خۆبەفیداکردن بۆ پێشمەرگەکان، ڕژاندنی نوقڵ و هەلهەلەی ژنان بۆ هاتنیان پێیگوتین، خەڵک لە هەر کوێیەکی کوردستانبێت، هێزی پێشمەرگە بە هی خۆی دەزانێت و پێیوایە لەخۆیەتی، بەڵام هیچ سوپایەکی دیکە بە خۆیی نازانێت.

ساموێڵ هانتینگتن، لە کتێبی The Soldier and the State زۆر بە باشی ئاماژە بۆ پەیوەندی نێوان کۆمەڵگە و سوپا کردووە، ئەو پێیوایە کاتێک خەڵک هەست دەکەن سوپایەک نوێنەرایەتییان دەکات و پارێزەری بەهاکانیانە، ئەوا شەرعییەت (Legitimacy) و پشتیوانییەکی زیاتری پێدەبەخشن.

دیاردەی پێشوازی گەرم و پڕ لە سۆز لە هێزێکی سەربازی و بێدەنگی یان ساردی بەرامبەر بە هێزێکی دیکە لە ناوچەیەکی وەک جیزرە، تەنها ڕووداوێکی سادەی سیاسی نییە. بەڵکو، ئەم کاردانەوە جیاوازە ڕەگ و ڕیشەی لە میکانیزمە دەروونییە کۆمەڵایەتییە قووڵەکاندا هەیە کە پەیوەندی بە ناسنامە و هەستی گرووپەوە هەیە.

تیۆری ناسنامەی کۆمەڵایەتی (Social Identity Theory - SIT)، کە لەلایەن هێنری تاجفێڵ و جۆن تێرنەرەوە پەرەی پێدراوە پێمان دەڵێت کە بەشێکی زۆری ناسنامەی تاکەکەسی مرۆڤ لە ئەندامێتی گرووپە کۆمەڵایەتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت. لێرەدا، جەخت لەسەر سێ پرۆسەی سەرەکی دەکاتەوە کە کاردانەوەی مرۆڤ بەرامبەر بە گرووپەکانی تر دیاری دەکەن: پۆلێنکردنی کۆمەڵایەتی، ناسنامەی کۆمەڵایەتی، و بەراوردکاری کۆمەڵایەتی. بە واتایەکی تر، مرۆڤەکان بە شێوەیەکی سروشتی جیهان دابەش دەکەن بۆ گرووپی ناوەوە (In-group)، کە خۆیان بە ئەندامی دەزانن، و گرووپی دەرەوە (Out-group)، کە گرووپەکانی تر دەگرێتەوە.

کاتێک پێشمەرگە بە ئاڵای کوردستانەوە دەردەکەوێت، ئەم ئاڵایە وەک هێمایەکی بینراوی ناسنامەی هاوبەش کار دەکات و هەستی یەکگرتوویی و هاوسۆزی بەهێز دەکات. پێشوازی گەرم و چەپڵەلێدان لە پێشمەرگە، بریتییە لە پاڵپشتیکردنی گرووپی ناوەوە و بەرزنرخاندنی ئەو نوێنەرانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناسنامەی نەتەوەیی دەردەبڕن. واتایەکی تر، خەڵکەکە بە چەپڵەلێدان بۆ پێشمەرگە، بەهای ناسنامەی خۆیان بەرز دەکەنەوە.

لەکاتێکدا، نەبوونی پێشوازی و چەپڵەلێدان بۆ سوپای تورکیا، لەم حاڵەتەدا، دەکرێت وەک شێوازێکی جیاکردنەوەی نەرێنی لێکبدرێتەوە. ئەم بێدەنگییە نیشانەی ڕەتکردنەوەی ناسنامەی گرووپی دەرەوەیە و هەوڵێکە بۆ پاراستنی سنووری دەروونی نێوان گرووپی ناوەوە و گرووپی دەرەوە. کاتێک گرووپی ناوەوە هەست بە هەڕەشە یان نادادپەروەری دەکات لەلایەن گرووپی دەرەوە، ئەم میکانیزمە دەروونییە کۆمەڵایەتییە کارا دەبێت بۆ پاراستنی ناسنامەی کۆمەڵایەتی ئەرێنی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP