دواین هەواڵ

دەنگی پارتی بە تەنیا و ئەوانی دیکە

‌فرسەت سەید شوكر

2 رۆژ پێش ئێستا

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەنگی مەحەک بوو بۆ دەرخستنەوەی قەبارەی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەم هەڵبژاردنە چەندین لۆژیکی سیاسی گرنگیی خستە ڕوو، کە تا ئێستا جێگەی مشتومڕ بوو، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو واقعەی گۆڕی و بووەوە هێزێکی کاریگەری سیاسی بەهێز لە سەرانسەری عێراق، بایەخی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدا بوو، عێراق بە بارودۆخێکی سیاسی تەواو جیاواز تێدەپەڕێ، زۆر گرنگ کە پارت و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق، هێزی خۆیان بەدەربخەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان، بەو پێیەی لەم هەڵبژاردن پشت ئەستوور بوو بە جەماوەرە میلیۆنییەکەی، یەک ملیۆنی دەنگ و زیاتری بەدەستهێنا کە لە نێوەڕۆکی هەڵمەتی بانگەشەکەی بەردەوام ئاماژەی بۆ دەکرد، زیادبوونی دەنگەکانی پارتی، بەم ڕێژە بەرچاوە دەرخەری ئەو حەقیقەتە بوو کە پارتی بە کردار خزمەتی کردووە و خاوەنی گوتاری ڕاستەقینە و لۆژیکیانە بوو، ئەوەی دەرخستووە، کە جیاواز کاری کردووە و جێگەی متمانەی خەڵک بووە، دەنا بەدەستهێنانی یەک ملیۆن دەنگ کە لەنێو شارەکانی دیکەی عێراق، سەڕەرای ڕێژەی زۆری دەنگدەر بەڵام نەیانتوانیوە نیوەی پارتیش دەنگ بەدەستبهێنن، کارێکی مەحاڵە و تەنها بە پارتی دەکرێت.

سەڕەرای ئەوەی یاسای هەڵبژاردن، یاسایەکی نادادپەروەرانە بوو، هەروەکو سەرۆک بارزانی لە دواهەمین کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شاری هەولێر ئاماژەی بۆ کرد، کە ئەگەر یاساکە شەفاف بووایە، پارتی دەبوو خاوەنی سەرو (٥٠) کورسی پەرلەمانی عێراق، دەرکەوتنی سەنگ و پێگەی ڕاستەقینەی پارتی لەو ژمارە دەنگە زۆرەیە کە بەدەستی هێناوە، لە کاتێکدا بەدەستهێنانی کورسی لە پارێزگایەکی دیکەی عێراق بەراورد بە هەرێمی کوردستان شەش هێندەیە، سەڕەرای ئەوەش پارتی ژمارەی کورسییەکانی لە ئاست یاساکە پاراستووە.

دەنگی پارتی بە تەنیا و ئەوانی دیکە
 بە گوێرەی ئەنجامەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە تەنها هێندەی ئەو حزبە سیاسییەکانی دیکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگی بەدەستهێناوە، ئەمە باشترین دەلیلە بۆ قەبارەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە لەگەڵ پارتی، ئەم ئەنجامە دەرهاوێشتەی سیاسەتی سەرکەوتووانەی پارتی لە پرۆسەی حوکمڕانی و ئیدارەداندا، نیشانەی ڕۆڵی کاریگەریی پارتییە لە خزمەتکردنی خەڵک و بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەردا، ئەم دەنگ و کورسییانەی پارتی، ئەوە دەخەنە ڕوو، پارتی تەنها قسە ناکات بەڵکو کرداری هەیە و کردارەکانیشی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندان.

ئەنجامەکان، ڕۆڵی پارتی کاریگەرتر و بەهێزتر دەکەن لە پرۆسەی داهاتووی سیاسی عێراقدا، هەرچەندە هەردەم پێگەی پارتی لە عێراقدا کاریگەر و بەرچاو بووە، بەڵام ئیدی بۆ پارت و لایەنە سیاسیەکانی دیکەی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دیدگا  و سیاسەتی پارتی جیاوازتر دەبێت، چونکە پارتی ئیدی خاوەنی زۆرترین دەنگی خەڵکە لە هەموو عێراق، واتا ناکرێت لە هیچ بڕیارێکی سیاسی و یاسایی عێراق، تێڕوانینی پارتی بە هەند وەرنەگیرێ بەڵکو دەبێت پارتی وەکو هێزی کاریگەر و یەکلاییەکەرەوە لە پرۆسەی سیاسی داهاتوودا تەماشا بکرێت.

بێگومان ئەم سەرکەوتنەی پارتی لە ستراتیژە گرنگ و بایەخدارەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە، چونکە خاوەنی پڕۆژەی نیشتمانیە و ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی خەڵک و ئاوەدانی زیاتر بووە، بۆیە هەردەم پێشەنگ دەمێنێتەوە و یەکەمی هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP