دواین هەواڵ

کە ئەچیتە بەغا !

‌ئاسۆ عەبدوللەتیف

22/09/2021

* ئەوەت لە بیربێ ئەها ئەم رۆژانە چەند زەلیلی لە بەردەم دەنگدەرانی هەژار و نەدار  تا بە پەیژەکەیاندا سەرکەویتە سەری سەرەوەی هەڕەمەکە.
* ئەها، چۆن وەك دارتوو دەیانتەكێنیت و بەرچنەی لێ پڕدەكەیت بۆ مووچە و ئیمتیازەکەت، دەی ئاواش بیری کەرامەت و شکۆی خۆت و نەتەوە و دەنگدەرەکانت بکەرەوە لەو بەغای عروبە و حەشد و مەزهەبگەرایە.

* ئەها چۆن قەڕەوڵی تفەنگت میزانە و راوی دەنگەکانیان دەكەیت و تۆڕ دەخەیتە گەردن و ملیان بە دروشمی گەورە و کۆن و ستۆک و وەدینەهاتوو، دەی ئاواش خزمەتی دەنگدەرەکانت بیر نەچێ و ژمارە تەلەفۆنەکەت مەگۆڕە و دروشم و لێدوان و جنێودان بەسیەتی، ئازار و برین و برسێتی و بێمووچەیی چارە ناکات.

* ئێستا خۆت بینیوە وەك سمۆرە ئەم دوكان و ئەو دوكان، ئەم کەناڵ و ئەو کەناڵ، ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ دەكەیت بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و یەکەمجارتە جلی کوردی بپۆشی، یەکەمجارتە ماڵە هەژار ببینیت، یەکەمجارتە وێنەیان لەگەڵ بگری، یەکەمجارتە ئاڵای کوردستان هەڵکەیت، دەی بۆ یەکەم جاریش راستگۆ و بەکەرامەت بە و دژی قەوارە و هەرێمی دەنگدەرەکانت مەوەستەوە و هەوڵی بەدەستورییکردنی بدە!

* ئەها خەڵك چەند سادە و خاكەڕاو خانەخوێ و جوامێرن، كاتێ دەنگت پێ دەدا شەرم دەیگرێ، دە تۆش تۆزێ جوامێربە و وەفای ئەو شەرمەت بیرنەچێ و ویژدانی خۆت و كلیلی ئەم كەرامەتەی خۆت تەسلیمی هیچ کوتلەیەکی فاشیستی دژە کورد مەكە.

* كە دەچیتە بەغا شەهامەتی پیاوەتی و ژنێتی خۆت مەگۆرەوە بە هیچ خۆفرۆشییەکی ژێربەژێر و سەفقەیەک بۆ پارە و ئیمتیاز، بیری گرێبەستی لابەلاو كۆكردنەوەی پارە و كڕینی شوقە و کەین و بەین مەكەرەوە، لەسەر سنگ و دەنگت بنووسە بۆ فرۆشتن نییە، بەس کڕیاری یاسا و بڕیاری چارەنووسسازبە بۆ میللەتەکەت.

* چانست هەیە ئەمجارە دەنگدەر هیچ دەرفەتێكی دیكه‌ی لەبەردەمدا نییە تۆ نەبیت، بۆیە تۆ كەسێكی ناچارییت بۆدەنگدەر، بۆیە ناچار مەبە لەودیو حەمرینەکەتەوە سەرت بۆ هیچ غەددار و نامەردێك بچەمێنی و شۆڕكەیتەوە.

* تۆ دەزانیت هەڵبژاردنی عێراق شانۆگەرییەكی كۆمیدییە بۆ سیستمێك، کە بۆنی فاشیزم و پاکتاوکردن و هۆڤییەتی لێ دێ،  تۆی كورد لەناو ئەو هەموو رێویەدا شێری موزایەدەچی و دروستکراو مەبە هیچت پێ ناكرێ، خۆت بە شێر لەقەڵەم مەدە، هەر ئەوەندە رێوییەکی سرک و بەهەڵوێست بە.

*  دیاری وەرمەگرە لە هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانیی دژی نەتەوەکەت تۆ سواڵكەر نیت، بچووكی هیچ عەیب و نەنگی نییە، خۆفرۆش هەمیشە بچووكە بەو بچووكییەی خۆت،  بەو گرام و میلیم و سانتیمەترەی خۆتەوە، كیلۆكان هاوسەنگ و تەوازون بكە بەلای نەتەوەكەتدا، مەهێڵە هیچ كەس غەش لە هاونیشتیمانیانت بكات، ئەگەر گرامی بچووك نەبێت، كیلۆ قیمەتی نییە، ئەگەر سانتیم نەبێت بزانە مەتر ئەهمیەتی نییە.

* كۆبونەوەی نهێنی لەگەڵ هیچ كەس مەكە، تۆ نوێنەری میللەتێكی بێ دەوڵەتیت، بیر لە ویژدانی خۆت بكەرەوە كە چۆن دەنگت كۆدەكردەوە بە عەمود و دار و شاخ و سەربانا سەردەکەوتی، بیر لە نەخۆشەكانی شێرپەنجەی هیوا و نانی کەلی بكەرەوە، بیر لە پێشمەرگەی برسی و كەم ئەندام بكەرەوە، بیر بكەرەوە دەوڵەمەندی ئامانج نییە کوشتنی بڕوا و ئامانجەکەتە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP