هەرێم نیوز
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ئاشکرای دەکات، ئەندامانی باڵای کابینەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی کۆبوونەوەیەکی نهێنییان لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتی لە کامپ دەیڤد ڕێکخستووە، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران و ململانێی نێوان سعودیە و حوسییەکانی یەمەن.
سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەکە لەلایەن جەی دی ڤانسەوە
ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی کردووە، بێ ئەوەی پێشوەختە هیچ زانیارییەک لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ئاشکرا بکرێت.
ئامادەبوونی باڵاتریین بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە نێو بەشداربووانی دیکەی کۆبوونەوەکەدا: مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوە، پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ، ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی کۆشکی سپی، جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) و جەنەڕاڵ دان کاین، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەش بوون.
دابڕشتنی بڕیاری چارەنووسساز
یەکێک لە بەرپرسان بە ئاماژەدان بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، بڕیار دراون یان بەلایەنی کەمەوە گفتوگۆی قووڵ و ورد ئەنجام دراون.
هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە لەلایەن ترەمپەوە
لە سایەی بە بنبەست گەیشتنی دانوستانەکان لەگەڵ تاران، ترەمپ تاوتوێی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات دژی ئێران. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش ڕایگەیاند: "ئێستا دەبێت بڕیار بدەم، دەبێت ئێران ڕێککەوتن ئیمزا بکات، یان ئەوەتا ئیتر بوونی نامێنێت و لەناوی دەبەم."