دواین هەواڵ

چوار هەڵبژاردن لە یەك هەڵبژاردندا

‌بڕیار شێرکۆ بابان

22/10/2021

خوێندنەوەیەك بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: 

بەشی یەکەم

تاقیكردنەوەی سێیەمی سیستەمی هەڵبژاردن

هەڵبژاردن کارێکی نیشتمانیی ئاڵۆزی فرەڕەهەند و فرەڕێکخستنە. هەلومەرجی هەر دەوڵەتێك، بڕیار دەدات چۆن و بە كام میکانیزم هەڵبژاردنەکانیان ڕێک بخەن. عێراق لەم هەڵبژاردنەی ئەمساڵ، بڕیاری داوە بە سیستەمێکی هەڵبژاردنی نوێی فرەبازنەیی کە ناوی "سیستەمی تاكدەنگیی نەگوێزراوەیی"یە تاقی بکاتەوە. دەڵێین "تاقی دەکاتەوە"، لەبەر ئەوەی عێراق كه‌ لە ساڵی ٢٠٠٣وە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەوە سێیەم سیستەمە تاقی دەکاتەوە؛ ئەمەیش لەرزۆکی و ناسەقامگيریی ديموکراسییەت لە عێراق پيشان دەدات. بێ گومان ئەمەیش دوا تاقیکردنەوە نابێت. گەلانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە بە قۆناغێکی گواستراوە و ئەزموونکاریدا تێپەڕ دەبێت. لەم کورتە باسەدا، هەوڵ دەدەین خوێندەوەیەكی واقعییانە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی (١٠/١٠)ی عێراق بکەین. خوێندنەوەکەمان لە ڕووی کاتەوە بەسەر سێ مەودای جیاوازدا دابەش دەکەین: لە بەشی یەکەم، باس لە ئەگەرەکان لە کورتمەودا و ناوەندمەودا دەکەین و لە بەشی دووەم، شرۆڤەیەك بۆ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان لە دوورمەودا دەکەین.
یەکەم: لە کورتمەودادا: عێراقییەکان پيرۆزبایی لە یەکتر ناکەن

مەبەستمان لە کورتمەودا، واتا ئەو ماوەیەی لە دوا خولەکی کۆتاییی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات تاوەکوو مانگی یەکەم. هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ١٠/١٠ ئەنجام دەدرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ واتای ئەوە نییە کە ئەم هەڵبژاردنە ١٠ لەسەر ١٠ وەردەگرێت. ئەوەتا لە ئەمریکا- کۆنترین و ڕێکخراوترین ديموکراسی لە جیهاندا- لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٠٢٠ بە دەیان کوژراو و بریندار، بوونە قوربانیی هاشوهوشی لایەنی دۆڕاو لە هەڵبژاردنەکاندا. لەوەتەی ئەمریکا هەیە، لە هەڵبژاردنه‌کانی سەرۆکایەتیدا دۆڕاو پيرۆزبایی لە براوە دەکات، کەچی ئەم جارە سەرۆک ترامپ خۆی بە سەرۆکی شەرعیی ئەمریکا دەزانێت و بە هەڵبژاردنێکی ڕفێندراو و گزیلێکراو وەسفی ديموکراسییەتی وڵاتەکەی خۆی دەکات.

ئه‌وجا وەرە سەر دۆخی عێراقێکی شپرزە و پڕاوپڕ لە قين و توندوتیژی؛ چۆن لایەنی دۆڕاو پيرۆزبایی لە براوە بکات؟ نەك پيرۆزبایی لە براوە ناکرێت، به‌ڵكوو پێشوه‌خته‌ خۆیان بۆ تۆمەتبەخشینەوە ئاماده‌ كردووه‌! ئەو لایەنەی دەزانێت دۆڕاوە، هەر ڕۆژی هەڵبژاردن کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن دەخاتە ژێر پرسیار و ڕەخنەوە؛ چاوەڕێ ناکات پسپۆر و چاودێرە نێودەوڵەتییەکان ڕا و بۆچوونی خۆیان دەرببڕن.

چاودێرییەکی نێودەوڵەتیی بێهاوتا

 ئەم جارەیان نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی عێراق، زۆر بەتوندی هاتۆتە ناو مەیدانی چاودێریکردن. لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگه‌ی UNAMIیه‌وه‌ تەنیا هاوکارێکی کۆمیسيۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بوون. ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕاوە و، تەنیا هاوکاری کۆمیسيۆن نییە، بەڵکوو بەپێی بڕیاری (٢٥٧٦) کە لە ٢٧/٥/٢٠٢١ دەرچووە، نەتەوە یەکگرتووەکان شان بە شانی یەکێتیی ئەوروپا چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکا و؛ ڕاپۆرتی خۆی بۆ ڕای گشتیی جیهانی و بەتایبەتی بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادە دەکا. بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی دوازدە دەوڵەت، ئێستا ژمارەی چاودێرە نێودەوڵەتییەکان پێنج ئەوەندەی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨یه‌. ئەوان دەتوانن پێمان بڵێن ڕاددەی پاكوخاوێنیی هەڵبژاردنەکان لە چ ئاستێكدایه‌.

 کەواتە چاوەڕێ ناکرێت عێراقییەکان دەستخۆشی و پيرۆزبایی لە یەکتر بکەن؛ هێشتا زۆری ماوه‌ عێراقییه‌كان بگه‌نه‌ که‌لتووری قبووڵکردنی دۆڕان لە هەڵبژاردنەکاندا. ئەوەی جێی مەترسییە ئەوەیە کە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم دەستخۆشی و پيرۆزبایییە نەکەن. لە ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بۆنەی هەڵبژاردنەکانەوە دەستخۆشییان لە گەلانی عێراق کردووە. ئه‌وان وەکوو ڕێزێك بۆ سەروەریی عێراق، پيرۆزبایییەکانیان ئاراسته‌ی گەلانی عێراق دەکەن نەك لایەنە براوەکان. هەر کاتێك گوێبیستی ئەم جۆرە پيرۆزبایییە نەبووین، ئەوە ئاماژەیەکی مەترسیدار دەبێت کە کۆی پرۆسەی ديموکراسی متمانەی لە لای هاوپەیمانەکان لەدەست داوە و چاوەڕێی هەنگاوی دیكه‌ی نەرێنی دەبين لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە.

یەکێك لە خاڵە گرنگەکان لە کورتمەودادا، ڕێژەی بەشداربوونی دەنگدەرانە. نووسەرێکی فەڕەنسی دەنووسێت، کاتێك ڕێژەی دەنگدان لە ٥٠٪ کەمتر بێت، ئەوا لە پێش هەڵبژاردنێكی بێدەنگدەر دەبین. هەڵبژاردن له‌ دوای هەڵبژاردن، متمانەی سیاسی لە عێراق کەمتر دەبێتەوە. لاوازیی ڕێژەی بەشداربوون لە هەر شوێنێك بێت، دەرەنجامەکەی دواتر دەردەکەوێت؛ کاتێك گەنج و بێکار دەڕژێنە سەر شەقامەکان؛ هەروەکوو لە سەردەمی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی ڕووی دا و بووە هۆی کۆتاییهاتنی حکوومەتەکەی و هەڵبژاردنی پێشوەختە. 

دووەم: لە ناوەندمەودادا: گەڕان بە دوای سەرۆکی حکوومەتدا

مەبەستمان لە ناوەندمەودا ئەو ماوەیەیە كه‌ لە نێوان مانگێك بۆ ساڵێك دەبێت لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە. بۆ ماوەی مانگێك مقۆمقۆی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت، بە تانەیەکی یەکجار زۆرەوە. هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی دەرەنجامەکان و کۆمیسيۆنی باڵای هەڵبژارندنەکان تاوتوێیش دەکرێت، بەڵام بێئەنجام دەبێت.

ڕاستییه‌كه‌ی لەبەر سروشتی پێکهاتەی عێراق، لە ئێستا و لە داهاتوودا هیچ حزبێك یان هاوپەیمانییەکی پێشوەختەی هەڵبژاردن دەنگی زۆرینەی ڕەهای عێراقییەکان ناباتەوە. ڕاستە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەم جارە، وا هەست دەکرێت کە کێبڕکێ لە نێوان بەربژێرەکان لە ٨٣ بازنەدا ڕوو دەدات، بەڵام ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، شان بە شانی هەڵبژاردنە فەرمییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران، سێ هەڵبژاردنی سەرەکیی ڕانەگەیه‌ندراو هەیە. هەڵبژاردنەکانی ١٠/١٠ هه‌ر خۆی چوار هەڵبژاردنە لە یەك هەڵبژاردندا:

یەکەم هەڵبژاردن: هەڵبژاردنی فەرمی و ڕاگەیەندراوه‌ بۆ هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هەموو ئاڵۆزییەکانەوە، بەتایبەتی ئەم جارە عێراق دابەش کراوه‌ بۆ ٨٣ بازنە و هەندێك بازنە دابەشبوونی حزبیی قووڵ و کێبڕکێی توندی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی تێدایە کە دەرەنجامەکانی لای لایەنی دۆڕاو بەئاسانی هەرس ناکرێت.

دووەم هەڵبژاردن: هەڵبژاردنێکە لە نێوان کوردستانییەکان. سەرکەوتنی لایەنێك ئاماژەیەکی گرنگ دەبێت بۆ دەستکەوتی سیاسی لە بەغدا، بەتایبەتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكکۆمار و وەزارەتێکی سیادی و چەند وەزارەتێك و پۆستێکی تر. لە ڕێگه‌ی ئەم پۆستانەیشەوە، دەکرێت ماف و شایستە دەستووری و دارایییەکانی هەرێم باشتر بپارێزرێن. وا چاوەڕوان دەکرێت "پارتی ديموکراتی کوردستان" زۆرینەی کوردستان (هەرێم + ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) بەدەست بێنێت و دوای ئەویش "هاوپەیمانیی کوردستان" بە پلەی دووەم بێت. هەروەکوو لە ساڵی ٢٠١٨ بینیمان، هاوکێشەی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمار لەلایەن براوەی یەکەمی كوردستان، بەو ئاسانییە نییە. دیاریکردنی سەرۆكکۆمار چەندین ڕەهەندی تێدایە: ڕەهەندی ناوخۆی هەرێم و دابەشبوونی دەسەڵاتەکان لە هەرێم و هەڵوێستی وڵاتانی ئیقليمی و لایەنی مێژووییی پۆستی سەرۆككۆمار و چاوتێبڕینی سوننەکان بۆ ئەم پۆستە وەکوو ميراتێکی مێژوویی.

ئەوەی جێی سەرنجە لەوەی کە ئێمە ناومان لێ ناوە دووەم هەڵبژاردن، چەند پەرلەمانتارێك لە هەرێم دەردەچن؛ بەڵام لە ڕووی ژمارەوە لە حزبێکی کەمینەن یان سەربەخۆن و ڕوو لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکەن. لە خولەکانی پێشوو بۆمان دەرکەوتووە کە بەشێك لەو پەرلەمانتارانە بەجوانی لە ئەرکەکەی خۆیان تێ نەگەیشتوون. ئەوان هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی لە بەغدا کار بکەن و نوێنەرایەتیی ئەو کەسانە بکەن کە دەنگیان پێ داون؛ بەڵام لە بەغدا مت و بێچالاکین و، تەنیا لە شارەکانی كوردستان دژی حکوومەت و قەوارەی هەرێم دەنگ هەڵدەبڕن، لە کاتێكدا ئەمە مەیدانی کارکردنیان نییە. ئەم جۆرە پەرلەمانتارانە کاتێك ئۆپۆزیسيۆنبوون لە بەغدا هەڵدەبژێرن، چوارچێوەی کارکردنیان بە دامەزراوە فيدراڵییەکانی عێراقه‌وه‌ سنووردار ده‌كرێت، نەك ئه‌وه‌ی بەردەوام بن لە بانگەشەی هەڵبژاردن.

سێیەم هەڵبژاردن: هەڵبژاردنێکە لە نێوان عەرەبی سوننە. لە ٢٠٠٣وە ئەم پێکهاتەیە خراپترین ڕێکخستنی سیاسی و حزبیی هەیە. بەشێکیان بە بەعسیبوون و داعشبوون تێوە گلاون. بەشێکیان شوێنی خۆیان جێ هێشتووە و، هەروەها کەمترین ئامادەبوونیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەیە. حزبە سیاسییەکانیان کەمترین کاریگەرییان لە پانتاییی سیاسیی عێراقیدا هەیە. توانای دروستکردنی سەرکردەیەکی سیاسی بۆ خۆیان لەدەست داوە.

لە ساڵی ٢٠٠٣وە هیچ حزبێکی سوننە نەیتوانیوە زۆرینەی ڕەها (٥٠+١)ی دەنگەکانی عەرەبی سوننە بەدەست بهێنێت. ئێستا باس لەوە دەکرێت کە حزبی "تقدم"ی بەڕێز "محەممەد حەلبووسی"، سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران، بەشێکی زۆری کورسیی سوننەکان بەدەست بێنێت. لەو باوەڕەداین کاتێك حزبێکی سوننی توانی زۆرینەی ڕەهای هەڵبژاردنی نێوان سوننەکان بەدەست بێنێت، ئەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پێگەی کوردستانییەکان دەبێت. بۆ نموونە، "حەلبووسی" لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ بە (6) کورسییەوە، بوو بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ ئەم جارە ئەگەر نیوەی زیاتری کورسییەکان سوننە بهێنێت و توانی ئەم زۆرینەیە لە هەڵبژاردنی سێیەم بەرێتەوە، ئەوا بە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕازی نابێت و داوای سەرۆكکوماری و دەسەڵاتی دەستووریی زیاتر بۆ سوننەکان دەکات.

هەڵبژاردنی چوارەم: هەڵبژاردنێکە لە نێوان شيعەکان. ڕاستە شيعەکان لە عێراق زۆرینەن، بەڵام لەناو خۆیاندا ئه‌ستەمە حزبێکی زۆرینەی ڕەها بباتەوە. وا دەردەکەوێت هەڵبژاردنی چوارەم، لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی حکوومەت بێت. حزبە شيعيیه‌کان کێبڕکێیەکی زۆر توندیان لە نێواندایە، لەبەر ئەوەی باڵی سەربازییان هەیە و دەسەڵاتێکی داراییی گەورەیان لەبەردەستە؛ ئه‌وان ئینتمایان بۆ ڕێچکە ئایینییەکان، زاڵە بەسەر هەموو هەست و سۆزێکی نیشتمانی بۆ عێراق. ئەوەی شيعەکانی لە پێکدادان پاراستوووە، مەرجەعییەتێکی ئایینییە کە کۆیان دەکاتەوە. هەروەکوو توێژەرێکی عێراقی "حارس حه‌سه‌ن" دەنووسێت: "باش بوو هەڵبژاردن لە عێراق چەند ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت؛ کێبڕكێی نێوان لایەنە شيعيیەکان لە ئاستێکدایە، كه‌ ئەگەر هەڵبژاردن نەبووایە، بەدیلەکەی، کە جەنگە، لەمێژە ئامادەیە."

شیعە لە نێوان خۆیاندا هاوپەیمانی و زۆرینەیان لە حکوومەتەکانی ماليکی و عەبادی دابين کردبوو، بەڵام لە دوای ٢٠١٨ لایەنە شيعییەکان بەرەو دابەشبوونێکی وه‌ها چوونە، کە زۆر زەحمەتە لایەنێك یان هاوپەیمانییەک بتوانێت زۆرینەی ڕەهای شيعەکان کۆ بکاتەوە. ئەوەی ڕوونە، "سەدرییەکان" لە هەڵبژاردنی نێوان شيعەکان یەکەم دەبن، بەڵام زۆرینەی ڕەهای کورسییەکان ناهێنن. بۆیە سەدرییەکان دەنگێکی باڵایان دەبێت لە دەستنیشانکردنی ناوی سەرۆکی وەزیرانی داهاتوو، بەڵام بەتەنیا نابن. لە عێراق بەبێ ڕەزامەندیی هێزەکانی حەشدی شەعبی، حکوومەتێکی نوێ دروست نابێت.          

بازەکە لەسەر شانی کێ دەنيشێتەوە؟

دەنگدەری عێراقی لەو چوار جۆرە هەڵبژاردنەی لە سەرەوە باسمان کرد، کاتێك دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان، دوور و نزيك نازانێت دواتر کێ دەبێتە سەرۆککۆمار و سەرۆكوەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران. لە وڵاتان هەرچەندە سیستەمەکە پەرلەمانی بێت، دەنگدەران تا ڕاددەیەك چەند ناوێکی دیاریکراویان لایە کە دەزانن یەکێک لەوانە دەبێت بە سەرۆکوەزیران. بەڵام لە عێراقدا، نە دەنگدەر، نە ئەوانەی دەبن بە پەرلەمانتار، نە خودی سەرۆکی حکوومەتی داهاتوو، نازانێت کە دەبێت بە ژمارە یەکی بەهێزترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن، کە سەرۆکی حکوومەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە. بەڕێزان "عادل عەبدولمەهدی" و "مستەفا کازمی" دەنگدەرێکی سادە بوون لە ساڵی ٢٠١٨؛ بێ حزب و بێ خۆپاڵاوتن، بوون بە سەرۆكوەزیران. وا چاوەڕوان دەکرێت هەمان سيناريۆ دووبارە ببێتەوە.

هەڵبژاردنی حکوومەت لە "چيرۆکی بازەکە" دەچێت کە لەسەر شانی یەکێك دەنیشێتەوە و دەبێت بە سەرۆکوەزیران. هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە دۆڵێكە و، دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران لە دۆڵێکی ترە. واتا دەستنیشانکردنی سەرۆکی وەزیران تا ڕاددەیەکی زۆر لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە. با وێنەکە فراوانتر بکەین: سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، نابێت ڤيتۆی ئێران و ئەمریکای لەسەر بێت. ئه‌وجا له‌ هەنگاوی دواتردا سەرۆكکۆماری عێراق ناوەکەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەنێرێت بۆ ئه‌وه‌ی دەنگی لەسەر دەدرێت.
لەم ماوەیەی ئێمە ناومان لێ ناوە ناوەندمەودا، حوكمڕانییەکی بێحکوومەت عێراق بەڕێوە دەبات؛ حکوومەتەکەی مستەفا کازمی، دەبێت بە "حکوومەتی کاربەڕێکەر" کە پابەند نابێت بەرامبەر ئەنجومەنی نوێنەرانی تازە هەڵبژاردراوی عێراقی، بەڵام لە هەمان کاتدا بڕیارێکی ئەوتۆ نادات؛ ستاتو کۆ (Status quo) بەردەوام دەبێت، یاسای بوودجەی ٢٠٢١ وەکوو خۆی کاری پێ دەکرێت و بەپێی حوکمی یاسا، دەبێت بە یاسای بوودجەی ٢٠٢٢. ئەم بارودۆخە سیاسییە تا ڕاددەیەک لە بەرژوەندیی هەرێم دەبێت؛ تەنیا لە حاڵەتێکدا نەبێت، ئەویش بەڕێز "مستەفا کازمی" نیازی دووبارە وەرگرتنەوەی سەرۆکوەزیرانی هەبێت و ئەم نیازە پاڵی پێوە بنێت کە لایەنە عێراقییەکان ڕازی بکاتەوە و بەشە بوودجەی هەرێم دیسانەوە ببڕێتەوە.

ڕێزگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم

لەو باوەڕەداین، براوەی پلە یەکەم و/یان دووەم لە هەڵبژاردنەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم، جومگەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکوومەت + سەرۆکایەتیی کۆمار)ی عێراق دیاری دەکەن. لەو سۆنگەیەوە، بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە بەها و بنەما بنەڕه‌تییەکان لە دەستووری عێراق و لە یاسای هەڵبژاردن و لە یاسای بوودجە، پێویستە عێراق ڕەچاوی هەڵوێستی براوەکانی هەڵبژاردنەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم بکات.

بە واتایەکی تر، لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی فیدراڵ (مجلس الاتحاد)، کە لە ماددە (٦٥)ی دەستووری عێراقدا هاتووە، تاوەکوو ئێستا دروست نەبووە، بۆیە لە ئەگەری دەستبردن بۆ دەستوور و مافەکانی پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق، پێویستە بە کۆدەنگیی براوەکانی هەڵبژاردنەکانی دووەم و سێیەم و چوارەم بێت.

بە زۆرینەی هەڵبژاردنی یەکەم، ناکرێت مافێكی دەستووریی هەرێمێك یان پێکهاتەیەکی سەرەکیی عێراق بگۆڕدرێت. بەکورتی، تاوەکوو ئەنجومەنی فيدراڵ پێک دەهێنرێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی دووەم و سێیەم و چوارەم بکرێن بە بناغەیەک بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرسێ پێکهێنەری سەرەکیی عێراق کە عەرەبی شيعە و عەرەبی سوننە و کوردستانییەکانن.  

 تێبینی:
* لە بەشی دووەمدا باس لە دەرەنجامە دوورمەوداکانی هەڵبژاردنی ١٠/١٠/٢٠٢١ دەکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP