دواین هەواڵ

کێشەی کوردستان وەک بالندەی قەفنەس

‌محەمەد خۆشناو

31/07/2021

دوای رێکەوتنی نێوان « بایدن» ی سەرۆکی ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و « مستەفا کازمی» سەرەک وەزیرانی عێراق بە کێشانەوەی هێزە شەرکەرەکانی ئەمەریکا لە عێراق ، جۆرە ترس و دلەراوکێ لەنێو هەندێک سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و خەخۆرانی کێشەی کوردستان دروستبووە و ، هەمدیس نسکۆ و شکستەکان و پیلانگێری و پشتێکردنی ولاتان لە کورد بیردیتەوە و ترس داماندەگریت و ، دەبیت ئەم جارەش وەکو جاران بگرین و لە چۆکی خۆمان بدەین و بلاوێینەوە و لە دونیا بپارێینەوە! وەک ئەوەی مێژوو لەو شکستانە وەستا بیت!

پێم وایە کێشەی کوردستان ، لە هەموو پارچەکانی کوردستان ، وەکو بالندە ئەفسانەییەکەی قەفنەسە ، کە دەسوتیت و لەناو خۆلەمێشی سووتانی خۆیدا بە جوانتر و بەهێزتر لەجاران زیندوو دەبێتەوە.

عەقلی سەردولکە و لاواندنەوەی کورد  لە مێژوەماندا تەنها نسکۆ و شکست بەبیر دێنتەوە و ، سەیری واقعی خۆمان تەنها بەوەی خەراپە و سلبیە دەکات ، وەک ئەوەی قەدەری ئێمەبن و نەتوانین خۆمانی لێ ببچرێنین ، عەقلیەتێک دەمانخاتە نێو خەم و رەشبینیەوە یا ترس لە ژیان و لە ئەوانی دیکە بکەین ، وەک ئەوەی ئێمە لەبەردەم کۆتایی مێژوو دابین و لە هەمووشی ترسناکتر نەمانی متمانە بە خودی خۆت.

ولاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەجەلالی قوەتی سەربازی خۆی ، لە ئەفغانستان و ڤیەتنام و سۆمال بە شکستخواردوویی کشایەوە و ، ئەمەریکا هیچ هاتوهاوار و لاواندنەوەی بەخۆوە نەدیت و ، گرێکوێرەی خەتا و گوناهیشیان بۆ خۆیان خەلق نەکرد تا شەو و رۆژ سەرکۆنەی خودی خۆیانی پێبکەن ، بەلکو درێژەیان بە ژیاندا…سالی«٢٠١١» ، کارەساتێکی گەورەی سروشتی بەسەر ژاپۆن لە بومەلەرزە و تسۆنامی هات ، کە هەزاران کەس مردن و ، دەیان ملیار دۆلار زەرەر و زیانیان پێگەیشت و لەوانە زیانگەیاندن بە وێستگەی«فۆکۆشیما»ی ئەتۆمی ، کە هەندێک تیشکی ئەتۆمی دزەی کردبوو ، ئەو ولاتە بە بێدەنگی و بێ هاتوهاوار و پارانەوە و داوای هاوکاری ، بە شێنەیی کارەساتەکەیان تێپەراند.

هیچ کۆمەلگەیەک نیە بێ قەیران بێت ، هەتا ژیانیش مابێت ئێمە روبەرووی قەیرانی قەیرانی نوێ و ناخۆش دەبین و ، رۆلی تاکەکان و دەسەلاتیش ئەوەیە بەروەرووی قەیران ببێتەوە ، لەهەموو ولاتان و گەلانی دونیا قەیران و تەنگوچەلەمە هەیە ، بۆچی هەندێک لە ئێمە وایدەبینن ، کە کۆمەلگەی ئێمە پاگژ و سرکراو و بێ قەیران و تەنگوچەلەمە و خەم بێت؟

کێشەی سەرەکی ئێمە خۆمانین ، ئێمە بۆ وا بیربکەینەوە ، کە دیسان کێشەی کوردستان دەبێتە قوربانی بەرژەوەندی ولاتان؟.

لەراستیدا ئێمە خۆمان قوربانی خۆمانین و ، فاتورەی زولم لەخۆکرندنی خۆامان دەدەینەوە ، زروفێک هاتۆتە ئاراوە کە ئەگەر پشت بەخۆت نەبەستیت لەناو دەچیت و ، ئەگەر ئەوە حالی ئێمە بێت ، بۆ گللەیی لە ئەمریکا یا هەر ولاتێکی دیکە بکەین و بلێین خەنجەریان لەپشت داین؟! گەورەترین گیروگرفتی ئێمە لەوەدایە دان بە هەلەکان نانێین و ، مراجەعەی خۆمان ناکەین ، ئەو بەخۆداچوونەوەیە بوو چەندان گەل و ولاتی دەربازکرد.

کاتێک خاتوو«بلاسخارت»ی نوێنەری ئەمینداری گشتی نەتەوەیکگرتووەکان لە عێراق ، وەک دۆستێک پێمان دەلێت «وامەزانن هەرێمی کوردستان بە پارێزراوی دەمێنێتەوە» ئەو خاتوونە واقیعی شلۆقی ناوخۆی ئێمەی خوێندۆتەوە و ، داوامان لێدەکات هەتا زووە بەخۆتاندا بچنەوە و ، ئەو درمی دابەشبوونە سیاسی و جوگرافی و لاوازی پەیوەندی کۆمەلایەتی و سیاسیە نەهێلن و،

نێو مالی خۆتان رێبخەنەوە و ، ببنە یەک و یەکیەتیەکی راستەقینەی سیاسی پەیرەو بکەن و ، سیستەمێکی حوکمرانی تۆکمە بە یەکگرتنەوەی هەموو دامەزراوەکان هەر لە پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش تا دەگاتە دادوەری و نەهیشتنی دەستێوەردانی حزبی  لەناویاندا دابمەزرێنن و ، متمانە بگەریننەوە ، کە یەکێکە لەو بنچینانەی کۆمەلگە لەسەری رادەوەستێت ، متمانە ئەو فەزیلەیەیە کە کۆمەلگە دەتوانێت بینای لەسەر بکات لەپێناو پێشکەوتن و مەدەنیەتدا ، نەخشەیەک بۆ دوارۆژ دابنێین کە بتوانێت کاروانەکە بەرەو ئایندە تەواو بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP