دواین هەواڵ

سەرکەوتنی سودانی و لێکترازانی ناوماڵی شیعە!

‌رابەر تەڵعەت

پێش 3 هەفتە

ئەم هەڵبژاردنە؛ سودانی کرد بە براوەی یەکەم، بەڵام نەخشەیەکی سیاسی ئاڵۆزتر و لێکترازاو – پارچەپارچەی کێشا! دەرگای بەڕووی ململانێیەکی قوڵی دەسەڵاتدا واڵا کرد، بەتایبەت لەناو ماڵی شیعە، ئەمەش رەنگە دەرفەتێک بداتە کورد و سوننە، تا رۆڵێکی بەهێزتر بگێڕن.

ئەم سەرکەوتنەی سودانی، گارانتی وەرگرتنەوەی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی حکومەتی پێنادات. مالیکی و خەزعەلی لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا، بەتوندی دژی هەڵبژاردنەوەی سودانین بۆ خولێکی دیکە، ئەمەش پڕۆسەی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران، دەکات بە گۆڕەپانێکی سەخت بۆ دانوستان و سازش! هاوکێشەی ئەمجارە بۆ کورد و سوننە هەندێک یەکلایکەرەوەیە.

پشتیوانی ئەوان بۆ هەر باڵێکی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، دەتوانێ پشتی باڵەکەی تر بدات بە عەرزا. لەلایەکی ترەوە؛ پەراوێزنشینی رەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیدا، بۆشاییەکی لە قازانجی هێزە تەقلیدییەکاندا دروست کردووە، بەڵام ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام لەلایەن سەدرییەکانەوە، هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە.

ئەنجام؛ عێراقی دوای هەڵبژاردن واتا؛ سەرۆکوەزیرانێک بەبێ زۆرینەی پەرلەمانی، ماڵی شیعی لێکترازاو، و کاریگەریی یەکلاییکەرەوەی کورد و سوننە. ئەم دۆخە سەردەکێشێت بۆ پڕۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزی پێکهێنانی حکومەت و کاریگەریی ململانێی ناوخۆیی و ئەگەری زۆر بەهێزی دەستێوەردانی دەرەکی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP