دواین هەواڵ

مەحاڵە ئێران و ئیسرائیل یەخەی یەکتر بەردەن

‌مەیسەم مورادی

12 کاتژمێر پێش ئێستا

چەند ڕۆژ پێش هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، باسمان لە ڕوانگەیەکی نوێی ئێران کرد، کە دەیەوێت "نەزمێکی نوێ" لە ناوچەکە دروست بکات. ئەم هەوڵەی ئێران لە چوارچێوەی ئەو هاوکێشە نوێیانەی ناوچەکەدایە، کە ئێران خۆی پێ براوە دەزانێت. هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، هەوڵی سەرەتایی چەسپاندنی ئەو واقیعە نوێیە بوو. بەڵام ئیسرائیل خێرا هێرشی پێچەوانەی دەستپێکردوە. ئێران بۆ سەپاندنی ئەو چوارچێوە نوێیە، سەرەتاو بەرلەهەمووی، پێویستی بە مانەوەی هەژموونی خۆی بەسەر هورمزدا هەیە. هاوکات ئێران پێویستی بەوە هەیە کە حیزبۆڵڵای لوبنان بەهێزتر لە جاران بێت. ئەم پرۆژە نوێیەی ئێران بۆ ناوچەکە، ڕاستەوخۆ بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی ئیمارات، بەحرەین، کوێت و ئیسرائیل. لەم ئاراستەیەدا، ئیسرائیلییەکان ناچارن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت ئیمارات، هاوکاری زیاتری یەکتر بکەن بۆ پێشگرتن بەو پلانەی ئێران. هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل وەک پێشدەستی و هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆژەیە، قۆناخێکی نوێی لە ناوچەکە هێنایە پێشەوە. دوێنێ بنیامین نەتەنیاهۆ وتی "ناهێڵین ئەو واقیعە نوێیەی ئێران بۆ ناوچەکە جێگیر بێت". بۆ پێشگرتن بەم پلانە، ئیسرائیل ناچارە شەڕی کۆتایی خۆی لەگەڵ ئێران بکات؛ شەڕێک کە هەم لەڕووی کات و هەم لەڕووی قەبارەی هێرشەکان، دەبێت زۆر جیاوازتر، قورستر و پان و بەرینتر لە شەڕی ٤٠-ڕۆژە بێت و وەک شەڕێکی ئاخرزەمانی بۆ ئێران و ئیسرائیلە. جیا لەمە، ئیسرائیل دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت کە ڕووداوێکی دیکە لەچەشنی ۷ی ئۆکتۆبەری ۲٠۲۳، ئەمجارە لە لایەن حیزبۆڵڵای لوبنانەوە ڕووبدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP