دواین هەواڵ

عوسمانی حاجی مەحمود لەتاقیکردنەوەیەکی قورسدا؟

‌دییە عەلی

29/11/2021

عوسمانی حاجی مەحمود کەزیاتر لەناو خەڵکدا واناوی ڕۆشتووە کەپیاوێکی دەستپاک و داوێن پاکە، لەگەڵ ئەوەشدا کەم نین ئەو رەخنانە لەبارەی دامەزراندنی کەسوکارەکەی لەسلکی سەربازی و بەپلەی بەرز دایمەزراندوون لێی دەگیرێن. عوسمانی حاجی مەحمود پیاوێکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕێکی نەبەز بووە، داستانی خۆڕاگری زۆرە، بەڵام لەسیاسەت و ململانێی سیاسیدا نەفەسی کورتە و لەدنیای پڕململانێی سیاسەت لەکوردستاندا زەحمەتە دەرەقەت بێت.

نەوەی ئێمە زیاتر لەناو گۆڕاندا ناسیومانە، هەرچەندە بێئاگانیم لەوەی کەکاتی خۆشی یەکێ بووە لەوانەی لەمەکتەب سیاسیدا بەپێچەوانەی زۆرێک لەهاوڕێکانی ڕووبەڕووی مام جەلال بووەتەوە و چەندینجار رەخنەی توند و جدی لەمام جەلال گرتووە. عوسمانی حاجی مەحمود لەسەردەمی گۆڕاندا چەندجارێک نیگەران بووە لەنەوشیروان مستەفای رەحمەتی و گردەکەی جێهێشتووە، بەڵام هیچکات ڕێگای نەداوە هاوڕێکانی یان کەسانێک کەسەردانیان کردووە بەخراپ باسی نەوشیروان مستەفا بکەن و سوکایەتی پێبکەن، ئەم نەریتەی پێچەوانەی ململانێی سیاسییەکانی کوردستانە، ئەمەش بۆ ئەخلاقی بەرزی سیاسی ئەو زاتە دەگەڕێتەوە.

لەماوەی پێشودا دوای ئەوەی زۆرترین دەنگی لەخانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان هێنا، بەڵام بەخواستی خۆیی و لەبەر جیاوازی بیروبۆچوون و کارکردن لەحزبدا وازی لەگۆڕان هێنا و لەماڵەوە دانیشتووە، ئەگەر رەخنەیەکیشی هەبوبێ لەفۆڕمی گلەیدا لای دەوروبەرەکەی باسیکردووە و نەیگەیاندووە بەمیدیا و سۆشیاڵ میدیا، هەرئەوەش بوو وایکردووە لەدوای شکستی گۆڕان لەهەلبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، یەکەم کەس چیای نەوشیروان مستەفا هانای بۆبرد، عوسمانی حاجی مەحمود بوو، بەڵام مەرجەکانی قورس بوون بەنیسبەت چیاوە، بۆیە بەبێدەنگی کشانەوە لەگفتوگۆکردن لەگەڵی، ئەگەرچی عوسمانی حاجی مەحمود وەک دەرمان بۆ دەردی گۆڕان پێویست بوو.

عوسمانی حاجی مەحمود هاوشانی قادری حاجی عەلی رەحمەتی بەم دوواییە بیریان لەپرۆژەیەکی سیاسی کردبووە لەفۆڕمی حزبدا، بەڵام قادری حاجی عەلی بەزووی ژیانئاوایکرد و ئەم ئەرکە سەختەی بۆ عوسمانی حاجی مەحمود بەجێهێشت. عوسمانی حاجی مەحمود لەلای دەوروبەرەکەی واناسراوە بەجۆرێ نیگەران بوو لەسیاسەتکردن و ململانێی سیاسی لەکوردستاندا، زەحمەتە جارێکی تر بێتەوە ناو سیاسەت و بیەوێت ڕابەرایەتی ڕەوتێکی سیاسی بکات، بەڵام پێناچێ دەوروبەرەکەی وازی لێبهێنن و دوورنییە لەژێر کاریگەری ئەواندا بچێتە ژێرباری دروستکردنی حزبەوە.

لەماوەی سێ رۆژدا لەخۆپیشاندانەکانی خوێندکاران دوو بەیاننامەی دەرکردووە، هەرچەندە عوسمانی حاجی مەحمود لەگەڵ ئەو جۆرە لەسیاسەتکردندا نییە، چونکە باش دەزانێ سیاسەتی پۆپۆلیستی چۆن قوڕیکرد بەسەر ماڵی گۆڕاندا ئاواش قوڕ دەکات بەسەر ئەواندا، بەڵام وادیارە دەوروبەرەکەی وازی لێناهێنن.

بەڵگەی روون و ئاشکراش ئەوەیە سێ مانگە ئەم گروپە لەگفتوگۆدان، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون بەوەی کەی و چۆن پرۆژە سیاسییەکەیان مانیفێست بکەن.

هەرچەندە دروستکردنی حزب کارێکی قورس نییە، بەڵام ئیدارەدان و بەردەوامی کارە قورسەکەیە، بۆیە وای نابینم، هەتا ئەگەر حزبیش دروست بکەن، زەحمەتە جارێکی تر بگەنەوە بەو ئاستەی گۆڕان کەخاوەنی 25 کورسی پەرلەمانی بوو، یان بتوانن وەک گۆڕان بۆ چەند ساڵێک ببنە مەترسی لەسەر لەسەر پارتی و یەکێتی، ئەوەش دەبێ مەهام و موهیمەی حزبی نوێبێ، بۆیە عوسمانی حاجی مەحمود لەم رۆژە دەترسێ و ڕاڕایە و نایەوێ خۆی لەو تاقیکردنەوە قورسە بدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP