دواین هەواڵ

کۆنفرانسەکەی چاتام هاوس ئایندەی عێڕاق لە ساڵی ٢٠٢٥ دا

‌د. پشتیوان فەرەج

15 کاتژمێر پێش ئێستا

دوێنێ شەشەمین کۆنفرانسی دەستپێشخەری عێڕاق لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو. لەم کۆنفرانسەدا نوخبەی سیاسی و دەسەڵات و ئەکادیمی و تینک تانکەکان و کەسایەتیە کاریگەرەکانی حزب و حکومەت بەشداری دەکەن و خۆێندنەوە و بۆچونی خۆیان بۆ دۆخی ساڵی ئایندەی عێڕاق دەخەنە ڕوو. هەرچەند من لەوێ نەبووم و تەنها بە بەشێوەی سەرهێڵ (واتە لە ڕێگەی ئیمەیل و ئۆنلاینەوە) چەند ساڵێکە موتابعەی ئەم کۆنفرانسە دەکەم ئەوەی تێگەشتم لە گفتوگۆکان لێرەدا بە کورتی دەیخەمە ڕوو بەهیوای سوودی بۆ هەموان هەبێت:

چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەڵکشاندایە

زیاتر لە دوو دەیە دوای گۆڕانی ڕژێم، پێدەچێت عێراق لەسەر ڕێگای بوژانەوە و گەشەکردن بێت. بە هۆی گرانی نرخی نەوت، حکومەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران پلانێکی گەورە جێبەجێ دەکات بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی گرنگ،لەوانەش بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دانوستاندن لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان. سیستەمی سیاسی لە زنجیرەیەک ڕووداوی شۆکهێنەر قوتاری بووە ئێستا بەغداد لە پرۆسەی چەسپاندن و بەمەرکەزیکردنی دەسەڵاتدایە لە بەغدا ئەمەش لەسایەی بەهێزی حوکمڕانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لە عێڕاق و سەقامگیریەکی بەڕواڵەتی بوونی هەیە.

ئاڵنگاریەکان چین؟

بەڵام تەحەددای سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ناوچەیی،ژینگەیی ئەگەر چارەسەر نەکرێن، هەڕەشە لەم سەقامگیرییە ڕواڵەتییە دەکەن و دوورنیە هیواکان بۆ داهاتوویەکی باشتر لەبارببا. سەرەڕای سامانی زۆری وڵاتەکە، زۆرێک لە گەنجانی عێراقی بەئاواتی دۆزینەوەی هەلی کارن لە کاتێکدا تا دێت ژینگەی چالاکیی مەدەنی بچووک و بەرتەسکتر دەبێتەوە. هاوکات، پەرەسەندنی توندوتیژیەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا هەڕەشەی ئەوە دەکات کە عێراق لە ململانێی زیاتردا تێوەبگلێت. لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢٥، ململانێ ی قوڵی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی حوکمڕانیدا ئاماژەن بۆ گێژاوی سیاسی قوڵ لە ساڵی داهاتوودا.

پرسیارە گرنگەکان چین؟

سودانی چۆن ڕووبەڕووی بەربەستەکان دەبێتەوە تا دڵنیابێت لەوەی کەپڕۆژەی گەشەپێدان بەردەوام دەبێت؟
هەنگاوەکانی بنیاتنانی دەوڵەتی یەکگرتوو و کاریگەر چین؟
چۆن ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەتوانن پاڵپشتی ئەم پرۆسەیە بکەن؟
ئایا بەبێ کورد حکومەتى ئایندە لە عێڕاق پێکدێت؟
ئایا چوارچێوەی هەماهەنگی بەبەهێزی دەمێنێتەوە و لایەنەکانی تر پەراوێز دەخات؟

چوارچێوەی هەماهەنگی کە پشتیوانی ئێرانی هەیە تاڕادەیەکی دەسەڵاتی خۆی لە عێڕاقدا چەسپاندوە و تا ڕیژەیەکی زۆر پەسەندن لەلایەن هاوڵاتیانەوە و ئەمەش پێگەی سیاسی ئەوانی بەهێزکردوە.لەبەر ئەوە چاوەڕوان دەکرێت چوارچێوە یان ئیتاریەکان سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنی ساڵی نوێ تۆمار بکەن.

هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٥

عێراق لە ساڵی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دەدات، ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە پێگەی کورد و سوننە لاواز بووە لە بەغدا لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی دەسەڵاتی چەسپاندووە وەک هێزی گەورە و پێشەنگی شیعە، ئەوەش وایکردووە گەڕانەوەی کاریگەری موقتەدا سەدر زۆر قورستر بێت و شەقام و تشرینیەکان و کۆمەڵگای مەدەنی پەراوێز یان بێدەنگ کراون.

عەبادی چی گوت؟

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق قسەکەری کاریگەری کۆنفرانسەکە باسی لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کرد. لە میانی دانیشتنەکەدا، هاوڕابوو لەسەر ئەوەی کە حکومەتی ئێستای سەرۆکوەزیران محەمەد شییاع سودانی لەلایەن زۆرینەی عێڕاقیەکانەوە پەسەندکراوە، سودانی شانسی هەبوە بەهۆی بەرزی نرخی نەوت کە ئاسانکاری بۆ گەشەپێدانی خێرای ژێرخانی وڵاتەکە کردووە.

چوارچێوە و حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی

بەبۆچونی سەجاد جیهاد چوارچێوەی هەماهەنگی توانیویەتی سەقامگیری لە دوو ساڵی ڕابردوودا بپارێزێت. تازە زۆر سەختە چوارچێوەی هەماهەنگی لە دەسەڵات دووربخرێتەوە، چونکە هێزی شیعە تادێت دەسەڵات بەسەر دامەزراوە عێراقییەکاندا چەسپێنێت. سەدر ناتوانێ بگەڕیتەوە دەسەڵات چونکە وەک کەسایەتیەکی کاریگەری ئاینی هیچ کارتێکی بەهێزی لە دژی چوارچێوە بەدەستەوە نەماوە بۆ جوڵاندنی شەقامی عێڕاقی. چونکە چوارچێوەی هەماهەنگی چیتر سزای هەوادارەکانی سەدر نادات و حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانیان پێک هێناوە ئەویش بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سوونە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی لابراوی پەرلەمان محەمەد حەلبوسی.

بەڵام بۆچونی پێچەوانە پێ ی وایە کە چوارچێوە هەموانی پەراوێز و لاواز خست و هەژمونی خۆی زاڵکرد بەسەر خۆپیشاندەرانی تشرینیەکان, سەدری وەلانا, سونە و کوردیشی پەراوێزخستوە و پاشەکشەی بە کۆمەڵگای مەدەنی کردوە.
ئایا سودانی هەڕەشەیە بۆ سەر چوارچێوەی هەماهەنگی؟

نیەتی سودانی بۆ دوبارە بەردەوامبوونی وەک سەرۆک وەزیران و پێگە بەهێزە جەماوەریەکەی هەندێک لە سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی نیگەران کردوە و ئەمەش لەوانەیە ببێت هۆی ناڕازیی لە ئایندەدا.
ڕاستە سودانی هەوڵی داوە پڕۆژەی گەورەی مێگاپرؤجێکت و ڕێگەی گەشەپێدان جێ بەجێ بکات بۆ ڕازی کردنی هەم نوخبەی سیاسی هەم هاوڵاتیان و تاڕادەیەیش هەوڵیداوە نرخی جێگیری نەوت بەکاربهێنێ بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان ژێرخانی گەورە بەڵام زۆر پرسی قورسی تر بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. لەوانەش پرسی گەندەڵی ڕێکخراو و لێنەپێچینەوە یان چاوپۆشی کردن و ئابوری عێڕاق هێشتا پشت بەنەوت دەبەستێ و ئەمەش وادەکات پلانی ئابوری مەترسی ڕووبەڕووبونەوەی هەڵاوسانی هەبێت یان کێشەی بێکاری گەنجان و چارەسەرنەکردنی پرسی گەندەڵی یان چاوپێشی لێکردنی و لاوازی کەرتی تایبەت و هێشتا حکومەتەکەی سودانی خەڵکی زیاتر دابمەزرێنێ واتە بەرزکردنەوەی خەرجی گشتی بەتالە موقنعە و ئەمەش لە ئابوریدا پێ ی دەوترێت دەوڵەتی فراوانکراوی هەڵئاوساو تاعین کردن و بەخشینەوەی موچە و زیاتر کردنی هەلی کار لە کەرتی گشتیدا کە ئاماژەن بۆ خراپ بەڕێوەبردن و ناکارامەیی و نەبوونی فیژن لە سیاسەتی بەڕێوەبردن چونکە حکومەتەکەی سودانی دڕێژەی بە سیاسەتی دەوڵەتی ئاوساو بە دامەزراندن و بەخشینەوەی موچە بەستوە کە ئەمە لەدوورمەودادا سەرکەوتوو نابێت.

ئایا کشانەوەى سەدر یەکسانە بە خۆرئاوابوونی ئەو؟

پێشوتر سەدر بەهاوپەیمانی پارتی و هاوپەیمانی سەروەری سوونەکان ویستیان حزبەکانی تر پەڕاوێز بخەن و حکومەت پێک بێنن بەڵام ئەم کارەیان سەری نەگرت و نەیانتوانی حزبەکانی تر بکەن بە ئۆپۆزیسۆن. دوای بێهودەبوونی سەدر ناچار کرا لە سیاسەت بکشێتەوە سەرجەم ئەندام پەرلەمانەکانی لە پەرلەمان کشانەوە و ئەمەش ڕێگەی خۆشکرد بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ دەستبەکاربوون و پێکهێنانی حکومەت چەسپاندی هەژموونی خۆیان.

چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ پارتی حکومەتیان پێک هێنا
بەبۆچوونی ئامانج هەرکی, پەرلەمانتاری پارتی لە عێڕاق چوارچێوەی هەماهەنگی چیدی ناتوانێت یان ناوێرێت حزبە کوردیەکان گۆشەگیربکات چونکە مانۆرێکی لەو شێوەیە پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نیە. چیدی چوارچێوە ناتوانێت حزبەکوردیەکان بەهەند وەرنەگرن. ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت پارتی واتە حکومەتى هەرێمی کوردستان و ئەم حکومەتە خاڵی سەرەکی سیستەمی سیاسی عێڕاقە و هەرچەند پێشوتر هەوڵیان داوە پارتی کەنارگیر بکەن بەڵام شکستیان هێنا و ئایندەی دیمەنی سیاسی عێڕاق بەبێ پارتی مەحاڵە. ئەم بۆچونە پێ ی وایە کە پارتی نوێنەرایەتی دەنگی کورد لە بەغداد دەکات و یەکێتی نیشتمانی لەم ڕووەوە لە دوای پارتیەوەیە. پارتی پێ ی وایە لە هەلبژاردنەکانی ئەم دوایەی کوردستان هەموو گوشارێک کرا بۆ ئەوەی پارتی سەرنەکەوێت کەچی پارتی کورسی زیاتری بەدەست هێنا واتە خەڵک زیاتر پشتیوانی پارتی دەکات سەرەڕای ئەوەی کە ئێران کاریگەری وپاڵپشتی زۆری یەکێتی نیشتمانی کرد بەڵام پارتی شکستی نەهێنا.

غیابی یەکێتی لە کۆنفرانسەکەدا

ئەوەی تێبینم کرد غیابی نوێنەرێک بوو کە بەناوی یەکێتی نیشتمانیەوە دەبوایە بەشداری ئەم کۆنفرانسەی بکردایە و بۆچونی حزبەکەی بۆ ئایندەی عێڕاق و ناوچەکە ڕوون بکردایەتەوە.

دەستوەردان لە کاروباری عێڕاق

بەبۆچونی عەبادی هەوڵی زۆر هەیە بۆ تێوەگلانی عێڕاق لە ناسەقامگیری و کێشە ئیقلیمیەکان و بەگەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی زۆر شت دەگۆڕدرێن. عەبادی پێ ی وایە چیتر نابێ وەها مامەڵە لەگەڵ عێڕاق بکرێ کە مۆدێلی وڵاتێکی پەراوێزخراوە یان سەروەری خۆی نیە یان وەک دەوڵەتە شکستخواردوەکان مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. ئەمە هەم هەڵەیە و هەم گوناحە عێڕاق تێوەبگلێت لە کێشە و پرسە دڕکاویەکانی وەک ئێران و ئیسرایل و پرسی فەلەستین. ناوبراو بە داخەوە باسی لەوە کرد کە بەغدا باجی ململانێکانی ناوچەکە دەدات بە بوون بە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان بەکاربێت، چونکە تێوەگلانی عێڕاق لەم پرسانەدا دەبێتە هۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی ناوخۆیی عێڕاق. عەبادی پێ ی وایە چیتر عێڕاق مۆدێلی وڵاتی شکستخواردوو نیە و ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژیە وەها لێ ی بڕوانرێت.

عێڕاق بەشێوەیەکی سەیر لە ململانێکان قوتار بووە

ڕێناد مەنسور کە توێژەرێکی چاتام هاوسە دەڵێت عێراق لە ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە باشی دەرچووە و بە بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، عێراق تا ئێستا لە ململانێکان تێوەنەگلاوە. ئەو توێژەرە پێ ی وایە کە سیستمی عێراقی بەشێوەیەک دانراوە کەس زۆرینەی ڕەهای نیە و کەس ناتوانێ دەسەڵاتی خۆی بچەسپێنێ و سیستەمەکە بەجۆرێک داڕێژراوە کە هیچ قەوارەیەک ناتوانێ باڵادەستی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێڕاق بسەپێنێت.

حکومەتى هەرێم بەزووی پێکبهێنرێ

فەلاح مستەفا، یاریدەدەری تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، داوای پێکهێنانی خێرای حکومەتی داهاتووی کوردی کرد بۆ ئەوەی هەرچی زووە دەستبکەن بە چارەسەرکردنی کێشە گرنگەکانی هەرێم. فەلاح مستەفا پێ ی وایە هێشتا ئەوان پێیان وایە چانسێک هەیە بۆ باشترکردنی دۆخەکە و ئەوە ڕێگایەکی دروستە بۆ سیاسەتکردن. ناوبراو ستایشی سەردانەکەی هەفتەی ڕابردووی سودانی بۆ هەولێری کرد بە نیشانەیەکی ڕوون بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. فەلاح مستەفا پێ ی وایە کە پەیوەندی هەولێر و بەغدا کلیلە بۆ سەقامگیری وڵات و هاوڵاتیانی عێراق پێویستی بە ژیانێکی ئاشتیانە هەیە بۆ هەموو پێکهاتەکانی.

ئەو پرسانەی جەوهەرین

گۆڕانکاری کەشوهەوا و گەرمبوون و پیسبوونی ژینگە و شەپۆلە گەرمیەکان لەساڵی ٢٠٢٤ دا لە کۆی ١٥ بەرزترین پلەی گەرما لە جیهاندا کە تۆمارکراون ١١ یان لە عێڕاق بووە. وشکەساڵی و کەمی ئاو و کۆچ و ئاوارەیی بەهۆی وشکەساڵی و بڵاوبوونەوەى نەخۆشی و تێکچوونی دۆخ و کەرتی تەندروستی و ئاوارەبوونی ٧٠ هەزار کەس بەهۆی بێ ئاوی و گەندەڵی و ئابوری پشت بەستوو بە داهاتی نەوت و قەیرانی وزە و نەبوونی سیاسەتی کەشوهەواو لاوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان لەو کێشانەن کە تا ئێستا بە جیدی ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

سیاسەتی خۆیەکلانەکردنەوە

تا ئێستا حکومەتەکەی سودانی سیاسەتێکی پەیڕەو کردوە پێ ی دەگوترێت سیاسەتی ناتەبایی یان سیاسەتی خۆیەکلانەکردنەوە یان خۆ بەدوورگرتن لە لایەنگیری بۆ هیچ لایەنێکی ناوچەکە بەڵکو هەوڵی داوە لەئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەندیەکانی لە گەڵ هەموو دەوڵەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و زلهێزەکان برەو پێ بدات ، لەنێویاندا لەگەڵ چین کە ئامادەییەکی زیادی لە عێڕاق هەیە و سودانی ویستویەتی هاوسەنگیەک ڕابگرێ لە نێوان فشارە هەرێمایەتیەکان و تەحەدا دەرەکیەکان لەلایەک و سەقامگیری ناوخۆیی لەلایەکی دیکە. لەهەمووشی گرنگتر ئایندەی پەیوەندی عێڕاق و ئەمریکایە و چۆنیەتی داڕشتنەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی ئەم دوو وڵاتە لەسەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP