دواین هەواڵ

ڕوانگەی سەرۆک بارزانی لە پرسەکانی ئاسایش و ئاشتیدا

‌فرسەت سەید شوكر

15 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژی هەینی ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ سەرۆک مەسعود بارزانی لە شاری دهۆک بەشداری لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە (مێپیس) کرد. لە
کۆڕبەندەکە ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردە و کەسایەتیی و دیپلۆماتکاری عێراق و جیهان و ناوچەکە بەشداریان تێدا کرد، ئەوەی مایەی هەڵوەستە لەسەرکردن و وردبوونەوەیە گووتارەکەی سەرۆک بارزانییە لە مەراسیمەکە.

یەکەم: قەوارەی هەرێمی کوردستان

لە دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕێژەی ٪٧٢ی بەشداری خەڵکی بە گرنگ و پڕ بایەخی بنەماکانی دیموکراسی وەسف کرد، بەڵام خاڵە گرنگەکە، کە جەختکردنەوە بوو لە (یەک هەرێم؛ یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک هێزی پێشمەرگە).

ئەو دیدگا قووڵەی بۆ ئامادەبووان سەلماندەوە، کە سەرۆک بارزانی وەکو ڕابەر و مەرجەعێک خواستی ڕاستەقینەی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە لەژێر ڕۆشنایی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکە، کە هەرێمی کوردستان لە نیشاندانی نموونەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەکە بەردەوام بێت.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، کە هەموو گرفتەکان بە (دیالۆگ) چارەسەر دەکرێن، چونکە نیەت پاکی و ئیرادەی بەهێز دەبێت هەوێنی چارەکردنی گرفتەکان.

دووەم: چارەسەری ئاشتی بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان

ئەوەی لە گووتارەکەی سەرۆک بارزانی، پڕ بایەخ بوو، جیانەکردنەوەی پارچەکانی کوردستان بوو لەیەکدی، سەرۆک بارزانی، لە خاڵێکدا بە ڕوونی ئەوەی خستە ڕوو کە ناکرێ بڵێین (گەر لە پارچەیەکی کوردستان، گرفتەکان  چارەسەر بوون ئیدی پێمان وابێ کێشەی کورد چارەسەر بووە) بەڵکو هەموو پارچەکانی کوردستان بەپێی تایبەتمەندی خۆیان پێویستیان بە ڕێگەی چارەی ئاشتی و چارەسەریی هەیە، دوای (١٠٠) ساڵ بەرخۆدانیش ئینکاری لە بوونی کورد نەکرا، ئەم ڕوانگەی سەرۆک بارزانی، ڕووحیەتێکی زیاتری نیشتمانی بە بەر دۆزی کورددا دەداتەوە، دیسانەوە سەرۆک بارزانی، ئاشتی و پێکەوەژیانی وەکو ڕێگەی چارە و دەستپێشخەریی ئاشتیانەی خستەوە بەر باس لە قۆناغی داهاتوو و گۆرانکارییەکانی داهاتووی ناوچەکە.

سێیەم: پاراستنی دابو نەریتی کۆمەڵگەی کوردی

جەختکردنەوە لە پاراستنی دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی، بەشێکی گرنگی گووتارەکەی سەرۆک بارزانی بوو لەدیداری مێپیس، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق و کوردستان دابونەریتی خۆی هەیە، ناشکرێ بۆ ئەوەی کەسێکی تر لێمان ڕازی بێت دەست لە دین و مەزهەب و دابونەریتی خۆمان هەڵبگرین، ئەمەش دووبارە جەختکردنەوەیە لە پاراستنی بەها گرنگەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بێگومان ئەم ڕوانگەیەی سەرۆک بارزانی هەر لەسەرەتاوە بەم شێوەیە بوو، کە ئەوەش خواستی خەڵکی کوردستان و زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانە.

چوارەم: هەرێمی کوردستان وەکو نموونەیەک

لە گووتارەکەی سەرۆک بارزانی، ئەوە دەخوێنرێتەوە کە باوەڕی تەواو بە ئاشتی و پێکەوەژیان بەشێکی گرنگە لە پرەنسیپە نەگۆڕاوەکانی هەرێم و هەمیشە دەبێت بەوپەڕی تێگەیشتن و ستراتیژ و پلانڕێژییەوە لە گۆڕانکارییەکان بڕوانرێت، هەرگیز هەرێمی کوردستان نابێت بە بەشێک لە کێشە و ململانێ و ئاڵۆزییەکان، بەڵکو لە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی و پێکەوەژیاندا هەمیشە سەرقافڵە دەبێت، ئەم نموونەیەش پێویستە بۆ هەموو عێراق و ناوچەکە بگوێزرێتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP