دواین هەواڵ

ساڵێكی شووم بەرۆكی ئەردۆغان دەگرێت!

‌هێژا دڵشاد

18/01/2022

2022، ساڵی زۆربونی قەیرانەكان دەبێت بۆ توركیا، ساڵی  قوڵبوونەوەی قەیرانەكان بەهەموو رەهەندەكانییەوە، سیاسیی، ئابووری، كۆمەڵایەتی تەنانەت قەیرانی بەڕێوەنەبردنی وڵات بە ئەندازەی پێشووتر، لەبەرئەوەی تادێت هەموو شتێك بەرەو خراپتر دەچێت و ناڕەزایی خەڵك لەو وڵاتە بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئاك پارتی و خودی ئەردۆغان، رۆژ بە رۆژ لە زیادبوندایە. 

هۆكاری سەرەكی قوڵبونەوەی قەیرانی ئابووریی توركیا و زیانەكانی كارگەخانەكان و خاوەنكار و پیشەوەرانی ئەو وڵاتە و لێكەوتەكانی قەیرانەكە بە سەر خەڵكەوەیە. 

2022 دەبێتە ساڵی قۆڵبوونەوەی كێشەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمەكانی دەوروبەری، زیاتر شكستخواردنی توركیا لە سیاسەتی دەرەوە دەبینین، لەدەستدانی بە های لیرەی توركی و هەڵئاوسانی قەیرانی ئابووری رەنگە كۆتایی بە دەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنێت كە نزیكەی چارەكە سەدەیەك فەرمانڕەوایی دەكات، 2022 ساڵی كێشمەكێشمی پارتە ئۆپۆزسیۆنە نوێیەكان و دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی ئەردۆغان دەبێت.

لەئێستاوە بە بەهانەی پاشەكشەی ئابوورییەكی توركیا، قۆڵیان لێهەڵكردووە بۆ كەمینی هەڵبژاردن و كۆكردنەوەی دەنگی ناڕازی لەو وڵاتە، تەنانەت لە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەو وڵاتە، چانسی ئەردۆغان زۆر كەم دەبێت بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن، لەبەرئەوەی لە دوو ساڵی رابردوودا حكومەتی توركیا نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێكی ئیجابی بۆ باشتركردنی ئابوورییەكی بنێت، هەروەها پاشەكشەیەكیش لە كەرتی تایبەت و كەرتی گەشتوگوزار و پڕۆژە ستراتیجییەكاندا هەیە.  

هەموو ئەمانە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ژیانی سیاسی ئەردۆغان دەبێت بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ئایندە، كە هێشتا ئاك پارتی و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان-ی سەرۆككۆمار، بەرچاوروونیەكی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ئایندە نییە. لەكاتێكدا راپرسییەكانی ئەو وڵاتە ئەوە نیشاندەدەن كە چانسی ئەردۆغان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنی ئایندە كەمە بە رێژەی سەدا 38 بۆ سەدا 40، لەم ئەگەرەدا ئەگەر بێت و پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، كاندیدێكی هاوبەشیان هەبێت بتوانێت ركابەری ئەردۆغان بكات لە هەڵبژاردنی ئایندە، ئەوا ئەردۆغان هەڵبژاردنێكی سەخت چاوەڕێی دەكات بە ئەندازەی ئەوەی كورسی سەرۆككۆماری لەدەستبدات.

لە ئێستادا چەند گەڕێكی كۆبونەوە لەنێوان لایەنەكان بۆ ئەو مەبەستە سازدەكرێت، لەم خاڵەدا بزوتنەوەی سیاسی كورد لە باكووری كوردستان، بە تایبەتیش پارتی دیموكراتی گەلان  (هەدەپە)، رۆڵێكی بەرچاو دەگێڕێت لە هاوكێشەی هەڵبژاردنی ئایندە، هەروەك چۆن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019 دا توانی جۆرە تاكتیكێك بەكاربهێنێت كە ئاك پارتی چەند شارەوانییەكی گەورەی لەدەستدا، لەوانەش لە ئیستانبوڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە و مارسین و ئەوانیتر كە زۆربەیان شارە گەورەكانی توركیابوون. ئەوەی دەبینرێت زۆرێك لەپارتە ئۆپۆزسیۆنەكان درگایان واڵاكردووە كە دەربارەی هەڵبژاردنی ساڵی ئایندە، كۆبونەوە لەگەڵ هەدەپە-دا سازبكەن.

زۆربەی ئاماژەكان دەریدەخەن ساڵی 2022 بۆ 2023، ساڵێكی شووم بەرۆكی ئەردۆغان دەگرێت! كە دوور نییە هەڵبژاردنی ئایندە بدۆڕێنێت و بەمەش كۆتایی دەسەڵاتی سیاسیی ئەردۆغان بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP