دواین هەواڵ

یانزە تێز دەربارەی پشێوییەکان لە ڕۆژهەڵات

‌هێرۆ خوسرەوی

30/09/2022

١- گەلانی نێو ئێران لەدوای ڕاسان و ڕاپەڕینی کوردانی ڕۆژهەڵات ڕاپەڕیون، نەک لەبەرئەوەی ئەوان بۆ خەمی کورد ڕاپەڕیون بەڵکو لەبەرخەمی خۆیان، کە ئەوانیش ئەم ڕژێمە ئیسلامییەی ئێرانیان قبوڵ نییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆ لەدەستنەدانی کۆمەڵێک دەستکەوتی دیکە هاتوونەتە شەقامەکانەوە.

٢- "مرگ بر جمهوری ئیسلامی" دروشمێکە ڕەنگە شۆڕشگێڕانە دەربکەوێت، بەڵام لە خۆیدا چەند لایەنێکی دیکەی مەڵاس داوە و نایەوێت دەست بۆ زۆر شتی دیکە بەرێت، ئاڕاستەکەی تەنها ڕووەو ئەم ڕژێمەیە و بەس.. لە کەسێکی چەپەوە کە خەون بەئازادیی و ڕزگارییەوە دەبینێت تا فاشیسترین و ڕاستترین کەس دەتوانن لەم گوتارەدا هاوبەشبن. ئەمەش خۆی کێشە سەرەکییەکەیە کە فکرو بیرکردنەوەی چەپ دەکەوێتە ژێر هەمان هەژموونی ڕاستەوە و خزمەت بەگرتنە دەسەڵاتی ڕاستڕەوەکان دەکات، زۆر دوور نەڕۆین وا لە ئیتاڵیا ڕاستڕەوەکان جارێکی دیکە دێنەوە دەسەڵات، چونکە چەپ چیتر خاوەنی گوتاری خۆی نییە و بە هەر جوڵەیەک شاگەشکە دەبێت.

٣- کۆمەڵگای ئێران بەگشتی هەر لەسەردەمی شاوە (باوکی ڕەزا شاوە) لەسەر کۆمەڵێک بنەمای جیاکاریی ڕەگەزیی (جێندەری)، ڕەچەڵەکیی و چینایەتیی و ڕژێمی شاوە دامەزراوە. شای ئێران دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گواستنەوەی ئایدۆلۆژییەکانی نازیزمی ئەڵمانی لە چەندین ڕێگەی جیاوازەوە و لەوەشەوە پڕۆسەی بەئاریاییکردنی ئێتنیکی فارس دەستپێدەکات.

چەمکی ئاریایی بە هەموو ئایدۆلۆژییە ئەڵمانییەکەوە دەگوازرێتەوە و شوناسی فارسی پێدروست دەکرێت، هەر ئەمەش بنچینەی ڕاسیزمی فارس پتەوتر دەکات. لەڕووە جێندەرییەکەشەوە وەک لەوەی لە کەناڵەکانی "سلطنت طلب/پاشاخوازیی"ەکانەوە بەرچاومان دەکەوێت، ژنان نە ئازاد بوون و نەخاوەنی خۆبڕیاردان و خۆبەڕێوبەری بوون، بەڵکو لەنێو چوارچێوە و زیندانی دووڕەگەزیدا قەتیسکرابوون و برەو بە خستنەپاڵی خەسڵەتەکانی ژنانەیی و پیاوانەیی دەدرا. بەمەش دۆخی ژن هەروەکو لەنازیزمی ئەڵمانیشدا لە بکەرێکی چالاکی کۆمەڵگاوە گۆڕدرا بۆ گرتنەخۆی کۆمەڵێک بەهای ژنانەیی، کە تائێستاش هەر ژنێکی فارس(ئێرانی) لە زمان، ڕەفتار، بیروباوەڕ و .....هتد تێیدا چێنراوە. هەروەها شا پێشەنگ بوو لەڕووی چینایەتیی، زاڵکردنی ئایین و بەئسیلامکردنی بەشێکی زۆری کۆمەڵگاکە. ئەوەی ئێستا لەڕژێمی ئیسلامی ئێراندا بەرجەستەکراوە، درێژکراوەی هەمان سیاسەتەکانی شا و پڕۆسەی بە دەوڵەت-نەتەوەکردن و بونیادنانی ناسیۆنالیزمی فارسە.

٤- ڕاسیزم و بەدیاریکراویش ڕاسیزمی دژەکورد هەر لەسەردەمی شاوە تاکو ئێستا بەشێوەیەکی سیستێماتیکی و ڕێکخراوەیی لە دام ودەزگا دەوڵەتییەکانی ئێراندا بەیاسایی دەکرێت و دەبێتە ڕاسیزمێکی ڕێکخراوەیی لە نێو پێکهاتەی سیستەمی حوکمڕانی وکۆمەڵگای ئێران. باشترین نمونەش شیرین عبادی بەرگریکاری مافی مرۆڤ کە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە بۆ ئاشتی، بە ئاسانی دان بەوەدا دەنێت کوردە کۆڵبەرەکان بکەری نایاسایین و دەبێت بکوژرێن و تەقەیان لێبکرێت. لەگەڵ پیادەکردنی ئەم ڕاسیزمە ڕێکخراوەییە و هەلومەرجە لەبارەکان بۆی ڕێگە بۆ گەشەی ڕاسیزمی ناڕێکخراوەیش لە نێو کۆمەڵانی خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا خۆش دەکات. بە ئامانجگرتنی کوردانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێی باشووری کوردستان بەشێکە لەم ڕاسیزمە دژەکوردە.

٥- مەسیح عەلی نەژاد لیبڕالێکی ئەمریکییە و یەکێکە لەلایەنگرانی شا و دەسەڵاتی شانشینی لە گەرمەی جموجۆڵەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا حەماسەت دەیگرێت و پڕ بەقوڕگی هاوار دەکات: "کوردەکان بێدەنگ نابن، کوردەکان ئەمە قبوڵ ناکەن، کوردەکان ڕادەپەرن!"، بەم بانگەوازەی مەسیح خەڵکێکی زۆر شاگەشکەبوون و خەڵکانێکی زۆریش بەو هۆیەوە ڕژانە شەقامەوە و کوردەکە لەم کاتەدا هەستی بە پشتخاڵیکردن نەدەکرد، وەکچۆن لە مێژوو و لەپێشتردا چەندینجار ئەم پشتخاڵیکردنەوەی ئەزموون کردووە.

ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیی بوو بۆئەوەی والێکبدرێتەوە کە هەمووان بەیەکەوە بۆ یەک ئامانج و خەمی هاوبەش خەبات دەکەن، کە خۆی لەڕاستیدا بوونی نییە. ئەم بانگەوازەی مەسیح بانگەواز نەبوو، بەڵکو ئاگادارکردنەوە و زەنگی مەترسیی بوو بۆ بەردەنگەکەی کە ئێرانیی و فارسەکانن. ئاگادارکردنەوەکەی کۆدێک بوو لەو کۆدە شاراوانەی لە خۆیدا پەیامی ڕاسیستیی دژەکوری هەڵگرتبوو و دەیگووت ئێرانییەکان و فارسەکان ئاگاداربن کوردەکان ڕادەپەڕن و کوردەکان وەک ئێوە نین هەر شتێک قبوڵ بکەن، کوردەکان چەندین ساڵە خەبات بۆ ئەو شتە دەکەن و ئێستا دەکرێت بەدەستی بهێنن! ئێوەش بڕۆن لەگەڵیان و خەباتەکەیان لەدەست دەربێنن، وەکچۆن هەمیشە فارس پێشەنگە دەبێت لێرەشدا فارس پێشەنگایەتی بکات. بەهەمان شێوەش لە چاوپێکەوتنەکەیدا لە نیویۆرکەر خۆی وەکو ڕابەری بزووتنەوەکە ناساند و بەهیچ جۆرێکیش وشەی کوردی بەکارنەهێنا، کاتێک بەردەنگەکەی جیهانییە.

٦- لە زۆرینەی خۆپیشاندانەکانی دەرەوەی سنوروی ئێران هەموو خۆیان ڕێکخست و گووتاری "مرگ بر جمهوری اسلامی"، "مهسا امینی"یان دەگووتەوە. ئەگەرچی بەهۆی گووتاری چەندینجار دووپاتبووەوەی کوردەکان "ژن، ژیان، ئازادی" ئەم گووتارەش توانی بێتە نێو مەیدانەوە و وەربگێردرێتە سەر چەندین زمان و کاریگەریی خۆی دابنێت، سەرەڕای هەبوونی کێشە و تێڕوانینی جیاوازم بۆ ئەم دروشمە کوردییە، بەڵام هێشتا ئەم دروشمە بۆنێکی کوردیی لێدێت و دەرخەری خەباتی ژنانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە داعش و ڕژێمی تورکیا و ئێستاش ڕژێمی ئێران. هەر ئەمەش وایکردووە لە ئێستادا بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کە پشتگیریی لە ڕووخانی ڕژێم دەکەن بکەونە خوێندنی دروشمێکی دیکە: "مرد، میهن، آبادی/ پیاو، نیشتمان، شارستانیەتمان"، ئەمە وا نیشان دەدرێت کە بۆ تەواوکردن و پڕکردنەوەی پەزڵەکانی خەباتە. بەڵام لەڕاستیدا گۆڕینی ئاڕاستەی ناڕازایەتییەکانە بەرەو ئەو شتەی کە هەر لەسەردەمی شاوە ئێرانی لەسەر دامەزراوە و پاراستی ئەو بەها کۆنانەیە، هەم پیاوسالاریی، ناسیۆنالیزم و پان-ئێرانیزمی فارس و هەم ئەو شارستانی و کولتوورە ساختەیەی لەسەر سڕینەوە و کۆلۆنیکردنی ئێتنیکەکانی دیکە دامەزراوە، بەدیاریکراویش کۆلۆنیکردنی کورد.

٧- ژینا بووەتە سیمبولی بەرەنگاریی و شۆڕشی کوردان و دواتریش خەڵکانی ئێران. بیرمەندێکە لە ئێستادا ناوەکەیم لە یاد نییە دەڵێت: "کەسێک دەتوانێت ببێتە سیمبولی شۆڕشیکی نوێ کە چەندین فۆڕمی چەوساندەوەی لە خۆیدا کۆکردبێتەوە، ژن بێت، ڕەشپێست بێت، لێستبیان بێت، ژێردەستە (سەبئەلتەرن)بێت، خاوەنی زمانی ئێمە نەبێت".

لە ژینادا بەشێکی زۆر لەم فۆڕمانە بەیەکەوە کۆبوونەتەوە، هەر ئەمەش وایکردووە ببێتە ڕەمز و سیمبولێک بۆ ئازار و مەینەتیی گروپێکی ژێردەستە (سەبئەلتەرن)، بۆیەش تا ئێستاش زۆرینەی خەڵکانی فارس نایانەوێت دان بە ناوە کوردییەکەدا بنێن، چونکە دانپێدانان بە ژینا دەبێت دەرخستنی سەرکوتە دوانەییەکەی. لە ئێستاشدا هەوڵی دروستکردنی فیگەری دیکە دەدرێت و لەگەڵ ناوهێنانی ژینادا ناوی دیکەش دەهێنرێت، بەڵام نەک بۆ دانپێدانان بە ئازاری هەمووان، بەڵکو بۆ کەم کەم سڕینەوەی ژینا لەو سیمبولە و هێنانی ئەڵتەرناتیڤی دیکە، کە ببێتە ڕەمزی خەڵکی ئێرانیی و فارس و هیچ ڕەنگێکی کوردیی پێوە نەبێت.

٨- لەسەرەتاوە کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕادەپەڕن، چیدی ژنان بەتەنها نین و پیاوانیش بەهەمانشێوە بەبێ جیاکاریی ڕەگەزیی دێنە سەر جادەکان و بەبیرۆکەی خەمی ئێوەش خەمی ئێمەیە. بەڵام ئەم ئاڕاستەگۆڕینە و هەوڵە بۆ تێکشناندنی ئەو هەژموونە پیاوسالارییە دەدرێت، کە پێشتر لە ڕۆژهەڵاتدا، وەک هەر یەکێک لە کۆمەڵگاکانی دیکە باڵادەست بووە، بەر لە تیرۆرکردنی ژینا، سەرەتا لە پشتگیریکردن و ڕژانە شەقامەوە بۆ 'شلێر ڕەسوڵی' بەدی دەکرێت، کە چیتر پیاوی کورد نایەوێت لەو هەژموونە پیاوسالارییەدا بەشداریکەربێت، چونکە ئەویش دەچەوسێنێتەوە و هەم لە شوناسی مرۆڤبوون دایدەماڵێت و دەیکات بە دەعبا و دەعەجان... ئێستا پیاوانی کورد دەیانەوێت لەو هەلومەرجانە خۆیان ڕزگار بکەن کە ڕژێمی فاشیستیی-ئیسلامیی بە بەرنامە وەک تەڵە بۆی ناونەتەوە و کردوونی بە دەعەجان.

گۆڕینی دروشمەکان زۆرتر زەقکردنەوەی ئەوەی کە پیاوان بەشێکن لەو شۆڕشە و نابێت لەبیربکرێن و بخرێنەوە نێو کاتێگۆری نیشتمان وکولتورەوە، هەمان پێشینەی جیاکاریی جێندەرییە کە بەردەوام پیاو لەگەڵ کاتێگۆریی کولتوور، تەکنیک و دەسەڵات و ..هتد جێدەکاتەوە و ژن و سروشت دەخاتە دەرەوەی پەیوەندییەکان و وەک ئادۆڕنۆ دەڵێت: ژن و سروشت دەکاتە خزمەتکار بۆ پاراستی بەرهەمهێنەران (پیاوان). بۆیە هەڵەتێگەیشتنێکی گەورەیە پێمان وابێت ڕەگەز چیتر ڕۆڵ نابینێت، بێگومان ئەو سیستەمە لەسەر سێکسیزم بونیادنراوە و لە هۆشیاریی هەر تاکێکیشدا ئەم سێکسیزمە چاندراوە و لە ماوەی چەند دەقەیەکدا هەڵناگەڕێنرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە ناوهێنان و کارکردن هەیە لەسەری.

٩- بۆ گۆڕین و خەبات پێویستمان بە چەندین میتۆدی جیاواز هەیە، هاوپشتی (سۆلیداریتی) یەکێکە لەو میتۆدانە کە دەکرێت لە ڕێگەیەوە هەر سیستەمێکی ئاسنین بشکێنرێت و سەرلەنوێ شتێکی نوێ بونیادبنرێت. بۆ ئەم مەبەستەش گوتار گرنگیی خۆی هەیە، کە بکرێت کێشەکان باسکرێن و ڕوانگە جیاوازەکان ڕێگەیان پێبدرێت تا خۆیان دەرببڕن. بەڵام ئایا هەموو لە یەک ئاست و دۆخی یەکساندا بوونیان هەیە کە بتوانن بەشداربن لە گوتارەکاندا، بتوانن خۆیان بدوێن؟ ئایا بە یەکسانکردنیان بە یەک فۆڕم چ مانایەک دەگەیەنێت، بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخ و ژینگەی بکەرەکە، گرووپەکە، پشتگوێ خستنی هەموو ئازار و مەینەتییەکانی ئەو گرووپانە نییە، کە زۆر جیاوازتر لە هەر گرووپێکی دیکە بەر چەندین فۆڕمی جیاوازی چەوساندنەوە و سەرکووتکردن دەکەون؟ لە ئێستادا دەبێت کورد لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەو میتۆدانەدا بێت کە چۆن بتوانێت بۆ خۆی بدوێت، نەک وەک ئەو مێژووە لە مێژینە ئەوانی دیکە بۆی بدوێن. دەبێت دیسانەوە بگەڕێینەوە بۆ تێزەکەی گایاتری سپیڤاک و بپرسین ئایا جۆن دەکرێت ژێردەستەکان (سەبئەلتەرنەکان) بۆ خۆیان بدوێن؟

١٠- لە دۆخی کارەسات، قەیران و جەنگدا بەتایبەتی بەپێی توژینەوەکان لە ئاشتی و ناکۆکییەکان و توێژینەوەکانی کارەسات و قەیرانەکاندا، پرسی زووتر بەر زەبرکەوتن/ برینداربوون (vulnerability) بەر لە هەر شتێکی دیکە گرنگی پێدەدرێت. لە سەرەتای کۆرۆنادا (کە قەیرانێکی زۆر لە مێژنییە و بەردەوامە) پرسی گروپە ڤولنەرابلەکان گرنگییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە بینی، کە چۆن بکرێت سەرەتا ئەوان بپارێزرێن، چونکە گروپە زوو زیانبەرکەوتووەکان بەرکەوتەی ڕاستەوخۆن و توانای بەرگریکردن و مانەوەیان لاوازترە بە بەراورد بە گروپەکانی دیکە. ئەمەش بەمانای خاڵی لاواز نایەت، بەڵکو هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەدۆخی ئەو گروپانە و مامەڵەکردنێکی دادوەرانە لەگەڵییان. لە دۆخی شەڕ و ناکۆکییەکانیش بەهەمان شێوە بەپێی لێکدانەوە، میتۆدی جیاواز و کۆکردنەوەی لایەنەکانی کە کەسێک یان گروپێک زۆر بەردەستتر دەکات بۆ بەرکەوتن و زەبربەرکەوتن. دۆخی (ژنی) کوردیش دەکرێت بەپێی ئەو میتۆدانە وەک گروپێکی زوو زەبرپێگەیشتوو/ ڤولنەرابل دانیپێدابنرێت. تا لەو ڕێگەیەوە بکرێت دەرفەتی بۆ بخوڵقێت ئەویش دادوەرانە دواتر یەکسانانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

١١- دوا خاڵ، کە زۆرترین کات لە بەرەی چەپەوە جەختی لەسەر دەکرێتەوە و ئێستا پاشایەتییخوازەکان و لیبراڵەکانی ئێرانیش دووبارەی دەکەنەوە، بریتییە لە یەکگرتوویی یاخود ئەنتەرناسیۆنالیستبوون و دوورکەوتنەوە لە گووتاری نەتەوە. با پرسین کێ داوا لە کێ دەکات ئەنتەرناسیۆنالیست بێت؟ لە ڕاستیدا لە مێژوودا گروپە ژێردەستە و لاواز و زیانبەرکەوتووەکان داوایان لە گروپ و بزووتنەوە پێشکەوتووخوازەکانی نەتەوە سەردەستەکان کردووە سنوورە نەتەوەییەکانیان ببڕن و بێنە پاڵ گروپە زیانبەرکەوتووەکانەوە. بەلشەڤییەکانیش باسیانکردووە، ناکرێت گروپی نەتەوەی سەردەست هەمیشە داوا لە گروپە ژێردەستەکان بکەن ئەنتەرناسیۆنالیست بن لەکاتێکدا هەلومەجی ئەنتەرناسیۆنالیست بوون و جییهاننیشتمانبوون بۆ ئەوان بوونی نییە، چونکە هێشتا ژێردەستەن و ژێردەستەش ناتوانێت ئەنتەرناسیۆنالیست بێت.

با نموونەیەک بهێنینەوە و بڵێین مەرجی ئەوەی تۆ جیهاننیشتمان بیت، پێویستە سەرەتا لە جوگرافیایەکی نیشتمانییدا بژیت. ئەو مرۆڤانەی هیچ نەتەوە و پاسپۆرت و وڵاتێکیان نییە و ناتوانن سنوورەکان ببڕن، ناشتوانن جیهاننیشتمانیی بیربکەنەوە و بەرەو نیشتمانەکانی دیکە بڕۆن.

بۆ نموونە چەپێکی ئەڵمانیی کە پاسپۆرتەکەی توانای گەشتی بێ ڤیزای بۆ زیاتر لە ٢٠٠ وڵات هەیە، ئاسانتر دەتوانێت باسی جیهاننیشتمانبوون بکات وەک لە کوردێک کە ناتوانێت سنووری شارەکانی خۆشی بە ئاسانیی ببڕێت و لە بنەڕەتدا هیچ پاسپۆرتێکی پێ نییە. بە مانایەکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەنتەرناسیۆنالیست بیت، پێویستە نەتەوەیەکت هەبووبێت و ئێستا تێت پەڕاندبێت. یاخود بۆ ئەوەی دژی سنوور بیت، پێویستە پێشتر سنوورێکت هەبووبێت و ئێستا بەدووی بێ سنوورییدا بگەڕێیت.

لە ئەڵمانیا کاتێک ئەمانوێل کانت باسی جیهاننیشتمانیی دەکات، پێشتر هەم نیشتمانێکی هەیە و هەم نەتەوەیەک، دێریدا کە ستایشی جیهاننیشتمانیی دەکات، پێشتر هەم نیشتمانێکی هەیە و هەم نەتەوەیەک. بۆ ئەوەی جیهاننیشتمان بیت، دەتوانیت لە وڵاتەکەی خۆشتدا فراوانتر بیر لە وڵاتەکەت بکەیتەوە، وەک جێکردنەوەی جیاوازییەکان و فرەکولتووریی لەناوەوەی وڵاتەکەی خۆتدا و پەیوەندیی باش لەنێوان وڵاتەکەت و وڵاتانی دیکەی جیهان دابمەزرێنیت.

ئەوەی تۆ ڕێزی سەروەریی وڵاتانی دیکە بگریت، سنوورەکانیان داگیر نەکەیت، هێرشیان نەکەیتە سەر، هەوڵی تاڵانکردن و جینۆسایدیان نەدەیت، پێتوانەبێت ئەوان لە تۆ نزمترن و کولتوور و زمان و جوگرافیایان بێ کەڵکە، ئەوا تۆ خۆبەخۆ لە وڵاتەکەتدا جیهاننیشتمانیت. ئێستا ئەرکی مێژوویی فارسەکانە وەک گروپی سەردەست پشتیوانیی لە گروپە لاوازەکان و ژێردەستەکان بکەن، ئەگەر بیانەوێت بە ڕاستی خۆیان ڕزگار بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP