ساڵی 2016 وەك ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوكردنەوە، لە شاری كفری بۆنەیەكی جیاوازمان بۆ یادكردنەوەی شۆڕشی ئیبراهیم خانی دەلۆ سازكرد، چەندین وتار و بابەتی زانستیی گرنگی تیادا خرایەڕوو، شتێكی گرنگ سەرنجی لەسەر خرایەڕوو كە بۆ بەڵگەداركردنی سنووری كەركوك و كوردستان زۆر مانادارە و دەكرێ زیندووتری بكەینەوە.
شۆڕشی بیستی عیراق بە زنجیرە قۆناغێكدا تێپەڕی، لە كوردستانیش شێخ مەحمودی حەفید بەڕووی داگیركەراندا چووەوە، لە سنووری كەركوك و گەرمیانیش ئێبراهیم خانی دەلۆ لەسەر داوای خەڵك و وەكو كەسایەتییەكی كاریگەری ناوچەكە لە دەسەڵاتی ئینگلیزەكان راپەڕی و كفری و زۆر ناوچەی دیكەی ئازادكرد و ئینگلیزەكانی تەنگەتاوكرد، ئەگەرچی سەركەوتنەكە زۆری نەخایاند بە هۆكاری بەهێزی ئینگلیز و كەمی توانای لۆجستی شۆڕشگێڕانەوە، بەڵام بووە لاپەڕەیەكی پرشنگدار لە مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی خەڵكی كوردستاندا.
رووداوێكی سەیر لە كۆتایی شۆڕشەكەدا روویدا كە بۆ مێژووی كورد، دیاریكردنی سنووری كەركوك و كوردستان بایەخی زۆری هەیە كە ئەویش ئەمەیە: ئیبراهیم خانی دەلۆ بەهۆی زۆری تەمەن و ماندوێتی و نەخۆشی و نەبوونی چارەسەری پزیشكییەوە كۆچی دوایی دەكات، بۆ ئەوەی تەرمەكەی نەكەوێتە دەست ئینگلیز، شۆڕشگێڕەكان تەرمەكەی دەبەن و لە شوێنێكی پەنهانی سەر زنجیرە چیای حەمرین، ئەسپەردەی دەكەن بەبێدەنگی.
ئینگلیزەكان بە مردنی زۆر دڵخۆش دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا كەفوكوڵی دڵیان دانامركێتەوە و بڕیاردەدەن تەرمەكەی لە گۆڕ دەربهێنن و بە مردووییش دادگایی بكەن، خۆشبەختانە لەو هەوڵەشیاندا سەركەوتوو نابن، كاتێك شۆڕشگێڕەكان بەو نیازەی دوژمن دەزانن، دەمودەست خۆیان كۆدەكەنەوە و دەچن خۆیان تەرمی پیرۆزی سەركردەكەیان لە گۆڕەكەی دەردەهێنن و هێندەی تر ئینگلیز لە بەدیهاتنی ئامانجەكەیان بێهیوا دەكەن.
ئەسپەردەكردنی تەرمی ئیبراهیم خانی دەلۆ لەسەر چیای حەمرین، لە دوا هێڵەكانی سنووری كوردستان هێما بووە بۆ ئەوەی ئەوێ سنووری كوردستانە، بۆیە تەرمەكەیان گۆڕ غەریب نەكردووە و ویستوویانە بڵێن بە گیان و رۆح و خوێنی سەركردەكەیان سنووری كەركوك و كوردستان دیاری دەكەن.
ئەو تەرم و گۆڕ و مردن و ئەسپەردەكردنە لە ساڵانی بیستی سەدەی بیست و لە سەروەختی ئەوپەڕی بەهێزی داگیركاری ئینگلیزەكاندا، بەڵگەیەكی مێژووی تەواوە بۆ ئەوەی زیندووەكانی ئێستا، دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەكیی كورد و كەركوك بزانن كەركوك خاك و شارێكی كوردستانییە و نكۆڵیلێكردنی هیچ لە راستییەكان ناگۆڕێ.
دەرفەتێكی باشە ئەو رووداوە بكرێتە بابەتێكی قسە لەسەركراو بۆ ئەوەی هەم بیرەوەرییەكە زیندوو رابگیرێت، هەروەها بۆ ئەوەش بیری دوژمنانی كەركوك و كوردستانی بخەینەوە، كەركوك كوردستانییە، سنوورەكەیشی چیای حەمرینە و رۆحی ئیبراهیم خانی دەلۆش شاهیدە.