وەک ئاشکرایە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ١١ی تشرینی دووەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (٢٠٢٥)، بۆ جوڵانەوەی نەوەی نوێ (ن.ن) شکستێکی گەورە بوو، کە تیایدا دووچاری داکشانێکی بەرچاو بووەوە لە ڕێژەی دەنگ و کورسییەکانیدا. ئەم پاشەکشەیە تەنها گۆڕانکارییەکی ژمارەیی سادە نییە، بەڵکو دەکرێت وەک نیشانەیەک بۆ شکستی مۆدێلی حیزبی کاریزمای و لاوازی دامەزراوەی لە پانتایی سیاسی کوردی سەیر بکرێت. لەم وتارەدا شڕۆڤەی چەندین هۆکاری سەرەکی پاشەکشەی نەوەی نوێ دەخەمەڕوو: لە سزادانی حیزبی نوێ لەلایەن دەنگدەری وشیاری سلێمانییەوە، تا کاریگەری گومانی دارایی لەسەر وێنەی سەرکردەی جوڵانەوەکە، بێبەدیلی گوتاری پۆپۆلیستی، و مەترسییەکانی مۆدێلی سەرکردایەتی تاکڕەوانە و بنەماڵەکردنی بڕیار، هاوکات لەگەڵ کاریگەری دەرەکی دکتاتۆرییەتی یاسایی.
١. سلێمانی: تاقیکردنەوەی دیموکراسیانە و سزادانی حیزبی نوێ
لەکاتێکدا مۆڵگەی سەرەکی نەوەی نوێ پارێزگای سلێمانی بوو، کە دەنگدەری ئەم شارە بە بەراورد بەناوچەکانی تر خاوەنی وشیارییەکی سیاسی بەرزترن، و خێراتر لە هەر ناوچەیەکی تر لەسەرگۆڕینی حیزب بڕیار دەدات. ئەم دیالێکتیکە کۆمەڵایەتییە لە زانستی سیاسیدا پێی دەوترێت "هەڵسەنگاندنی بەردەوامی متمانە". لەو شێوازەدا، دەنگدەران یەک تا دوو دەرفەت بە جوڵانەوەیەکی نوێ دەدەن، بەڵام کاتێک دەبینن ئەو هێزە نوێیە لە ئاستی بەڵێنەکانیدا نییە، یان هەمان ڕێچکەی تەقلیدی حیزبسالاری و سەرۆک لەپێشینە دەگرێتەبەر، سزای دەدەن. نەوەی نوێ نەیتوانی خۆی لەم ئەزموونە جیا بکاتەوە، بۆیە سزای داکشانێکی بەرچاوی دەنگ و کورسی پێ بڕا.
٢. کاریگەری گومانی دارایی و پرسی لەکەدارکردنی وێنەی سەرۆک:
دۆسیە تایبەتییەکانی سەرۆکی جوڵانەوەکە، کاک شاسوار عەبدولواحید، و کاریگەری دەنگۆکان لەبارەی گەندەڵی دارایی (وەک پرسی خاوەن پشکەکانی چاڤیلاند) و دەنگۆی کێشە ڕەوشتییە بانگەشە بۆ کراوەکان، ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی. کاتێک سەرکردە لە دۆسیە جۆراوجۆرە گوماناوییەکان بەدوور ناکرێت، متمانەی گشتی بە خێرایی دادەشکێت و دەبێتە هۆی ڕووخانی وێنەی سەرکردە، ئەوەش ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر جوڵانەوەکە بەو پێیەی جوڵانەوەی نەوەی نوێش نەیتوانی لەو مۆدێلە حیزبی و سیاسیە تەقلیدییەی (سەرۆک یەکەمە) خۆی جیابکاتەوە. کەواتە ئاساییە ئەگەر لەغیابی سەرۆک ئەمە ڕووبدات، ئەگەرسەرۆک شکا یان نەما، ئیدی هەموو جوڵانەوەکە دوچاری لاوازی و نەمان دەبێتەوە. لەکاتێکدا، جوڵانەوەکە نەیتوانی وەڵامێکی ڕاستگۆیانە و باوەڕپێکەر لەبەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا، پێشکەشی خەڵک بکات. ئەمەش گومانی لای دەنگدەر قووڵتر کردەوە و لە ئەنجامیشدا بە زیانی نەوەی نوێ شکایەوە.
٣. گوتاری پۆپۆلیستی: ستراتیژییەتی بێ بەدیل
نەوەی نوێ لەسەرەتاوە بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە گوتاری پۆپۆلیستی بەستووە، کە تەنها کاری لەسەر جوڵاندنی هەست و سۆز و ڕەخنەی ڕاستەوخۆی دەسەڵات کردووە. بەڵام لەڕاستیدا کاریگەری ئەم گوتارە کاتییە، و تەنها بۆ ماوەیەک کار دەکات. چونکە ئەم گوتارە ناتوانێت، جێگەی پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی ستراتیژی گونجاو بگرێتەوە وەک بەدیلێکی تۆکمە لەبەرامبەر حیزبی ترو حوکمڕانی. بۆیە کاتێک دوای ماوەیەک، دەنگدەردەگاتە ئەو قەناعەتەی کە گوتاری ڕەخنەیی توند بە تەنها ناتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات و نابێتە بەدیل ناچارە بە دوای پڕۆژەی چارەسەردا بگەڕێت. کەواتە دەکرێت ماندووبوونی خەڵک لە گوتاری پۆپۆلیزمی یەکێک بێت لە هۆکارە سەرەکییەکان کە پاڵی بە دەنگدەرەکانی جوڵانەوەکە ناوە بۆ گەڕان بەدوای بژاردەی تردا.
٤. مەترسی و دەرئەنجامی مۆدێلی سەرکردایەتی کاریزمایی: شکست لە دوای غیابی سەرۆک
:
لێرەدا قووڵترین هۆکاری شکستەکە لە مۆدێلی سەرکردایەتی کاریزمایی و لاوازی دامەزراوەیی نەوەی نوێدا دەردەکەوێت. چونکە جوڵانەوەکە ئەوەندەی لەسەر بنەمای "بەکارێزماتیککردن و پیرۆزکردنی سەرۆک" کاری کردووە، ئەوەندە کاری بۆ خستنەڕووی بەرنامە و بەدیل نەکردووە.
هەر لە تاکڕەوی بڕیارەکانی سەرۆک" و بەردەوام دوبارە کاندید کردنەوەی چەند کەسێک لەخێزانەکەی و چەند کەسێکی نزیکی دیکە بەخێزانی، بەمەش هەمان تەقلیدی حیزبەکانی دەسەڵاتی دووبارە کردەوە، کە جوڵانەوەکەی بەرەو بنەماڵەکردن و شەخسەنە کردن برد.
بەمشێوەیە ئەو متمانەیەی دەنگدەر شکا کە جوڵانەوەکە جیاوازە. ئەمەش هەمان ڕێچکە و ئەزموونی گۆڕانە کە چۆن لە غیابی سەرکردەدا جوڵانەوەکە دەپوکێتەوە، چونکە دەنگدەر وافێرکراوە لەبری گەڕان بەدوای بەرنامەی بەدیلی دەسەڵاتدا، بەدوای کاریزمای نوێدا دەگەڕێت.
٥. کاریگەری دەسەڵات: مەترسی دکتاتۆرییەتی یاسایی لەسەر ئۆپۆزسیۆن
هەرچەندە هۆکارە ناوخۆییەکانی جوڵانەوەکە ڕۆڵی سەرەکییان بینی، بەڵام ناکرێت چاوپۆشی لە ڕۆڵی کاریگەری دەرەوەو حیزبی دەسەڵات بکرێت. پرسی زیندانیکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە لە سەرو بەندی هەڵبژاردندا، پرسیارێکی ستراتیژی دەربارەی مەبەستی سیاسی دەوروژێنێت بۆ بێهێزکردنی ئۆپۆزسیۆن. لە زانستی سیاسیدا، بەکارهێنانی یاسا و دامەزراوە فەرمییەکان بۆ سزادان یان بێدەنگکردنی نەیارانی سیاسی پێی دەوترێت "دکتاتۆرییەتی یاسایی" (Legal Dictatorship).
واتە، دەسەڵات بە ڕواڵەت پابەندی یاسایە، بەڵام لە ڕاستیدا لەڕێگەی یاساکانەوە فشار دەخاتە سەر نەیارەکانیەوە.
کەواتە؛ ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، بتوانێت بەم شێوەیە لە کاتێکی هەستیاردا کاریگەری لەسەر نەیارە سەرەکییەکانی دابنێت و وێنەیان لەق بکات، ئەمە مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی فرەحیزبی دەخاتە ڕوو و هانی لایەنی دەسەڵاتدار دەدات کە فەزای سیاسی لەهەرێم بەتایبەت لە سلێمانی بەرەو دکتاتۆرییەتی زیاتری یاسایی ببات. لێرەشدا، دوبارە پێویستی و گرینگی بە دامەزراوەییکردنی ئۆپۆزسیۆن بە دیار دەکەوێت کە بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی دژی کاریگەرترین چەکی دەسەڵات، کە بریتییە لە چەکی یاسایی دژی کەسایەتی باڵای حیزبەکە بەمەبەستی هەڵوەرینی.
دەرئەنجام: وانەیەک بۆ ئۆپۆزسیۆن و پێویستی بە دامەزراوەییکردنی
ئەم داکشان و شکستەی نەوەی نوێ، هەرچەندە بەشێک لە هۆکارەکانی پەیوەستن بە دکتاتۆرییەتی یاسایی حیزبی و دەسەڵات بۆلاوازکردنی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەپلەی یەکەم هۆکارە سەرەکییەکان ئەوانە کە لەسەرەوە باسمان کرد، وانە گەورەکە لێرەدا بۆکۆی گشتی ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان دەبێ ئەوە بێت کە جوڵانەوە و ڕەوت و حیزب هەمیشە ئەو مەترسی هەڵوەرینەیان لەبەردەمە ئەگەر لەسەربنەمای سیاسەتی پۆپۆلیسی و کاتی و کاریزمایی و سەرۆک یەکەمە، سیاسەت بکەن. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە دەریخست کە خەڵکی سلێمانی چیتر بە گوتاری پۆپۆلیستی بێبەدیل، و سەرکردەی گوماناوی و بنەماڵە-سەنتەر، قایل نابن. بەڵکو، داواکاری سەرەکی دەنگدەر بریتییە لە: حیزب و ڕەوت و جوڵانەوەکان دەبێت لەسەر بنەمای پڕۆژەی بەدیل، بەرنامەی تۆکمە، و بەدامەزراوەییکردنی ڕاستەقینەی سیاسی خۆیان بناسێنن و ڕێکبخەن، نەک لەسەر بنەمای پەرستن و پیرۆزکردنی کەسایەتی. چونکە هەر کاتێک کاریزمایەک نەما یان لەکەدار کرا، حیزبەکەش بەخێرایی و بە تەواوی لەگەڵیدا دەپوکێتەوە، هەر وەک ئەزموونی پێشتری گۆڕان، و هاوپەیمانی پێشووی بەرهەم ساڵح، ئەو دۆخەی ئێستا شاسوار و جوڵانەوەکەی تێیکەوتووە.