هەرێم نیوز
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، دەبێت ڕووسیا کۆتایی بە پاڵپشتییەکانی بۆ حکوومەتی ئێران بهێنێت، و هەڕەشەی ئەوەش دەکات کە بەمزوانە هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دادەخەن بە مەبەستی کەمکردنەوەی هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ـی 9ـی 2026، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنی فشاری زیاتر بەسەر ئێران ڕایگەیاند، کە پێویستە ڕووسیا پاڵپشتیکردنی حکوومەتی ئێران بوەستێنێت.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران بەشێک لە پێداویستییەکانی لە ڕووسیاوە دابین دەکات، بەڵام وتیشی: "ئەگەر هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران دابخەین، کە ئەم کارەش بە دڵنیاییەوە دەکەین، ئەوا قەبارەی هاوردەکردن بۆ ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە."
هاوکات ڕوونیشی کردەوە کە ئێرانییەکان لە ڕاستیدا هیچ پاڵپشتییەکی دارایی ڕاستەوخۆ لە ڕووسیاوە وەرناگرن.
سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنی نەوتیش، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە چین نەوتی ئێران دەکڕێت، بەڵام قەبارەی ئەو نەوتەی کە لە ئێستادا لە پرۆسەی گواستنەوەدایە تەنیا نزیکەی ٣٠ ملیۆن بەرمیلە، و پێشبینی دەکرێت ئەو بڕەش بەم زووانە تەواو ببێت.