دواین هەواڵ

پێگه‌ی ئاین له‌ لای نه‌وشیروان مسته‌فا

‌مەجید ساڵح

20/05/2022

مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ئاین، بۆ كه‌سێكی سیاسه‌تمه‌دار یاریكردنه‌ له‌گه‌ڵ ئاگر. به‌ تایبه‌تی سیاسه‌تمه‌دارێك كه‌ پاشخانی كولتووریه‌كه‌ی چه‌پێكی شۆڕشگێڕ بووبێت. ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ دوای روخانی بلۆكی رۆژهه‌ڵاتی و پاشه‌كشه‌ی كۆمۆنیزم  و ده‌ركه‌وتنی جوڵانه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی ئیسلامی سیاسی له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌كاندا، هێنده‌ی دیكه‌ قورس و هه‌ستیار بوو.

هه‌ندێك له‌و‌ سیاسیانه‌ی خۆیان به‌ كۆمۆنیست و چه‌پ ده‌زانی، پێیان وابوو به‌ لێدان له‌ بناغه‌ و سه‌وابتی ئیسلام ده‌كرێت رێگه‌ له‌ ته‌شه‌نه‌ سه‌ندنی ئیسلامی سیاسی بگیرێت و هه‌ندێكی دیكه‌شیان تا راده‌ی شه‌ڕی خوێناوی له‌گه‌ڵیاندا چوونه‌ پێشه‌وه‌ و هه‌ندێكیشیان بێ ده‌نگیان به‌ باشترین چاره‌سه‌ر زانی، چونكه‌ پێیان وابوو كۆتایی حقبه‌ی كۆمه‌نیزم و له‌مه‌ولا سه‌رده‌م سه‌رده‌می ئیسلامی سیاسییه‌.

دیدگای نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ پرسی رۆڵی ئاین له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاردانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی جۆره‌ها ره‌وت و ئاراسته‌ و حیزب سیاسی ئیسلامی له‌ كوردستاندا، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تاكانی گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان له‌ كۆتایی حه‌فتاكان، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی ناو كۆمه‌ڵه‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێكی ماركس و لینین و ماوتسی تۆنگ، به‌له‌سه‌ بووبون و كه‌وتبوونه‌ دژایه‌تی كردنی ئاینی ئیسلام و به‌ یه‌كێك له‌ رێگرییه‌كانی به‌رده‌م روخانی ئیمپریالیزمی جیهانیان ده‌زانی و پێیان وابوو كۆمه‌ڵگای كوردستان نابێته‌ كۆمۆنیزم تا ئیسلامێك مابێ تێیدا. كه‌چی له‌ ئێستادا پاشه‌كشه‌یان كردوه‌ و كه‌وتوونه‌ته‌ مه‌رایی كردن بۆ ئیسلامی سیاسی و خوا و قورعان و پێغه‌مبه‌ر به‌ موقه‌ده‌س ده‌زانن!!

ساڵی ١٩٧٧ نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ دیدگایه‌كی نوێوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خڕی ناوزه‌نگ له‌ كوردستان، دیدگایه‌ك ته‌واو جیاواز له‌ سه‌ركرده‌كانی پێش خۆی بۆ ماركسیزم، ئاین و كوردایه‌تی.

ساڵی ١٩٧٩ له‌ ژماره‌ سێی وه‌رزنامه‌ی (كۆمه‌ڵه)‌دا، توێژینەوەیه‌كی نووسی به‌ ناوی (بەرەو پێکهێنانی حیزبی پێشڕەوی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان). خاڵی هەرە گرنگی توێژینەوەکەی، باسکردنی رۆڵی ئاینه‌ لە کۆمەڵگای كوردستان و نووسیویه‌تی "لە کوردستاندا دین حورمەتێکی یەکجار زۆری هەیە لەلای خەڵک، پیاوانی دین ئەتوانن دەوری گەورە بگێڕن لە راپەڕاندن و سازدانی کۆمەڵانی خەڵکدا دژی زوڵم و زۆر و ستەم."

هه‌روه‌ها پێی وایه‌ بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان "ئەبێت هەوڵ بدات بۆ هێنانە جۆش و خرۆش و راپەڕاندنی پیاوە ئاینییەکانی کۆمەڵ، ئەبێت حورمەتی باوەڕی ئاینی خەڵک، حورمەتی ویژدان، حورمەتی بیروڕا و خوورەوشت و نەریتی کۆمەڵایەتی خەڵک بگرێت."

له‌ جێگه‌یه‌كی دیكه‌دا ده‌ڵێ: "ئەبێت هەموو ئەو وزە و توانا گەورانە بتەقێنێتەوە بە قازانجی شۆڕش، بە قازانجی گۆڕینی کۆمەڵ، بە قازانجی هەڵتەکاندنی بناغەکانی کۆمەڵی کۆن و دامەزراندنی کۆمەڵی نوێ، بە قازانجی گۆڕینی پەیوەندی چەوسێنەرانەی بەرهەم هێنەران، بە قازانجی نەهێشتنی زوڵم و زۆر، نەهێشتنی هەموو شێوەکانی چەسانەوەی نەتەوایەتی، چینایەتی، رەگەزایەتی، مەزهەبی، فەرهەنگی.."

ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و سه‌رده‌مه‌دا كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی له‌ ناو هاوڕێ ماركسیه‌كانیدا دروست كرد و هه‌ندێكیان وتاری توندیان له‌سه‌ر نووسی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا كۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی باش خوێندبووه‌ و به‌ خه‌یاڵ نه‌ده‌ژیا، رێچكه‌كه‌ی خۆی به‌رنه‌دا و هه‌رگیز نه‌چووه‌ به‌ره‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ده‌یانویست ئاین له‌ كۆمه‌ڵگادا فڕێده‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ڵكو له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی تێكۆشانیدا ویستویه‌تی رێبه‌ره‌كانی ئاینی ئیسلام له‌ كوردستاندا رۆڵی خۆیان بگێڕن له‌ دژایه‌تی كردنی هه‌موو جۆره‌ زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ و سته‌مێك، جا ئه‌و زوڵمه‌ و زۆره‌ داگیركه‌رێكی بێگانه‌ بیكات یاخود سه‌رۆك و رێبه‌رێكی كورد.

نه‌وشیروان مسته‌فا، گه‌ره‌كی بوو ئاین له‌ ده‌ستی سیاسیه‌كان ده‌ر‌كات و رۆڵی ئه‌خلاقی و كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی ببینێ، بۆیه‌ له‌ ساڵی ٢٠٠٩ پاش دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كاتی سه‌ردانی كردنی مزگه‌وتی گه‌وره‌، به‌ زانایانی ئاینی وت:  "زانایانی ئاینی به‌ درێژایی تاریخی میلله‌ته‌كه‌مان هه‌میشه‌ پێشه‌وای میلله‌ت بوون له‌ زۆر شتدا یان هه‌موو شتێكدا... ره‌نگه‌ ئێوه‌ له‌ هه‌موو كه‌س زیاتر په‌یوه‌ندی و ته‌ماستان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكدا هه‌بێ. هه‌ریه‌كه‌ له‌ ئێوه‌ رۆژانه‌ سه‌دان كه‌س ده‌بینن یان دێن بۆ لاتان و سكاڵای حاڵی خۆیان ده‌كه‌ن و پرسیاری شه‌رعی و پرسیاری تایبه‌تی خۆیان ئه‌كه‌ن و موشكیله‌یان هه‌بێ موشكیله‌كانتان بۆ باس ده‌كه‌ن. ره‌نگه‌ ئێوه‌ له‌ هه‌مو كه‌س زیاتر شاره‌زای ئه‌وه‌بن كه‌ خه‌ڵك داخوازیه‌كانی چییه‌، موشكیله‌كانی چییه‌ گیروگرفته‌كانی چییه‌  و چۆن چاره‌سه‌ر ئه‌كرێ و عه‌یبه‌كان له‌ كوێدایه‌. من به‌شداری كاری سیاسیم كردوه‌، به‌ڵام دڵنیا بن له‌وه‌ كه‌ وه‌كو چۆن ئێوه‌ به‌ هه‌موو تواناتانه‌وه‌ كه‌ خوا ئه‌مری پێكردون كه‌ ئه‌بێ دژی مونافق و دژی نیفاقی دینی بن، منیش له‌ هه‌موو ته‌مه‌نما شانازی ئه‌كه‌م به‌وه‌ی دژی نیفاقی سیاسی بووم. پێشم وایه‌ نیفاقی دینی ره‌نگه‌ بۆ شه‌خسه‌كه‌ خۆی زه‌ره‌ری هه‌بێ بۆ سه‌ر ئیمان و بۆ سه‌ر ئه‌خلاقی بۆ رۆژی قیامه‌تی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ مونافقی سیاسی بێت و نیفاقی سیاسی بكا، زه‌ره‌ر له‌ میلله‌ته‌كه‌ وه‌دا، زه‌ره‌ری زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ نیفاقی دینی.."

له‌ ساڵی ٢٠١٣ كاتێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامیدا هاوپه‌یمانیه‌كیان بۆ دژایه‌تی كردنی گه‌نده‌ڵی دروست كرد، چه‌ند رۆشنبیرێك له‌ نامه‌یه‌كدا ره‌خنه‌یان لێگرد چۆن ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئیسلامیه‌كاندا هاوپه‌یمانی ببه‌ستێ له‌ كاتێكدا بزوتنه‌وه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و دیموكراسی خوازه‌. له‌ وه‌ڵامدا پێی وتن  "ئه‌و پاكێجه‌ چاكسازیانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا داومانه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات، هه‌موو باس له‌ دیموكراسی و دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی ده‌كات و له‌ هیچ خاڵێكیدا داوای دروست كردنی ده‌سه‌ڵاتێكی ئیسلامی سیاسمان نه‌كردوه‌، ئه‌وه‌ حیزبه‌ ئیسلامییه سیاسیه‌كانن هاتونه‌ته‌ سه‌ر رێی ئێمه‌، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌... "

نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ دروستكردنی كۆمارێكی ئیسلامی كوردستانیدا نه‌بوو، به‌ڵام دژی ئه‌وه‌ش نه‌بوو كه‌ ئاینه‌كان به‌ گشتی و ئاینی ئیسلامیش به‌ تایبه‌تی له‌ كۆمه‌ڵگادا رۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌خلاقی خۆیان بگێڕن..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP