لە سەردەمی گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆجیا و فراوانبوونی ڕووبەری گەیاندن (ماس میدیا) لە هەرێمی کوردستان، کە بەردەوام دابینکردنی زانیاری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ئاسانتر دەکات، بەڵام هاوکات دیاردەیەکی مەترسیداری ئەخلاقی و پیشەییشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. ئەم دیاردەیە چیتر تەنها پێشێلکردنێکی سادەی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی نییە، بەڵکو دەکرێت ناوی بنرێت "نەخۆشی میدیایی"، چونکە وەک پەتایەک کاریگەرییەکی نەرێنی و ژەهراویی قووڵی لەسەر ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، سیاسەت، و پێشکەوتنی فیکری و دەروونی تاک هەیە.
لەم توێژینەوەیەدا هەوڵمداوە بە شێوەیەکی قووڵ و ڕەخنەگرانە ئەو میکانیزمە شاراوە و ئاشکرایانە شڕۆڤە بکەم کە لەلایەن زۆرێک لە دەزگا میدیاییە ناپڕۆفیشناڵەکانەوە پەیڕەو دەکرێن.
فۆکەسی سەرەکیی وتارەکە لەسەر شیکردنەوەی چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕق، توندوتیژی، یاریکردن بە عاتیفە، و بەکاڵاکردنی مرۆڤ و ژیانی تایبەتی خەڵکە وەک ئامڕازێک بۆ بەدەستهێنانی قازانجی بازرگانی، لایک و کۆمێنت، جێبەجێکردنی ئەجندای حیزبی و سیاسی، یان تەنانەت بەرژەوەندیی دەرەکی.
ئامانجم لەم وتارە تەنها دەستنیشانکردنی کێشەکە نییە، بەڵکو بەدواداچوونە بۆ لێکەوتە کۆمەڵایەتی، دەروونی، و نیشتمانییە قووڵەکانی ئەم دیاردەیە، وەک لاوازکردنی متمانەی گشتی، کوشتنی ئازادیی ڕاستەقینە و بیرۆکە و داهێنان، و قووڵکردنەوەی دابەشبوونە حیزبی و ناوچەگەرییەتی. لە کۆتایی ئەم نووسینەشدا زنجیرەیەک ڕێگە و ڕێبازم بۆ چارەسەری ئەم دیاردە نەرێنییە میدیاییە خستووەتەڕوو. وەک پێشنازی ڕێکاری یاسایی، دامەزراوەیی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی، بۆ گەڕانەوەی شکۆ و ڕۆڵی ڕاستەقینەی میدیا وەک "دەسەڵاتی چوارەم" و هۆیەکی چاکسازی نەک هۆکارێک بۆ چەقبەستوویی.
١. کۆیلایەتی ژمارە و بازرگانی ڕق: قۆستنەوەی توندوتیژی و ورووژاندن
لەگەڵ پێشکەوتنی بەرچاوی تەکنەلۆژیا و فراوانبوونی ڕووبەری میدیایی لەهەرێمی کوردستان (ماس میدیا)، دیاردەیەکی مەترسیداری میدیایی-ش سەریهەڵداوە، کە تەنها کێشەیەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکو کاریگەرییەکی نەرێنی قوڵی لەسەر ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگە، سیاسەت، و پێشکەوتنی فیکری و پەروەردەیی هەیە.
ئەو دیاردەیە وەک نەخۆشییەکی میدیایی بەچەندین شێواز کاریگەری و ڕۆڵی نەرێنی خۆی دەسەپێنێت بەسەر فیکر و دەروونی تاک و ژیانی کۆمەڵگە بەگشتی. ئەو شێواز و ڕۆڵە نەرێنییەی دیاردەی میدیایی، کە وەک نەخۆشی دەردەکەوێت، بەزۆری خۆی دەبینیتەوە لە بڵاوکردنەوە و وروژاندنی ناوەڕۆکی توندوتیژی و ڕق لەلایەن زۆرێک لە میدیای کوردییەوەیە، کە ئەمڕۆ بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ئاڵنگارییەکان کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی کوردی بووەتەوە.
ئەم دیاردەیە تەنها ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری نییە، بەڵکو میکانیزمێکی ستراتیژییە کە لەلایەن زۆرێک لە دەزگا گەورە و بچووکەکانەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی حیزبی، سیاسی، یان تەنانەت بازرگانی و ئەجندای دەرەکییەوە بەکار دەهێنرێت و ئاڕاستە دەکرێت.
بەکارهێنانی ڕق و توندوتیژی وەک ئامڕازی سود، لەلایەن دەزگا میدیاییە ناپڕۆفیشناڵەکانەوە، بە تایبەتی لەسەر پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، ڕق، توندوتیژی، و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان وەک "ماددەیەکی خام" بەکار دەهێنرێت. ئەم ناوەڕۆکە بە پەلە و بەشێوەیەکی وروژێنەر بڵاو دەکرێتەوە چونکە توانای دروستکردنی "شۆک و کارلێکی زۆر"ی هەیە. ئەوان باش دەزانن کە چیرۆکی پڕ لە توندوتیژی، گرتەی ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆی ناکۆکی و پێکدادانە جیاوازەکان، یان لێدوانی ڕقئامێزی سیاسییەکان، زۆرترین کۆمێنت، لایك و شەیر بەدەست دەهێنن. بەم شێوەیە، ئامانجی سەرەکی دەگۆڕێت لە گواستنەوەی ڕاستییەکانەوە بۆ "کۆکردنەوەی ژمارە"، ئەمەش ڕێڕەوی سەرمایەداری لیبڕاڵە: ئەوەی زیاتر دەفرۆشرێت قازانجە و ئەخلاقییە” (لێرەدا: گەرمکردنی بازاڕی ڕق و ناکۆکی و جنێوفرۆشی مادام کارلێکی زیاتر دروست دەکات)، بە "ئەخلاقی" هەژمار دەکرێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ زیانێک بە دەروونەکان و کۆمەڵگە دەگەیەنێت. ئەوەی دەیکەن گەرمکردنی بازاڕی ڕق و جنێوفرۆشییە، بۆ کارلێکی خەڵک.
٢. یاریکردن بە سۆز و دابەشکردنی کۆمەڵگە: مەرامی حیزبی، ئایینی و ناوچەگەرێتی
یەکێکی تر لە شێوازە سەرەکییەکان، بریتییە لە یاریکردن بە عاتیفەی دینی، مەزهەبی، و حیزبیی خەڵک. میدیای کوردی، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکان یان هەڵبژاردنەکاندا، هەوڵ دەدات بە بەکارهێنانی گوتارێکی سۆزدار و ئایدیۆلۆژیانە، جەماوەر بەلای خۆیدا ڕابکێشێت: بەکارهێنانی کێشەی نێوان پارتە ئیسلامییەکان و عەلمانییەکان، یان دروستکردنی بابەتی هەستیار لەسەر پرسە دینییەکان، وەک پیشاندانی بەردەوامی دیمەنەکانی شەڕ و خەڵکی غەززە، یان وەک ئەوەی ئێستا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن سەرۆک حیزبەکان قسەیەکی سۆحبەت بەیەکتری دەڵێن" بۆ ئەوەی خەڵک بکات بە دوو بەرەی دژ بەیەکدا و ململانێیەکی سۆزدار لەسەر بنەمای باوەڕ و ئایدۆلۆژی و ناوچەگەرێتی، و حیزبی و عەشیرەتی دروست بکات.
حیزبی و ناوچەگەرێتی بە نموونە: توندکردنەوەی دابەشبوونی جوگرافی و سیاسی (نموونەی دابەشبوونی ناوچەی "سەوز و زەرد" میدیاکان بە شێوەیەکی بەردەوام، هەوڵی یەکترتاوانبارکردنی نێوان دوو بەرەکە دەدەن. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی سۆزدار و ئینتیمایی بیر بکەنەوە نەک بە شێوەیەکی عەقڵانی و نیشتمانی. هەروەک ئەنجامەکەشی بریتییە لە قووڵبوونەوەی دابەشبوونی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ئینتیمای حیزبی، کە ئەمەش زەمینە دەڕەخسێنێت بۆ تێکچوونی پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و هەڵدانەوەی برینە کۆنەکان، و ڕێگری کردن لە دروستبوونی یەکدەنگی لەسەر پرس و کێشە نیشتمانییەکان. بڵاوکردنەوەی ئەو ناوەڕۆکانە، چەندین کاریگەری نەرێنی قوڵی تریان هەیە. لەوانەش بێهیوایی و ئاشتی دەروونی: بڵاوکردنەوەی بەردەوامی توندوتیژی و ڕق، کەشێکی دڵەڕاوکێ و نائومێدی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاو دەکاتەوە کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوەکان و زیادبوونی نائارامی دەروونی خەڵک.
پێشێلکردنی مافە مرۆییەکان: بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەکانی توندوتیژی، یان هەر گرتەیەکی تری پەیوەست بە ژیانی کەسی تاکەوە، نەک تەنها ئیتیکی نییە، بەڵکو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پاراستنی شکۆی قوربانییانە. میدیا لەم حاڵەتەدا لە چوارچێوەی ڕۆڵەکەی دەردەچێت و دەبێتە بەشێک لە کێشەکە و بڵاوکەرەوەی تاوان و شکاندنی شکۆی تاک و خێزانەکان و هۆکاری شڵەژاندنی دەروونی خەڵک.
پەروەردەی هەڵە: ئەم جۆرە میدیایە دەبێتە "مامۆستایەکی درۆزن، نەرێنی" بۆ نەوەی نوێ، بەتایبەت گەنجان و منداڵان، کە دەبینن توندوتیژی و ڕق و دژایەتی، وەک کەرەستەیەکی ئاسایی و قبوڵکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر شێوازی پەروەردەی کۆمەڵگە و فێربوونی لێبوردەیی دەبێت.
ئەم ڕێچکە هەڵەیەی بەشێک لەمیدیای کوردی گرتوویەتیە بەر، بەرئەنجامی تێکەڵبوونی بازرگانی و سیاسییەتە لە میدیادا، کە تێیدا ئامانجی فیکری و پەرەوەردەیی و نیشتمانی مرویی بە تەواوی پشتگوێ خراوە و تەنیا مەرامی حیزبی، سیاسی، و بازرگانی و دەرەکی زاڵ بووە.
٣. بەکاڵاکردنی شکۆی مرۆڤ: قۆستنەوەی ژیانی تایبەت خەمباری و کەسانی لاواز
بەکارهێنانی کەسایەتییە لاوازەکان و ژیانی تایبەتی خەڵک: بە سود وەرگرتن لە ئازار و ڕەفتار، گوفتار و جیاوازی تاکەکان، وەک بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ژیانی تایبەتی خەڵک، کە دیوێکی تاریکی تری ناپیشەییبوونی میدیای کوردییە، و ئەوە دەردەخات کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ناشارەزایی، و پێشێلکردنی قووڵی مافی مرۆڤ و نەبوونی ویژدان و ئەخلاقییەوە هەیە. ئەم دیاردەیە تەنها گوزارشت لە پێچەوانەیی ئیتیکی ڕۆژنامەگەری ناکات، بەڵکو دژی بنەماکانی مرۆڤایەتییە.
یەکێک لە شێوازە سەرەکییەکانی ئەم میدیایە، مامەڵەکردنە لەگەڵ مرۆڤ وەک کاڵایەکی میدیایی بۆ بەدەستهێنانی بینەر و کارلێک. ئەمە بەتایبەتی لە سێ ئاراستەی سەرەکییەوە بەدی دەکرێت، یەکەم: بەکارهێنانی کەسانی بەخشراو، و خاوەن پێداویستی تایبەت: میدیا ناپڕۆفیشناڵەکان زۆرجار ڕوو دەکەنە ئەو کەسانەی کە کێشەی دەروونی، فیزیکی، یان کۆمەڵایەتییان هەیە. دەیانخەنە سەر شاشەکان، لێدوانەکانیان دەبڕن و لە دەرەوەی کۆنتێکست بڵاوی دەکەنەوە یان بە شێوەیەک پیشانیان دەدەن کە جەخت لەسەر لاوازی یان نەرێنیەتی جیاوازییەکانیان لەناو کۆمەڵگە بکاتەوە، نەک تواناکانیان. ئامانج لێرەدا تەنها وروژاندنی سۆز و بەزەیی خەڵک یان پیشاندانیانە بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە، جا بۆ بەلاڕێدانی خەڵک بێت لەسەر پرسە نیشتمانییە گشتییەکان یان بۆ کۆکردنەوەی لایك و کۆمێنت بێت، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی ئەم کردارە تا چەند ئەخلاقییە. یان چ کاریگەریەکی نەرێنی و شکانەوەی شکۆی مرۆڤ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
تێبینیم کردووە لە چەند میدیایەکی زەبەلاحی ئەم هەرێمە کە: لەسەر بودجە و قوتی خەڵک دامەزراون و بەڕێوە دەبرێن، و خۆیان بە “پڕۆفیشناڵ وەسف دەکەن" و ساڵانە چەند خەڵاتێکی ساختە کە بە پارەی فرمێسک و خوێنی خەڵکی ئەم هەرێمە دەکڕدرێن، پیشانی دەدەن”، گوایە" زۆر خزمەتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکەیان کردووە و پڕۆفیشناڵانە بەرهەمەکانی پێشکەشکردووە" کەچی پڕۆگرامی وا پێشکەش دەکات، پێشکەشکارەکەی لە شوێنی پۆلیس و یاسا و سیستەمی دادوەری داناوە و کێشەی تایبەتی و خێزانی و دادگاکان ڕاستەوخۆ دێاێتە سەرشاشە و لێپێچینەوە لەخەڵک دەکات. ئەمەش نەک هەر نا ئەخلاقییە، و دوورە لە پیشەیی بوونی کاری میدیایی و ئەخلاقی ڕۆژنامەگەری، بەڵکو سوکایتیکردنیشە بە شکۆی مرۆڤ، شکۆی دادگا و دادوەر و یاسا لەم هەرێمە.
ڕەفتارێکی تری میدیای کوردی بڵاوکردنەوەی خەم و پرسەی خەڵک،ە ئەم دیاریدەیە مەترسیدارترین شێوەی ئەم بەکاڵاکردنەیە. وەرگرتنی لێدوان و گرتنی وێنەی کەسانی خەمبار کە ئازیزێکیان لەدەستداوە، بەتایبەتی لەکاتی پرسە و شیندا. کە ئەم دەزگایانە کامێرا دەبەنە سەر فرمێسک و دەنگی گریان، و پرسیاری سۆزدارانە لەخاوەن پرسە و قوربانییەکان دەکەن بۆ ئەوەی ئازارەکە گەورەتر بکەنەوە و هەستی بینەران بجووڵێنن. ئەمە نەک تەنها دژی هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی ڕۆژنامەگەرییە (کە پێویستە ڕێز لە خەم و دۆخی دەروونی قوربانی بگرێت)، بەڵکو پێچەوانەی ویژدانی مرۆییە، ئەم ڕەفتارە ئازاری تاک دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی داهاتی بازرگانی یان پڕکردنەوەی بۆشایی کاتی پڕوپاگەندە.
شێوازێکی تری نەرێنی و ناپیشەییبوونی میدیایی کوردی، پەیوەندی بە دەستوەردانی ژیان و شتە تایبەتەکانی خەڵکەوە هەیە. میدیایی ساختە تەنانەت کار لەسەر شێوازی جلوبەرگ، نەشتەرگەری جوانکاری کەسی، شێوازی میکیاج، یان پیشاندانی لەشولاری ئافرەتان و کەسەکان دەکات لەپێناو قازانجی کۆمێنت لایک. ئەو میدیا ساختانە جەخت لەسەر هەر شتێک دەکەنەوە کە "جیاواز" یان ورژێنەر و "شۆککەر" بێت، بۆ ئەوەی پێکدادانی فکری زیاتر بێت و ململانێی کۆمەڵایەتی و حیزبی و ڕەخنەی خەڵك دروست بکەن، لەپێناو قازانجی لاوەکی و کاتی خۆیان ئامادەن ژەهر بڕێژن.
شکاندنی حورمەت و تانە لێدان: میدیای ناپڕۆفیشناڵ تایبەتمەندییە کەسییەکان بەکاردەهێنێت بۆ تان و تەشەر(توانج) لێدان بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە یان هاندانی کاردانەوەی جەماوەری، تا دەگاتە ئاستی ناوزڕاندن و تەشییر و شکاندنی کەسایەتی. زۆرجار پارچە ڤیدیۆیەکی بڕدراو یان چەند وشە و دەربڕینێکی کەسێتییەک بە کورتی، و بەئارەزووی خۆیان دادەنێن بۆ ئەوەی خەڵک بەلاڕێدا بەرن و کارلێک دروست بکەن. لەکاتێکدا ئەم جۆرە کردارانە دژی بنەمای مافی ژیانی تایبەتی و مافی تاکە لەوەی شێوازی ژیانی خۆی دیاری بکات، تەنها ئەگەر دژی یاسا نەبێت.
بەکارهێنانی ژنان وەک کاڵا: ئەم کردارە بە تایبەتی ژنان دەکاتە ئامانج، بە پیشاندانی بەشێک لە جەستە یان جلوبەرگیان بە شێوەیەک کە لەدیدی کۆمەڵگە جۆرێک نامۆی پێوە دیارە بۆ سەرنجی سێکسی، یان ڕەخنەی کۆمەڵایەتی بۆ خۆی ڕابکێشێت. لێرەدا، بەها و ناوەڕۆک و پەیامی ژنەکە پشتگوێ دەخرێت و تەنها شێوازی دەرکەوتنی دەبێتە ترێند و بابەتی گەرمی میدیا، کە بەداخەوە ئەم جۆرە بەکاڵاکردنە تەنانەت بێژەر و پێشکەشکارەکانی خۆشیان دەگرێتەوە. ئەمەش بە ئاشکرا دژی بنەماکانی یەکسانی جێندەری و نەهێشتنی بەکاڵاکردنی ژنانە. سەیر لەوەدایە لەو لاشەوە سەری هەموو پڕۆگرام و تەوەرێکی لەسەر مافی ژنان و کچان پێشکەش دەکات، و باسی ماف و ئازادی ژن دەکات"، ئاخر ئەمە چەندی بەچەند؟
بێگومان هەموو ئەمانە لێکەوتەی نەرێنی دەروونی و کۆمەڵایەتی خۆیان هەیە و کاریگەری ئەم جۆرە دەزگا و پەیجە میدیایانە لەسەر تاک و کۆمەڵگە زۆر مەترسیدارە و زیانی دەروونی قووڵی هەیە: ئەو کەسانەی دەکەونە بەر ئەم لێشاوی بڵاوکردنەوەیە، تووشی سترێس، دڵەڕاوکێ، و زیانگەیاندن بە ناوبانگیان دەبن. ئەمەش دەتوانێت کاریگەری خراپی درێژخایەنی لەسەر ئاسایشی ژیانی کەسی و کۆمەڵاتی و خێزانی و پیشەییان هەبێت.
کپکردنی ئازادی و جیاوازی: لەکاتێکدا کە میدیا دەبێ بەها بە ئازادی و جیاوازییەکانی کۆمەڵگە بدات، و لەپێناویدا خەبات بکات، وەک چۆن پێویستە میدیا ئازاد بێت. بەڵام ئەم شێوازە لە ڕووماڵکردن و ڕاگەیاندنەی، ماس میدیای کوردی، بەڕاستی زیاتر ترس و شڵەژان لەناو کۆمەڵگەدا دروست بووە بەرامبەر بە ئازادی و جیاوازیەکان. خەڵك دوودڵن لە دەربڕینی خۆیان یان هەبوونی شێوازی ژیانی جیاواز، چونکە ترسی ئەوەیان هەیە ببنە ترێندی نەرێنی و قوربانی میدیا و چەقی ڕەخنە و گاڵتەجاڕی کۆمەڵایەتی. ئەمەش دەبێتە هۆی یەکڕەنگکردنی کۆمەڵگە و کوشتنی ئازادی تاک و داهێنان و بیرکردنەوەی جیاواز. کەواتە میدیا لە هەرێمەکەمان نەک هەر نەیتوانیوە ببێتە هۆکار یان سەکۆیەک بۆ وشیارکردنە و پێشکەوتنی تاک و کۆمەڵگە، بەڵکو ڕۆڵی خراپی هەیە بۆ چەق بەستوویی و دواکەتوویی.
بێباکی ئەخلاقی: بەردەوامی ئەم جۆرە لە ناوەڕۆک، و نابەرپرسیاریەتییەی میدیا، وادەکات ئاستی هەستیاری ئەخلاقی لای جەماوەر داببەزێت. بڵاوکردنەوەی بەردەوامی ژیانی تایبەتی خەڵک، وا دەکات چیتر خەڵک بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ پێشێلکردنی مافی تاک بکەن، و سنوورەکانی نێوان گشتی و تایبەت نەمێنن. یانی بەجدی وای لێهاتووە هەرکەسێک بتوانێ ڤیدیۆ و وێنە، ناوەڕۆکی تایبەتی ژیانی خەڵک بڵاوبکاتەوە بە مەبەستی گاڵتەجاڕی، یان شکاندنی کەسەکان، بۆ پڕکردنی خەزێنەی کۆمێنت و لایک. جێی بەبیرهێنانەوەیە ئەم نەخۆشییە ئەخلاقییە، لەبنەڕەتدا ڕەگەکەی لە سەرمایەداری لیبڕاڵی بێبەزەییەوە سەرچاوەی گرتووە. بەوەی: "هەرشتێک بۆ من قازانج بێت گرینگە" بەبێ پرسیارکردن دەربارەی ئەوەی کە تاچەند ئەو قازانجە بۆ من ئەخلاقییە" یان زیانبەخشە بۆ ئەوانی تر. هەر بەمجۆرەش میدیای ساختەی نابەرپرس، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیڕەوی ئەقڵیەتی "هەرشتێک بینەر و خوێنەر، و کۆمێنت و لایک زۆر بۆ من کۆبکاتەوە، باشە" دەکات، بەو پێیەی سۆز و خەم و ئازار و ورژاندن، و لاوەزەکان و جیاوازییەکان، خێراترین ڕێگەن بۆ بەدەستهێنانی بینەر، بەکاریان دەهێنێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ زیانێک بە شکۆی مرۆڤ و بەهای کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت.
٤. ستراتیژیی کۆنترۆڵی دەسەڵات: میدیای سێبەر و کپکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە
ستراتیژییەتی کۆنترۆڵکردن و بێدەنگکردنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە: بەشێکی تری ئامانجی دەزگا میدیاییە ساختە و ناپڕۆفیشناڵەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە دەسەڵات و حیزبن، بریتییە لە لاوازکردن و پەراوێزخستنی هەر دەنگێکی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە و سەربەخۆ، بەمەش ڕێگە لە وشیاربوونەوە و گەشەی ڕای گشتی ئازاد دەگرن.
ئەم ستراتیژییە لە ڕێگەی چەندین میکانیزمی ئاڵۆزەوە جێبەجێ دەکرێت.
١. دروستکردنی "میدیای سێبەر" بە ناوی میدیای ئازاد، یان ئازادی میدیایی. یەکێک لە تاکتیکە زیرەکییە شەیتانییەکانی حیزبەکان بە ئۆپزسیۆن و دەسەڵاتەوە، بریتییە لە دروستکردن و پاڵپشتیکردنی دارایی "میدیای سێبەر" کە لە ڕووکەشدا خۆیان وەک دەزگای سەربەخۆ، بێلایەن یان تەنانەت ئۆپۆزیسیۆن دەناسێنن، بەڵام لە واقیعدا خزمەت بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی کەسێتی و گرووپێکی دیاریکراوی دەسەڵاتدار.
ئەم جۆرە میدیایەی کە پێی دەگوترێت میدیای سێبەر" یان نزیک لەم و لەو، بەزۆری دوو ئامانجی سەرەکی هەیە: جذبکردنی جەماوەری بێزار و تووڕە: سەرەتا ئەو جەماوەرە ڕادەکێشن کە لە میدیای ڕاستەوخۆی حیزبی بێزارن، بەڵام دواتر هەمان گوتاری ژەهراوی و ئاڕاستەکراوی حیزب و بنەماڵەکانی دەسەڵات لەفۆڕمێکی "سەربەخۆ" بەسەریاندا دەسەپێنن.
ناوزڕاندنی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە: ئەم سێبەرانە وەک پردێک بەکار دەهێنرێن بۆ هێرشکردن و ناوزڕاندنی ئەو کەس و لایەنانەی کە بەڕاستی دژی گەندڵی دەسەڵات دەوەستنەوە، بەشێوازێک کە میدیای ڕاستەوخۆی حیزبی ناتوانێت لەهەردۆخێکدا بەکراوەیی و هێرشی میدیایی ئەنجام بدات.
هێنانە پێشەوەی کەسانی نابابەتی و بێناوەڕۆک و ماستاوچی: میدیای حیزبی و سێبەر، زۆرترین جار لەکاتی لێدوان ورگرتن، وتار، بانگهێشتکردنی میوان و شیکارییەکاندا، پەیڕەوی بنەمای "ماستاوچێتی و ڕێکلامکردن بۆ حیزب و سەرۆک" دەکەن، نەک بنەمای داهێنان، بیرۆکە و شارەزایی قووڵ و بێلایەنی.
* بەواتایەکی تر، میدیای حیزبی بە مەبەست تەنها کەسانێک دەهێننە پێشەوە کە قسەکانیان دووبارەکردنەوەی گوتاری فەرمی حیزبە یان تەنها ستایشکردنی سەرکردەیەکە. ئەم کەسانە زۆرجار خاوەنی هیچ بیرۆکە و ئەزموون و توێژینەوەیەکی قووڵ نین، بەڵکو تەنها جورئەتی کۆیلایەتی، و توانای ستایشکردن و ڕیکلامکردنیان هەیە بۆ کەس و خێڵ و حیزب.
ئەم سیاسەتەش وادەکات ئەو کەسایەتییانەی بەڕاستی شارەزان و خاوەن بیرۆکەی چاکسازین، پشتگوێ بخرێن یان پەراوێز بخرێن و دیار نەبن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کوالێتی گفتوگۆی گشتی دابەزێت و ڕێگە لە ڕەخنەگرتن و پێشکەشکردنی چارەسەری ڕاستەقینەی کێشەکان دەگیرێت.
کۆنترۆڵی دارایی و کاریگەری کۆمپانیا حیزبییەکان: یەکێکی تر لە ڕەهەندە قووڵەکان، بریتییە لە بەکارهێنانی ئامرازی دارایی بۆ کۆنترۆڵکردنی دەزگا میدیاییەکان، تەنانەت ئەوانەشی کە لە ڕووکەشدا سەربەخۆن. کۆمپانیا زەبەلاحەکانی سەر بەحیزب و بناماڵە و دەوڵەمەندەکان، لە ڕێگەی دابینکردنی سپۆنسەری تایبەت و ڕێکلامی گەورە بۆ دەزگایەکی میدیایی (کە ڕەنگە سەرەتا بە نیازێکی باش دامەزرابێت)، بەڵام زۆرجار کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر بڕیار، ئەدا، و سیاسەت و ناوەڕۆکی دەزگاکە دادەنێن.
بە واتایەکی تر، ئەو دەزگا میدیایانە لە ترسی لەدەستدانی ئەم سەرچاوە داراییە زۆرانە، ناچار دەبن چاودێری و سانسۆرێکی خۆیی لەسەر خۆیان بسەپێنن، و دەست لە بڵاوکردنەوەی ئەو وتار و بابەت و ڕاپۆرتانە هەڵبگرن کە ڕەخنە لەو کۆمپانیایانە یان ئەو حیزبانە دەگرن کە سپۆنسەریان دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی کوشتنی ئازادی ڕادەربڕین، و سەربەخۆیی میدیایی لەسەر بنەمای ئابووری.
لەهەموویان کارەساتبارتر لاساییکردنەوەی خراپی میدیای ئۆپۆزیسیۆنە: جێگەی داخە، ئۆپزسیۆن و میدیای ئۆپۆزیسیۆنیش، هەمان ڕێچکە ناپڕۆفیشناڵانەی میدیا و حیزبی دەسەڵاتیان گرتووەتەبەر. لە جیاتی پابەندبوون بە ئیتیکی ڕۆژنامەگەری و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەی ڕاستگۆیانە، دەکەونە ناو چاڵی تۆڵەسەندنەوە و کاردانەوە: بەکارهێنانی هەمان شێوازی ڕق، هێرشی کەسی، و نێگەتیڤکردن دژی سەرکردەکانی تری ئۆپزسیۆن، بابەخدان تەنها بەو کەس و بابەتانەی کە لەخۆیانەوە نزیکن، و لەبەرژەوەندیانە. ئەمەش جگەلەوەی خزمەت بە حیزبی دەسەڵات دەکات، لە ڕووی ئەخلاقییشەوە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەو کار و ئەدایەی میدیای خێڵەکی و حیزیبە دەسەڵاتدارەکان دەیکەن.
لەفۆڕمی ئۆپزسیۆنیدا، دووبارەکردنەوەی دابەشبوونەکانە: ئۆپزسیۆنیش میدیای سێبەری دامەزراندووە کە هەر ژەهر دەڕێژێت و کاری شکاندنی شکۆی کەسێتی و ژیانی تایبەتی نەیارەکانیەتی، تەنانەت بەبێ بەڵگەش. بەردەوامیدان بە گوتاری دابەشکاری و توندکردنەوەی ناکۆکییە ئۆپزسیۆنی و کەسی و حیزبییەکان ، و قووڵکردنەوەی ناوچەی سەوز و زەرد، و .. هتاد.. لە جیاتی کارکردن بۆ دروستکردنی گوتارێکی یەکگرتووی ئۆپزسیۆنی نیشتمانی لەسەر کێشە بنەڕەتییەکان.
لێکەوتە گشتییەکان: بەگشتی، ئەنجامی ئەم نەخۆشییە میدیاییە، تەنها لاوازکردنی ئۆپۆزیسیۆن نییە، بەڵکو تێکدانی متمانەی گشتییە بە تەواوی پرۆسەی میدیایی، ئینجا با هەر ژمارەی پەیج و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆن زۆر و بۆر بێت، کاریگەری نیە لەسەر پێشکەوتنی ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری کوردی. کاتێک میدیا بە گشتی دەبێتە چەکێکی حیزبی و کەسی، کۆمپانیای کەسی، پرسیارکردن لە دەسەڵات دەبێتە کارێکی زۆر سەخت. ئەمەش وادەکات پرۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری لە گۆڕەپانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا بوەستێت. میدیا لەبری ئەوەی ببێتە هۆی وشیارکردنەوەی خەڵک و گەیاندنی ڕاستییەکان و "دەسەڵاتی چوارەم" بێت و چاودێری دەسەڵات بکات، دەبێتە ڕێکلامکەر و پارێزەری ئەجندای کەسی و حیزبی خێڵ و سەرکردەکان. ئەمەش وادەکات گەندەڵی و سیستمی حیزبی خێڵەکی بەردەوام بێت، چونکە هیچ دەنگێکی بێلایەن نییە کە بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ پرسیار بکات. هەرئەمەش وای لە کۆمەڵگەی کوردی کردووە لە نێوان دوو جۆر میدیای ناپڕۆفیشناڵدا گیر بخوات: میدیای دەسەڵاتی زاڵ و میدیای ئۆپۆزیسیۆنێکی توند و تەقلیدی دەسەڵات، کە هەردووکیان پابەند نین بە بنەما ئەخلاقی و پڕۆفیشناڵی ڕۆژنامەگەری.
کاریگەری دەرەکی و ستراتیژییەتی کۆنترۆڵی ناوچەیی بەهۆی میدیا: لێکەوتە نەرێنییەکانی میدیای ناپڕۆفیشناڵی کوردی تەنها لە ململانێی ناوخۆیی و حیزبی سنووردار نابنەوە، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆشی بە کاریگەری و ئامانجە سیاسییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە هەیە. هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ یان هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، میدیای کوردی وەک ئامرازێکی کاریگەری هێزە نەرمەکان بەکار دەهێنن بۆ چەسپاندنی ئەنجدا و بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە هەرێمدا.
ستراتیژییەکانی کاریگەری دەرەکیش ئەمانەیە: پاڵپشتی دارایی ئاڕاستەکراو. هەندێک دەوڵەت، ناوەندی سیاسی، یان گرووپی بازرگانی دەرەکی، بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، پاڵپشتی دارایی ئەو دەزگا میدیاییانە دەکەن کە خزمەتی گوتار یان بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەکەن.
ئەم پاڵپشتییە هەندێکجار، لەژێر ناوی "پرۆژەی ڕۆشنبیری" یان "پەرەپێدانی میدیای ئازاد" ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجیان گۆڕینی بیر و ڕای گشتی ناوخۆیی و غەفڵەتکردنی کۆمەڵگەی کوردییە بە شتی لاوەکی بە قازانجی ئەوان.
بەرهەمهێنانی ناکۆکی ناوخۆیی: کاریگەری دەرەکی بەنهێنی هەوڵ دەدات بە بەردەوامی سوود لە کێشە و ناکۆکی و دابەشبوونی نێوان حیزبەکان و ململانێ ناوەخۆییەکانی هەرێم وەربگرێت. هەر ئەوەشە کە میدیا ئاراستەکراوەکانیان ، بە تایبەتی لە کاتی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکاندا، گوتارێکی دابەشکارانە و ڕقئامێز پەرە پێدەدەن. ئامانجیشیان بریتییە لە لاوازکردنی یەکڕیزی نیشتمانی: ڕێگریکردن لە دروستبوونی یەکدەنگی لەسەر پرسە چارەنووسساز و نیشتمانییەکان، وەک پرسی خاک، نەوت، سنوورەکان، یان پەیوەندیەکانی هەرێم و بەغدا.
ئامانجێکی تر بۆ سەرقاڵکردنی دەسەڵاتی ناوخۆییە: هێشتنەوەی سەرکردە و حیزبە کوردییەکان بەردەوام لە ململانێیەکی بێ ئەنجامی ناوخۆییدا، بەمەش، ئەگەر بشیانەوێ، دەرفەتی بیرکردنەوەی ستراتیژی و گەشەپێدانی ئابووری و سیاسییان کەم دەکاتەوە.
زاڵکردنی ئەجێندای ناوچەیی: هەندێک دەزگا میدیایی، بە هۆکاری دەرەکی، هەوڵ دەدەن پرسەکانی نەتەوەیی کورد لە ناوچەکانی تری وڵاتانی دراوسێ، بە شێوازێک بخەنە ڕوو کە خزمەت بە بەرژەوەندی ئەو وڵاتە دەکات و دژی بەرژەوەندیی گشتی کوردییە. هەروەها لەڕێگەی هاوردەکردنی کەلتووری ئەوان، جا چ لەڕێگەی کەلتووری نامۆوە یان سیاسی و ئاینیەوە بێت.
بێگومان لێکەوتە ستراتیژییەکانی کاریگەری دەرەکیش لە ڕێگەی میدیای کۆنترۆڵکراوەوە، ڕێگە بە دروستبوونی دەسەڵاتێکی ناوخۆیی سەقامگیر و گەشەسەندوو نادات، چونکە بەردەوام ژینگە بۆ ناکۆکی ئامادە دەکات. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر هەستی نیشتمانی، ئاشتی کۆمەڵایەتی، و دڵسۆزی خەڵک بۆ خاکی خۆی دروست دەکات.
٥.چارەسەر و ڕێکارەکان بۆ گەڕانەوەی شکۆی میدیا: ڕێڕەوی یاسایی، پەروەردەیی و جەماوەری
چارەسەرکردنی ئەم کێشە قووڵانەی میدیای ناپڕۆفیشناڵ پێویستی بە هەوڵێکی چوارچێوەیی و گشتگیر هەیە، کە هەردوو لایەنی دامەزراوەیی و جەماوەری بگرێتەوە.
١. ئاڕاستەی یاسایی و دامەزراوەیی: چارەسەری ئەمە دەبێت لەسەر بنەمای بەهێزکردنی یاسا و میکانیزمەکانی چاودێری بنیات بنرێت:
_نوێکردنەوە و جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری: پێویستە یاساکانی ڕۆژنامەگەری بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نوێ بکرێنەوە و ڕێکبخرێن، و بە توندی جێبەجێ بکرێن، بەتایبەتی لەبارەی سزادانی ئەو دەزگایانەی ناوەڕۆکی ڕقئامێز، توندوتیژی، یان پێشێلکاری مافی مرۆڤ بڵاو دەکەنەوە. دەبێت سزای دارایی و یاساییەکان هێندە بەهێز بن کە ببنە مایەی دوودڵی بۆ ئەو دەزگایانەی پابەند نابن.
دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای سەربەخۆی میدیایی: پێویستە دەستەیەکی بێلایەن، کە لەلایەن پڕۆفیشناڵان، ئەکادیمییەکان، و کەسانی شارەزای یاساییەوە پێک بێت، دروست بکرێت. ئەم ئەنجومەنە دەبێت وەک دەستەیەکی سەربەخۆ، تەنها چاودێری جێبەجێکردنی ئیتیکی ڕۆژنامەگەری بکات و لەلایەن هیچ هێزێکی سیاسی یان حیزبییەوە کۆنترۆڵ نەکرێت. ئەم ئەنجومەنە دەبێت سندووقێک بێت بۆ وەرگرتنی سکاڵای جەماوەر.
شەفافیەتی سەرچاوەی دارایی: دەزگا میدیاییەکان بە یاسا ناچار بکرێن کە سەرچاوەی دارایی و گرێبەستەکانیان بە شێوەیەکی شەفافانە ئاشکرا بکەن. ئەمە ڕێگە لەو دەزگا سێبەرانە دەگرێت کە لەلایەن حیزب یان هێزی دەرەکییەوە بە نهێنی پاڵپشتی دەکرێن.
٢. ئاڕاستەی ڕۆشنبیری و وشیاری خەڵک: چارەسەری درێژخایەن لە گەشەپێدانی خوێندەواری میدیایی و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدایە.
پەروەردەی خوێندنی میدیایی: پێویستە پرۆگرامی خوێندنی (ڕاگەیاند) میدیایی، لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن دابنرێت. ئەم پرۆگرامە فێری تاک دەکات کە چۆن هەڵسەنگاندنی ڕەخنەگرانە بۆ هەواڵ و ناوەڕۆکی بڵاوکراوە بکات، میدیای ساختە و چاواشەکاری بناسێتەوە، و ئامانجە شاراوەکانی پشتی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی سۆزدارانە و ڕقئامێز دەستنیشان بکات.
خاڵێکی تر کە زۆر گرینگە: سەپاندنی گۆشەگیری جەماوەری. لەکاتێکدا ئێمە باسی ڕۆڵی نەرێنی میدیا دەکەین، پێویستە ئەوەش لەبیر نە کەین کە خەڵکیش بە بەژداری و دەربڕینی کارلێک بۆ ئەوشتانەی حەزی پێیەتی یان پێی دەورژێت بەپێی ئارەزووەکانی ڕۆڵیان هەیە لەئاڕاستەکردنی میدیا.
هەرچەندە نابێت میدیا بەپێی ئارەزووی خراپ هەڵسووکەوت بکات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی میدیاکاران لانیکەم دەبێ ئاستی وشیاریان بەرزبێتربێت لەخەڵکی ئاسایی، بۆیە ناکرێت ئارەزووی خراپی خەڵکی سادە وەک قازانجی دەزگای میدیایی سەیربکرێت. ئەمە وەک ئەوە وایە: کوێرێک دەستی کوێرێکی تر بگرێت، کە دواجار هەردوکیان دەکەونە چاڵەوە. کەواتە، دەبێ دەزگای میدیایی و میدیاکاران کوێرانە ناوەڕۆک بڵاونەکەنەوە. وە دەبێ خەڵک وشیار بکرێتەوە کە ئەوان خاوەنی دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی بینەرین. پێویستە خەڵک بە شێوەیەکی هۆشیارانە بڕیار بدەن کە کارلێک (لایك و کۆمێنت) لەسەرچ جۆرە بابەتێک دەکەن؟ پشتگیری لە ناوەڕۆکی توندوتیژ و ناپڕۆفیشناڵ، و پڕوپوچانە نەکەن و ئەو دەزگایانە گۆشەگیر بکەن کە ئەو جۆرە ناوەڕۆکانە بڵاودەکەنەوە کە زیانیان بۆ دەروونی خەڵک و ئاشتی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە. کاتێک خەڵک موشتەری ناوەڕۆکی خراپ نەبن، میدیا ساختەکانیش بەرهەمی ناهێنن.
پاڵپشتی میدیای سەربەخۆی ڕاستەقینە: خەڵک و ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەبێت پشتگیری دارایی و مەعنەوی ئەو دەزگا میدیاییە سەربەخۆ و کەمینانە بکەن کە پابەندبوون بە ئیتیکی ڕۆژنامەگەرییەوە و خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکەن، نەک بەرژەوەندی حیزب و خێڵ و کەسە گەندەڵەکان.
بە گشتی، گەڕانەوەی میدیا بۆ شکۆ و ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆی وەک پڕۆفیشناڵێتی.. دڵسۆزی نیشتمانی، پێویستی بە هەماهەنگی نێوان یاسا، پەروەردە، و ویژدانی ڕۆژنامەنووسان و هوشیاری جەماوەر و میدیاکاران هەیە.