دواین هەواڵ

ھۆكارەكانی پشت سەردانەكەی شاندی ئەمریكا بۆ عێراق و ھەرێم

‌نەوزاد هێتوتی

10/05/2021

لە (4-5)ی ئایاری 2021 شاندێكی گەورەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی "برێت مەكگورك" نێردراوەی كۆشكی سپی بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا سەردانی عێراق و ھەرێمی كوردستانی كرد. شاندەكە لەسەردانەكەیدا بۆ بەغدا و دواتریش بۆ ھەوڵێر، لەگەڵ بەرپرسانی كوردستان و عێراق لەسەر زۆر مەلەف و پرس گفتوگۆیان كرد؛ لەوانەیش دەرەنجامەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ھەردوو لا، پرسی كشانەوەی ھێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، پرسی ھەڵبژاردنەكانی داھاتووی عێراق، كێشەكانی نێوان ھەرێم و بەغدا و ڕەوشی ئاسایش، جه‌نگی دژی داعش و جەختكردن لەسەر سەروەریی عێراق.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەم سەردانەی شاندی ئەمریكا لە كاتێكدایە عێراق لە بارودۆخێكی ئالۆز و ھەستیاردایە. بەتایبەت سەردانەكە لە كاتێكدایە كە بەغدا و واشنتۆن سێ گەڕی دیالۆگی ستراتیژییان ئەنجام داوە و چەند لێكتێگەیشتن و ڕێككەوتن لە نێوان ھەردوو لا كراون.  ھەروەھا بەگوێرەی دیالۆگی ستراتیژی، ئەمریكا دەبێت ھەموو ھێزە شەڕكەرەكانی لە عێراق بكێشیتەوە. بێ گومان ئەمەیش پرسێكی گرنگە، ھەم بۆ ئەمریكا و ھەم بۆ ھەرێم و عێراق. لە لایەكی تریشەوە، سەردانەكە لە كاتێكدایە لە مانگی ئۆكتۆبەری 2021 ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوە دەچن و ئەم ھەڵبژاردنانە كاریگەرییان دەبێت لەسەر ئاراستەی ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە عێراقدا؛ بەتایبەت ئێستا ململانێیه‌كی توند لە نێوان ئەمریكا و ئێران لە ئارادایە بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا جێگە و پێگەیان بەھێزتر بكەن.

لەم ڕووەوە، ئەمریكا لەم چەند مانگەدا ھەموو ھەوڵێك دەدات كە دۆست و ھاوپەیمانەكانی زۆرترین دەنگ بھێنن؛ یان ھەر ھیچ نەبێت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكن نەتوانن حكوومەتی داھاتوو بەبێ ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا پێك بھێنن. ئەمە لە كاتێكدایە ئێران و ھاوپەیمانەكانی  ھەوڵەكانیان چڕ كردۆته‌وه‌ بۆ ئەوەی بتوانن لە ھەڵبژاردنەكانی داھاتوودا پێگەیان بەھێزتر بكەن و دەستێكی باڵایان ھەبێت لە پێكھێنانی حكوومەتی ئاییندە لە عێراقدا. لەبیرمان نەچێت، ھەڵبژاردنەكانی داھاتوو كاریگەریی لەسەر ئاراستەی ھاوكێشە سیاسییەكان دەبێت. پێدەچێت ئەم جارە ئێران و ھاوپەیمانەكانی خۆیان یەكلا كردبێتەوە كە لە پێكھێنانی حكوومەتی داھاتوودا ھەر سێ پۆستی سەرۆكوەزیران، سەرۆككۆمار و پەرلەمان لە خۆیان بێت یان  لەو كەسانە بن كە دژایەتیی سیاسەتی ئێران ناكەن.

لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا، ئێران دەرسێكی باشی لە حكوومەتەكەی كازمی وەرگرتووە و نایەوێت جارێكی دیكە كەسێكی نزیك لە ئەمریكا بكاتە سەرۆكوەزیران یان سەرۆككۆمار؛ بەتایبەت لە ماوەی فەرمانڕەواییی كازمیدا عێراق زیاتر بە ئاراستەی سیاسەتی ئەمریكا ھەنگاوی دەنا. ئەگەرچی حكوومەتی كازمی حكوومەتێكی لاواز بووە، بەڵام ئامادە نەبوو بەگوێرەی سیاسەت و بەرژەوەندیی ئێران و میلیشیا شيعەكان سیاسەت بكات. لە زۆر پرس و مەسەلەدا نەك ھەر سەرۆكوەزیران، بەڵكوو سەرۆككۆماریش لەگەڵ سیاسەتی ئێراندا نەبووە. ئەمەیش ئێران و ھاوپەیمانەكانی زۆر نیگەران كردووە. بۆیە پێناچێت ئەم جارە ئێران ڕازی بێت كەسێكی وەك كازمی یان تەنانەت بەرھەم ساڵح ببێتە سەرۆككۆمار. لەوەیش گرنگتر ئەوەیە، ئێران ئەم جارە لەوانەیە بە سیاسەتی ھاوسەنگی لەگەڵ ئەمریكا لە عێراقدا ڕازی نەبێت و ھەوڵ بدات بەتەواوەتی ئەمریكا لە عێراق دەربكات.

ئاماژەكانی ئەم سیاسەتەیش تا ڕاددەیەك دیارن؛ سەرەڕای ھاتنی بایدن بۆ سەر دەسەڵات و گۆڕانی سیاسەتی ئەمریكا، بەڵام ئێران و ھاوپەیمانەكانی گوشارەكانیان دژی ئەمریكا چڕتر كردۆته‌وه‌ بۆ ئەوەی ناچاری بكەن بەتەواوەتی لە عێراق پاشەكشە بكات و ھەموو ھێزەكانی، لەوانەیش ڕاوێژكارەكانی، لە عێراق نەمێنن. بەو مانایەی كە ئێران چیتر باوەڕی بەوە نەماوە كە جۆرێك لە ھاوسەنگی لەگەڵ ئەمریكا لە عێراقدا ڕابگرێت. ئێران وای دەبینێت ھیچ گه‌ره‌نتییەك نییە لە چەند ساڵی داھاتوودا دووبارە كەسێكی وەك ترامپ نەبێتە سەرۆكی ئەمریكا و سیاسەتی گۆشەگیركردنی ئێران نەگرێتە بەر. بۆیە ئێران نەك ھەر لەسەردەمی ئیدارەی بایدندا گوشارەكانی لەسەر ئەمریكا كەم نەكردۆته‌وه‌، بەڵكوو ئەمە به‌ دەرفەت دەزانێت بۆ ئەوەی ھێزەكانی ئەمریكا بەتەواوەتی لە عێراق دەربكات و ئەمریكا ناچار بكات ھاوشێوەی ئەفغانستان لە عێراقیش بكشێتەوە.

دیارە ئەم گوشارانەی ئێران و ھاوپەیمانەكانی دژی ئەمریكا لە كاتێكدایە كە، ئیدارەی بایدن خەریكی گرتنەبەری سیاسەتێكی نوێیە بەرامبەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش پرسی ئەتۆمیی ئێران. لە لایەك بایدن ھەوڵ دەدات كە جارێكی دیكە ڕێگەی دانوستاندن لەگەڵ تاران بگرێتە بەر و بگەڕێتەوە ناو ڕێككەونتی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە. بۆ ئەم مەبەستەیش گفتوگۆكان ماوەیەكە لە ڤییەنا بەردەوامن بۆ ئەوەی ھەردوو لا بگەڕێنەوە ناو ڕێككەوتنی 2015. بێ گومان ئەگەر ئەمە ڕوو بدات، كاریگەریی ڕاستەخۆی دەبێت لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ناوچەكەدا. بە ھەمان ئاراستەیش، بایدن ده‌یەوێت زیاتر جەخت لەسەر پرسی چەسپاندنی سەقامگیری بكاته‌وه‌ لە ناوچەكەدا و، ھەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئامرازەكانی ئاشتییانەوە كێشەكانی ناوچەكە چارە بكات. بە ھەمان ئاراستەیش، ئیدارەی بایدن جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دەكاته‌وه‌.

دیارە ئەمریكا لەسەر ئاستی عێراقیش بەرنامە و سیاسەتی خۆی ھەیە. ھەرچەندە بە بەراوردكردن لەگەڵ سیاسەتی ترامپ،  بایدن تا ڕاددەیەك سیاسەتێكی نەرمی گرتووە بەر؛ بەڵام پێناچێت لە ناوەڕۆكدا گۆڕانكاریی مەزن بەسەر سیاسەتی ئەمریكادا ھاتبێت. لەم ڕووەوە، سیاسەتی ئەمریكا دەیەوێت پارێزگاری لە پێگە و دەسەڵاتەكەی بكات لە عێراقدا و كاریگەریی لەسەر ڕووداوەكان ھەبێت و ڕێگە نەدات ئێران و میلیشیاكان كۆنترۆڵی تەواوی عێراق بكەن. ھەروەھا لە بواری دیموكراسییشەوە زیاتر پاڵپشتیی عێراق دەكات و ھەوڵ دەدات عێراق سیاسەتێكی ھاوسەنگ لەسەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات. ھەروەھا ئەمریكا ھەوڵ دەدات پێگه‌ی ھاوپەیمانەكانی- بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە دوورن- لە پرۆسەی سیاسیدا بەھێز بكات.

كەواتە گومانی تێدا نییە ئەمریكا چۆن لەسەر ئاستی عێراق ھەوڵ دەدات پێگەی ھێزە سێكۆلار و ناسیۆنالیستەكان بەھێز بكات، ڕه‌نگه‌ لەو ڕێگەیەیشەوە كار بۆ لاوازكردنی پێگەی ئێران بكات. بە ھەمان ئاراستەیش، ئەمریكا لەسەر ئاستی كوردستانیش بەرنامە و سیاسەتی خۆی ھەیە. ئێستایشی لەگەڵدا بێت ئەمریكا ھەرێم بە ھاوبەشێكی زۆر گرنگی خۆی دەزانێت كە زۆر بەرژەوەندیی ھاوبەش لە نێوانیاندا ھەیە؛ لەوانەیش: پرسی چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراقدا، ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، به‌ربه‌ستكردن و ڕاگرتن (ئيحتواكردن)ی ھەژموون و پێگەی ئێران و ھەوڵدان بۆ ئەوەی تاران بەتەواوەتی كۆنترۆڵی عێراق نەكات.

كەواتە زۆر گرنگە ھەرێم بزانێت ئەولەویاتی چییە لە ئێستادا و، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی بایدن بكات. دەبێت ھەرێم لە بەرنامە و سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكەدا تێ بگات و، ھەوڵ بدات بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی واشنتۆن ھاوئاراستە بكات. بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوه‌ ھەم پاڵپشتیی ئەمریكا دەستەبەر بكات و ھەم گوشار بخاته‌ سەر ناوەندەكانی دروستكردنی بڕیار لە ئەمریكا. پێم وایە ھەرێم دەبێت دواكارییەكانی لە ئەمریكا  لە چوارچێوەی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا بێت:
یەكەم، دروستكردنی گوشار لەسەر ئەمریكا بۆ ئەوەی پێگەی خۆی بەكار بھێنێت و گوشار لەسەر بەغدا دروست بكات بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان و گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

دووەم، داواكردن لە ئەمریكا بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت لە دروستكردنی جۆرێك لە هەماهەنگیی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەت  لە ڕووی سەربازییەوە لە ناوچە جێناكۆكەكان و، ڕێگە بگرێت لەوەی بۆشاییی ئاسایشی لەو ناوچانە دروست ببێت و داعش ئەو بۆشایییە پڕ بكاتەوە .
سێیەم، هاندانی ئەمریکا بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لەسەر پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕووی چەك و ڕاھێنان، وەک لە دیالۆگی ستراتێژیدا ئاماژەی پێ کراوە.
چوارەم، گرنکە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات لە ڕووی ئاسایشەوە و پاراستنی ئاسمانی هەرێم هەنگاوی جددیتر بهاوێژێت بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکانی میلیشیا شیعەکان لەسەر هەرێم و، ھەروەھا كاركردن بۆ ئەوەی ئەو میلیشیایانە لە سنوورەکانی هەرێم دوور بخرێنەوە.

پێنجەم، داوا لە ئەمریکا بکات پابەندبوونێکی درێژخایەنی هەبێت لە مانەوەی هێزەکانی لە عێراقدا و، بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا.
شەشەم، زۆر گرنگە ھەرێم ھەموو ئاسانكارییەك بۆ كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا بكات و ھانیان بدات بۆ ئەوەی لە كوردستان وەبەرھێنان بكەن. بێ گومان ئەمە كاریگەریی دەبێت لەسەر زیاتر ڕاكێشانی پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ ھەرێمی كوردستان و دروستكردنی جورێك لە بەرژەوەندیی ھاوبەش.

ھەفتەم، كاركردن لەسەر ئاستی ناوخۆی ئەمریكا و بەھێزكردنی لۆبیی كوردی، دەكرێت دیسان كاریگەریی خۆی ھەبێت لەسەر زیاتر پاڵپشتیی ئەمریكا بۆ ھەرێم.
لە بەرامبەریشدا، بێ گومان وەك زۆر جاران ئاماژەمان پێ كردووە، ئەمریكا دامەزراوەیەكی خێرخوازی نییە و دەبێت ھەرێم زیاتر ھەوڵ بكات لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمریكادا بەرژەوەندییەكانی خۆی بپارێزێت. نابێت بە شێوەیەك سیاسەت بكات، ھاودژ بێت لەگەڵ سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. بە ھەمان ئاراستەیش،

بۆ ئەوەی پێگەكەی ھەرێم بەھێز بێت و دۆستەكانی زیاتر یارمەتیی بدەن، لەسەر ئاستی ناوخۆیی گرنگە لە زۆر بواردا ھەنگاوی جددی بھاوێژێت؛ لەوانەیش: دژایەتیكردنی گەندەڵی، بەدامەزراوەییكردنی فەرمانڕەوایی، دروستكردنی ھێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە، بەسەروەركردنی یاسا، زیاتر جەختكردن لەسەر بەھێزكردنی بنەما و پڕه‌نسیپەكانی دیموكراسی و، ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ. ھەموو ئەمانە ھاوكار دەبن بۆ ئەوەی دۆستەكان زیاتر یارمەتیی كورد بدەن.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP