دواین هەواڵ

دەستورێک بۆ هەرێم؟!

‌د.سەردار عەزیز

10/05/2021

وەها دیارە لە هەموو گەڕێکی پەرلەمانیدا، پرسی تێپەڕاندنی دەستور دەوروژێنرێت. دەستور وەها دەبینرێت کە یەکێک بێت لە پایەکانی حوکمڕانی. ئەم بێرە و بردەیە، کۆمەڵێک کاریگەریی هەیە، کە لە ئەنجامدا چیرۆکێک و بڕێکی زۆر لە تەمومژ و لێڵی لە دەوری چەمک و پرۆسەی دەستور دروست دەکات. کاتێک هەر پرسێک دێتە نێو کایەی گشتییەوە و مشتومڕی لە سەر دەکرێت، یان ئەوەیە زیاتر لە دۆخی سروشتی خۆی گەورە دەکرێت یان بێکەڵک دەکرێت. لە هەردوو دۆخەکەدا دۆخی ڕاستەقینەی پرسەکە وون دەبێت.

دەستور دەکرێت چەندین مێژوی هەبێت، مێژوی کۆن، لە حەمورابییەوە، هەروەها مێژوی نوێ، لە مەگناکارتاوە، یان مێژوی زۆر نوێ لە پاش مۆدێلی ئەمریکییەوە. لە گەڵ بە ئەمریکاییبونی دونیا، دەستور وەک بەشێک لە پرۆسەی بە ئەمریکایی بون یان سەپاندنی سیستەمی لیبرال بە دونیادا بڵاوبوەوە. بۆیە چەمکی دەستورگەرێتی، یان کۆنستیتیوشنالیزم، هەمیشە وابەستەیە بە چەمکی حکومەتی بچوک، یان حکومەتی ناچاریی. بەو مانایە حکومەت دەبێت کاتێک هەبێت کە ناچارییە، ئەگینا دەبێت خۆی بە دوور بگرێت لە ژیان و ژیاری کەسەکان. جۆرێک لە لێزییە فێر  laissez faire
زۆر بە سادەیی دەستور دەقێکە کە تیایدا خەڵکانێک، لە جێگایەکی تایبەتدا، جاڕی خۆیان دەدەن کە کێن و چۆن دەیانەوێت حوکمی خۆیان بکەن و چی ڕێگەپێدراوەو و چی ڕێگە پێنەدراوە هەروەها چۆنێتی میکانیزمی بەڕێوەچونی دەستورەکە. زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا قۆپییەن، یان لە یەکترەوە وەرگیراون. بۆیە لە سەردەمی نوێدا دەستور هەمیشە بە چاپ و بڵاوکردنەوە وە بەستراوەتەوە. هەرئەمەشە کە زۆربەی زۆری دەستورەکانی دونیا ئازادی ڕا دەربڕینیان تیادایە، لە کاتێکدا ئازادییەکانی تر هێندە بەرجەستە نین.

بۆ ئەوەی دیدێکی واقیعیمان هەبێت دەبێت تەماشای مێژوی جیهانی ئەم دیاردەیە بکەین و زۆر واقیعییانە لێی بنوارین. بۆ مێژونوسێکی دیاری وەک لیندا کولی گەشەی دەستور ڕاستەوخۆ وابەستەیە بە جەنگەوە. وەک چۆن چارلس تیللی دەڵێت شەڕ دەوڵەت دروست  دەکات و دەوڵەت شەڕ دەکات، لیندا کۆلیش لە کتێبی، چەک و کەشتی و پێنوسدا، ئارگومێنتی ئەوە دەهێنێتەوە کە شەڕ پاڵنەری هەرە سەرەکی دەستور بوە لە دونیادا
Linda Colley THE GUN, THE SHIP, AND THE PEN: Warfare, Constitutions, and the Making of the Modern World
بەم پێیە دەستور بریتی نەبوە لە خواستی گشتی و بەشێک نەبوە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە شەڕ و مۆدێرنەوە. دەوڵەت لە ڕێگای دەستورەوە ناوەو دەرەوەی خۆی ڕێکدەخات. ئەگەر بە زمانی مۆدرێنە قسەبکەین دەستور پرۆسەی سنورڕێژییە. مەبەستمان لە پرۆسەی سنورڕێژیی ئەوەیە کە  سنوری دەسەڵاتەکان دیاری دەکرێت، چۆنێتی پەیوەندییان دادەڕێژرێت، ئازادییەکان و مافەکان دیاری دەکرێن. هەمیشە هەندێک ماف و ئازادی وەلا دەخرێن. لە ئەنجامدا دەستور تەنها یەک لایەنە نیە: ببەخشێت یان ڕێگە بدات بەڵکو لە هەمانکاتدا دەکرێت ڕێگر بێت. بە گشتی دەستور ئامرازێکی تەکنەلۆجیای دەسەڵاتە، کە بنەمایەک دادەڕێژێت بۆ ئەوەی سیستەمی یاسایی لە هەناو کۆمەڵگادا بەڕێوەبچێت. لە هەمانکاتدا لە سایەیدا ڕۆژانە لە ئاساتە جیاوازەکاندا یاسا بەرهەم بێت. بۆیە دەستور چەندێکی نوسراوە، هەمیشە بڕی زۆری بە نەنوسراو دەمێنێتەوە. لێرەدا نەنوسراو مەبەستمان لە ئەو فۆرمیولەیە کە لە سیستەمی بەریتانیدا هەیە، کە لە سەر بنەمای پێشینەیی بەردەوام یاسا بەرهەمدێت. سادەترین ڕاستی لە ئەمەوە هەڵینجێنین ئەوەیە کە دەستور جێگای هەموو شتێکی تیادانابێتەوە و بەردەوام بە ئەبستراکت و ناڕون دەمێنێتەوە.

لێرەدا بە تایبەت قسە لە سەر دەستور بە کوردی دەکەم. دەقی پرۆژەی دەستوری هەرێم، سەرەتا موکەڕەم تاڵەبانی بە زمانی عەرەبی نوسیویەتی و پاشان وەرگێڕدراوەتە سەر کوردی. ئەمە لاوازییەکی گەورەیە. دەقی وەرگێڕدراو هەمیشە وابەستەی دونیابینی دەقی سەرەکییە، هەرگیز سەربەخۆیی خۆی بەدەست ناهێنێت. دیارە یاسا خوێندن و پیادەکردنی یاسا لە کوردستان بە عەرەبییە، بۆیە هەموو ئەوانەی لە سەر پرسی دەستور کاردەکەن زمانی کوردی بە باشی نازانن و ناتوانن  بە کوردی یاساییانە بیربکەنەوە.  دەتوانین بڵێین کە سەرتاپا ڕژێمی بیرکردنەوە کوردی نیە.  (لێرەدا چەمکی ڕژێمی بیرکردنەوە فۆکۆییانە بەکاردەبەین، لە سەر هاوتای چەمکی ڕژێمی ڕاستی).
زمانی کوردی زمانێکی ئێجگار دەوڵەمەندە، بەڵام وەک زۆر زمانەکانی تری ڕۆژهەڵات زمانی سیستەم نیە بەڵکو زمانی هەستە، بۆیە دەربڕینی هەست و سۆز، بە تایبەتی بە زمانێكی ئەدەبی، تیایدا ئاسانە، لە بەرامبەردا دەربڕین بە زمانی سیستەم ئاسان نیە، چونکە پێویستی بە بونیادنان و ئامادەکاری هەیە، ئەمەش لە توانای زۆربەی یاسا داڕێژەراندانیە لە کوردستان. بۆیە لیژنەی دەستور ئەگەر دروست بکرێت دەبێت شارەزاییەکی زمانی تیادابێت. سەرباری ئەمە دەقی دەستور زۆرجار پڕ لە پەنهان دەمێنێتەوە.  ئەم دیاردەی شاعیریبونی دەقی یاسایی لە چین زۆر بڵاوەو کێشەی گەورە بۆ غەیرە چینییەکان دروست دەکات.

لێرەدا پێم باشە ڕوداوێکی سەرنجڕاکێش لە مێژوی ئەمریکا بگێڕمەوە.
ڕۆژێک لە ساڵی ١٩٤٧ سێ نیمچە شێت لە شاری پرینستۆنی ئەمریکییەوە بە ئۆتۆمبیل دەڕۆن بۆ ترینتۆن. سێ شێتەکە یەکێکیان ناوی ئاینشتاینە، کە ناسراوە، ئەویتریان ئۆسکار مۆرگنشتێرن، کە خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە دەبێت و  لە دونیادا بە ئەوە ناسراوە کە دۆزەرەوەی تیورەی یارییە game theory سێیەمیان فەیلەسوف و لۆجیکناسی ناسراو کوێرت گۆدێلە. هەرسێکەیان هەڵاتوی دەستی نازین. بۆنەکەش ئەوەیە کە کوێرت پاسەپۆرتی ئەمریکی وەردەگرێت. بۆ گاڵتە لە ڕێگادا ئاینشتاین سەردەخاتە سەر کوێرت و پێی دەڵێت، خۆت ئامادەکردوە بۆ تاقیکردنەوەکە؟ مەبەستی لە ئەوەیە کە لە کاتی پێدانی پاسەپۆرتدا پرسیار دەربارەی دەستوری ئەمریکی دەکەن. کوێرت لە وەڵامدا دەڵێت ماوەیەکە لە دەستوری ئەمریکی  دەکۆڵمەوە، ئەوەم بۆ دەرکەوتوە کە لە ڕێگای ئەم دەستورەوە دەتوانیت جاڕی دیکتاتۆریەت بدەی بەبێ ئەوەی پێویستت بە کودەتا هەبێت. ئاینشتاین و مۆرگنشتێرن دەزانن کە کویرت گۆدێل بلیمەتە، بەڵام لە ئاستی سیاسیدا کەمێک سادەیە. بۆیە داوی لێدەکەن کە ئەو پرسە لە دادگا نەوروژێنێت. بەڵام ئەم ئامۆژگارییە هیچ سودی نیە، کوێرت پرسەکە لە دادگا دەوروژێنێت، بەڵام دادوەرەکە ئاینشتاین دەناسێت و ناهێڵیت کویرت زۆر قسە بکات دانیشتنەکە کۆتایی پێدێنێت.  ئەمرۆ لە دونیادا لوپهۆڵ یان بۆشایی یاسایی گۆدێل ناسراوە. ئەوەی گۆدێل لە دەستوری ئەمریکیدا هەستی پێکردبوو ئەوەبو کە لە دەقی دەستورەکەدا بڕگەی هەموارکردنەوە هەیە. ئەمرۆ لە زۆربەی دەستورەکانی دونیادا، بڕگەیەک یان زیاتر دەربارەی هەموارکردنەوەی دەستور هەیە. گۆدێل دەڵێت بەپێی ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە دەتوانرێت هەر ئەم بڕگەی هەموارکردنەوەیە لاببرێت، پاش ئەوەی کە لە قازانجی کەسی بە دیکتاتۆربودا هەموار دەکرێتەوە. ئەم دیاردەیە کەمێک هاوشێوەیی هەیە لە گەڵ یاسای ڕاگەیاندنی باری نائاساییدا، کاتێک یاسا خۆی پەکدەخات، بە پێی خواست یان دەسەڵاتی سەروەر، بە پێی پێناسە بەناوبانگەکەی کارل شمت. ئەمە دەرخەری ڕەهەندە ترسناکەکەی دەستورە کە چەندێک دەتوانرێت بکرێت بە ئامرازی سەرکوتکردن.

کاتێک لە هاوڕێیانم پرسی دەربارەی پێویست بونی دەستورێک بۆ هەرێم، بڕی زۆریان بە پێویستیان زانی بەڵام کۆمەڵێک نیگەرانیان هەبوو، لە هەر دیاریترینیان جێبەجێنەکردنیەتی. هەبونی دەستوری جوان بەڵام کار پێنەکراو، یەکێکە لە دیاردە بڵاوەکانی دونیا. ئەمە خەسڵەتی سیستەم سۆشیالیستییەکانە. لە کاتێکدا سیستەمە سۆشیالیستییەکان زۆر بەخشندەن لە وشەی بریقەدار، بەڵام لە بەر نەبونی ئازادی   تیایاندا، هەمیشە دەستور تەنها بە دەقێکی پڕوپاگەندەیی دەمێنێتەوە. دەکرێت بڵێین وەک شتێکی جوانی بێکەڵک، تەنها سودی نۆرماتیڤیشی نیە، چونکە کەس بۆی نیە ڕەخنە بگرێت یان پەنای بۆ بەرێت یان سودی لێببینێت. بۆیە بنەمای پیادەکردنی دەستور بونی ئازادییەکانە. بەڵام بە سودبینین لە تێزی ئەمارتیا سین، ئازادی سودی نیە ئەگەر لە گەڵیدا زەمینەی پیادەکردنی گەشە نەکات. کەسێک بۆ ئەوەی ئازادبێت دەبێت توانای ئازادبون و پیادەکردنی ئازادی پێبەخشرابێت.

زۆرجار ئەوە ڕودەدات کە دەستور دەرفێندرێت. مەبەستم لە ئەمە ئەوەیە کە بڕگەیەک یان چەند بڕگەیەک تیایدا زەق دەکرێتەوە و هەموو ئەوانیتر پشتگوێدەخرێت. ئەم جۆرە مامەڵەیە وەها دەکات کە دەستور نەبێتە ڕەنگدانەوەی ڕۆحی کۆمەڵگا و خەڵکەکانی.  دەستور دەبێت لەخۆگربێت، کۆکەرەوەبێت، کۆمەڵگای کوردستانی پێ بناسرێتەوە. ئەگەر سەیری پێشەکی پرۆژەی دەستور بکەیت، دەبینیت کە کۆمەڵێک تراژیدیای ڕیزکردوە و دەڵێت ئێمە کە ئەمانەمان بە سەر هاتوە ئەم دەستورە ڕادەگەیەنین. ئەگەر ئەخلاقی سیاسی ئێمە لە سەر بنەمای تراژیدیاکانمان بێت ئەوا دەبێت بنەمای ئەوە دابڕێژێت کە چۆن کۆتاییان پێبهێنرێت. بەم پێیە دەستور دەبێت جاڕنامەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بە مانا فراوانەکەی. لە دونیای ئەمڕۆدا دەستور ئەو گرنگییەی جارانی نەماوە، چونکە ڕەوشتگەڕێتی کۆتاییهاتوە. ئەوەی ڕەفتاری مرۆڤەکان دادەڕێژێت ئابورییە. لە هەمانکاتدا کۆمەڵە هێزێک کاریگەرن لە ژیان و ژیاری ئێمەدا کە هیچ دەسەڵاتێکمان بە سەریاندانیە، بۆ نمونە بازاڕی جیهانی، ململانێی زلهێزەکان، تەکنەلۆجیا، دراو و زۆر بواری تر.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP