دواین هەواڵ

ئاماژە مەترسیدارەکانی درێژەکێشانی دۆخی ناکۆکی وزۆنی حیزبیی

‌ئەبوبەكر كاروانی

29/01/2023

چەندین ساڵە ئەمریکاو ھەندێ ھێز و دەوڵەتی تر ھەوڵی یەکخستنی نێوماڵی کورد و ھێز و دامەزراوەکان و کۆتاییھێنان بە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆی باشوری کوردستان دەدەن، لە دواهەمین پەیامی کونسوڵخانەی ئەمریکا بۆ پارتی و یەکێتی، دوای دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی نێوانیان، بیریان خراوەتەوە کە: ماڵێکێ یەکگرتوو باشتر دەگات بە ئامانجەکانی.

واتە دۆخەکە وای لێھاتووە، لەبری ئەوەی ئێمە بیری بایەخی یەکگرتوویی و ھاوچارەنووسی نێو ماڵی کوردستان بۆ خۆمان و ئەوی دی، بیر ئەوان بێنینەوە و داوای پشتیوانیان لێبکەین، ئەوان بیری ئێمە دەھێننەوەو داوامان لێدەکەن چیتر بەم جۆرەی ئێستا وەك کۆمەڵێ نوخبەی بڕیار بەدەستی بێ ئێرادەی ڕاستەقینە بەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەی ناکۆکی نێو خۆمان، خۆمان بۆ دنیا نمایش نەکەین و لە بایەخی ھەرێمێکی یەکگرتوو بەھێز و ڕیزێکی نیشتیمانیی تۆکمەو پتەو و خاوەن دید و نەخشە ڕێگای ھاوبەش تێبگەین! لەڕاستیشدا ئەم دۆخە بۆ میللەتێکی بێ پشتیوان و ئابڵۆقەدراو و دابەشکراو و، کە لەبەر ھەڵکەوتەی جوگرافی خاکەکەی، سروشتی ئاڵۆزی دابەشکردنەکەی و سنوورداری دەرفەت و بژاردەکانی بەردەمی ھەتا بڵێی پێویستی بە پشتیوانی دەرەکی ھەیە، جێگەی سەرسوڕمانێکی گەورەیە

ئەم دۆخە ئەگەر بەڵگە بێت لەسەر شتێك ئەوا (ھەر وەك پێشتریش چەندین جار ئاماژەم پێکردووە، بەڵگەیە لەسەر بوونی کۆمەڵێ ڕاستی تاڵ و کێشەی بوونیادیی قووڵ لە واقیعی ئێمەدا لەوانەش:

١- نەخەمڵین و شکڵ نەگرتنی واتاو ناوەڕۆکی نەتەوە، بۆیە کورد و لەوانەش کوردی باشور، ھاوشێوەی دەربڕینی مەلیك فەیسەڵی یەکەم دەربارەی گەلی عێراق، وەك کۆمەڵێ خێڵی سیاسی و تۆپەڵە خەڵکێکی لەیەکدابڕاو دێتە پێش چاو، کە بەکردەوە ھیچ شوناسێکی ڕاستەقینە کۆیان ناکاتەوەو نایانکات بە خاوەنی ئامانج و نەخشەڕێگەو دامەزراوەی سەرو حیزبیی ھاوبەش. واتە( ئاماژەیەکی ڕوونە بە گەشەنەکردنی نەتەوەبوونی کورد و ئاگایی نەتەوەیی) سەردار عەزیز کتێب دوای سەد ساڵ لەسیڤەر لا٤٢٣.

٢- نەبوونی نوخبەیەكی خاوەن بڕیار کە توانای وەلانانی کێشەی بچووکی تایبەت و ئیگۆی ھەبێت و ھەوڵی دروستکردنی دامەزراوەی نەتەوەیی بدات و کار لەسەر کۆتاییھێنان بە دۆخی پەرتەوازەیی و ناکۆکی و ماك و عەقڵیەتی شەڕی ناوخۆ بکات(. سەرچاوەو لاپەرەی پێشوو) چونکە سەرەڕای سنورداریی توانا فیکریی و سیاسی و زانستی و ئەخلاقییەکانی لەم ڕووەوە، بەرژەوەندی خۆشی لەوەدا نابینێتەوە، بەحوکمی بە ئامرازو پلە دووکردنی پرسە نیشتمانییەکان و چاکەی گشتی بۆ بەرژەوەندیە حیزبیی و گروپیی و ناوچەیی و تاکەکەسییەکان بەئاستی جیاواز؟!! پێدراو و واقیعە مەیدانییەکە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا ئەمەمان پێدەڵێت، بۆیە مەسەلەکە لە ڕاو باری سەرنج دەرچووەو بۆتە ڕاستیەکی تاڵ و ویژدان ئازاردەری واقیعی سیاسی و حوکمڕانی و حیزبیی و نیشتیمانیمان!

٣- لێکجیابوونەوەی دیاردەی ئۆپۆزیسیۆن بوون و دژایەتی گەندەڵی و ناعەدالەتی لەم پرسە، واتە پرسی یەکگرتنەوەو دووبارە بیناکردنەوەی سیستم و زاڵبوون و تێپەڕاندنی ناکۆکی و دابەشبوونە تەقلیدییەکانی ناوخۆو دروستکردنی دام و دەزگای نیشتیمانی سەرو حیزبی و بوون بە خاوەنی ھەرێمێکی بەھێز و یەکگرتوو، کە پێشمەرجێکی سەرکەوتنی ھەر خەباتێکی ئیسڵاحخوازانەیە.

ھەندێ لە ئاماژەکانی درێژەدان بەم دۆخە:

ئەم دۆخە ئاماژەیە بەچەندین ڕاستی وبەرەنجامی نەخوازراو لەوانەش:

١- وێنا لەخۆنیشاندانی کورد وەك ھەبووێکی نامۆدێرن و دوواکەوتوو، بەحوکمی ئەوەی پەرتەوازەیی و ناکۆکی و یەکتر قبوڵنەکردن و شکستخواردن لەدروستکردنی دەسەڵاتێکی ناوەندی بەھێز لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە بەھاکانی دیموکراسی لە چوارچێوەی گەلێکدا، ئاماژەن بە مانەوە لە دۆخی پێش مۆدێرنە بە ڕواڵەتێکی مۆدێرنەوە. ئەوەش دەیسەلمێنێت مۆدێرنە لەناو کوردا لە ھەندێ ڕووەوە پێچەوانەی ئەرکەکانی خۆی کاریکردووە!

٢-وێناکردنی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردی وەك نەتەوەو ناسیۆنالیزمێکی پێنەگەیشتوو و ناکامڵ، کە توانای زاڵبوونی بەسەر دابەشبوونە ناوەکییەکان و کێشە بونیادییەکانیان نییە.

٣- سەلماندنی ئەوەی کوردی باشوور توانای دامەزراوەی نیشتیمانی سەرو حیزبیی و ناوبژیوانی نییە. لە بازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە، توانای بڕینی قۆناغی سنووردارە، خۆی ناتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات و بەگوێرەی پێویستیش یارمەتی دۆست و ھاوبەشەکانی لەم ڕووەوە قبووڵ ناکات!

٤- دەرگا کراوە دەبێت بۆ ئەگەری جۆراوجۆری پێشبینی نەکراوی نەخوازراو... ھتد.

ئەوەی دۆخەکەشی تائێستاو لانی کەم لەدوای( ٢٠١٧) ەوە لە ئاستێکدا ڕاگرتووە، توانا خودییەکانی ھەرێم نییە، چونکە لە ھەل و مەرجێکی لەو شێوەدا، تەنھا لە سنوورێکدا دەتوانێت ئەوە بکات و بەرگری لە خۆی و گرەنتی مانەوەی بکات، بەڵکو سروشتی واقیعی ھاوکێشەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و عێراقە، کە وای کردووە، ھاوبەشەکان و بەتایبەتیش ئەمریکا،تائێساشی لەگەڵدا بێت ھەرێم بۆ ناکۆکییە بێکۆتاییەکانی پارتی و یەکێتی بەجێنەھێڵێت.

لە کاتێکدا مەرج نییە ئەمە تاسەر بێت، پێشمەرجی ڕاستەقینەی گرەنتی ئاییندەش ناوخۆیەکی تۆکمەو بەھێزە. ئەمە جگە لەوەی تەنھا مانەوە لانی ھەرە کەمی ئەوەیە پێویستە. دەبوو کورد کاتژمێرێکیش بەفیڕۆنەدات بۆ کەڵەکردنی ئەزموون و دووبارە خۆبیناکردنەوەو بەدەستھێنانی ڕەگەزەکانی ھێز و مەرجەکانی لەسەرپێ خۆوەستانی ستراتیژی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP