دواین هەواڵ

جوانکردنی سەدام بەبۆنەو نابۆنە

‌فەرمان عەبدولرەحمان

30/09/2022

ئەم رۆژانە تێدەپەڕن و یادەوەری نەتەوەییمان ئازارو خەم و خوێنێکی دیکە دەنوسێتەوەو هێرشەکانی رۆژی 28ی سێپتەمبەر بۆ سەر پێشمەرگەکانی دیموکرات و کۆمەڵەو پاک، کەبەهۆیەوە چەندین شەهیدو برینداری لێکەوتەوە، دەبێتە دەستەخوشکی رووداوە تراژیدیاکانی تری مێژووی خوێن لێچۆڕاوی نەتەوەکەمان. هەڵبەت هەموومان غەمگین و نیگەرانین بۆ دۆخی خوشک و برایانمان لە رۆژهەڵات و دڵمان لەنێو مشتماندایە بۆ خەبات و قوربانیدانیان.

بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی و داخێکی گەورەیە لە زۆربەی رووداوە جیاوازەکان و بە بۆنە بێت یان بێ بۆنە دەنگێکی نەشاز لێرەو لەوێ دەردەکەوێت و گەرەکیەتی سەدامی خوێنڕێژو ترسنۆکمان لێ بکاتە پاڵەوانێکی ئەفسانەیی بەشێوازێکی مەجازیی رەحمەت بۆ روحی نەفرەتلێکراوی ئەو جەلادەی کورد ئەنێرێت. بۆ ئەو مەبەستە هەندێ هەڵوێستی هەڵبەستراوو بێ بنەماو وتی وتی دەربارەی سەدام بەبیردەهێنرێتەوە گوایە سەدام سەرکردەیەکی هێندە بەهێزبووە بە چاو سورکردنەوەیەک وڵاتانی دراوسێی بە چۆکدا هێناوە، نمونەی ئەوە دەهێنرێتەوە "گوایە تورکیا ئاوی گرتۆتەوەو سەدام لەسەر دیجلە وتویەتی هەتا جگەرەکەم تەواو دەکەم ئاوی دیجلە بەرنەداتەوە پەلاماری تورکیا دەدات"، ئەفسانەی دیکەش سەبارەت بە هەڵوێستی بەرامبەر ئێران باس دەکرێ.

لەوە گەڕێن ئەو شتانە هیچ ئەسڵێکی نیە بەڵکو بە پێچەوانەوە سەدام تەنها بەرامبەر خەڵکی سیڤیل و مەدەنی چەبەروتی هەبوو با چەند نمونەیەکی مێژوویی راستەقینە باس بکەین.

1- ساڵی 1984 بەعس و یەکێتی گەیشتنە رێکەوتنی کۆتایی و لەسەر هەموو شتێک پێکهاتن کە قازانجی کوردی زۆر تێدابوو بەڵام تورکیا هەڕەشەی لەسەدام کرد ئەگەر ئەو رێککەوتنە هەڵنەوەشێنێتەوە لەگەڵ یەکێتی ئەوا هێڵی گواستنەوەی نەوتی جیهان دادەخات و زیانێکی زۆر لە فرۆشی نەوتی عێراق دەدات هەربۆیە سەدام لەترسا تاک لایەنە رێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی هەڵوەشاندەوە.

2- ساڵی 1982 لەمیانی جەنگی عێراق و ئێراندا سەدام ئامادەبوو 50 ملیار دۆلاری پارەی عێراق وەکو قەرەبوو بداتە ئێران بۆ ئەوەی جەنگ رابگرێت، بەڵام خومەینی رازی نەبوو.

3- ساڵی 1983 ئیسرائیل گەورەترین ژێرخانی سەربازیی عێراقی خاپورکرد کە وێستگەی ئەتۆمی تەمموز بوو، کە ملیۆنان دۆلاری تێدا سەرفکرابوو، کەچی سەدام یەک کاردانەوەی نەنواند بەرامبەر ئیسرائیل.

ئەمانە مشتێکن لە خەروارێک ئیدی ئەو دیکتاتۆرە ترسنۆکەمان بۆ لێ ئەکەن بە پاڵەوانی ئەفسانەیی، لەکاتێکدا زۆرێک لە بەکاربەری سۆشیال میدیای کورد کە هیچ باکگراوەندێکی مێژوویی نیە ئەو باسانە وەکو حەقیقەت وەردەگرێ و سەدامی لێدەبێتە پاڵەوانێکی جوان.

هیچ رووداوێک نابێت ئەو پاساوەمان بداتێ فەرماندەو پلانداڕێژەری جینۆسایدی ئەنفال وەک کاراکتەرێکی جوان پیشانی نەوەی نوێ بدرێت.

رۆژهەڵات و ئازارو خەم و خەبات و قوربانیدانیان درێژکراوەی چیرۆکی خوێن لێچۆڕاوی یەک نیشتمان و یەک جوگرافیایە کە (کوردستان)ە دروود بۆ شۆڕشی رۆژهەڵات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP