هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ هەوڵێک نادات بۆ ئەوەی ئێران بە زۆر بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان. هاوکات ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ئیدارەکەی فشاری هێناوە بۆ تاران بەرەو ڕێککەوتنێکی نوێ.
پەیامی ترەمپ لەسەر گفتوگۆکان و ئابووریی ئێران
سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوی کردەوە، بەلایەوە گرنگ نییە ئێران ڕێککەوتن واژۆ دەکات یان نا، و وتی: "پێگەی ئێستامان زۆر زیاتر بە دڵە، چونکە کۆنتڕۆڵی نزیکەی تەواوی گەرووی هورمزمان هەیە و ئابووریی ئێرانیش بە تەواوی داڕماوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ پرسیارێکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ناوخۆی ئەو وڵاتە کرد و وتی: "کەی خەڵکی ئێران هەڵدەستن و دەجەنگن؟"
جیاوازیی ڕوانگەکان لە واشنتن
لێدوانەکانی ترەمپ لە کاتێکدان سکۆت بیسەنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، واشنتن لەسەر فشارە ئابوورییەکان بەردەوام دەبێت تا تاران ئامادەی ڕێککەوتن دەبێت. بەپێی شیکارییە سیاسییەکان، قسەکانی ترەمپ بە مانای داخستنی یەکجارەکیی دەرگای دیپلۆماسی نایەت، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کۆشکی سپی لەم قۆناغەدا پەلە لە ئاگربەست و ڕێککەوتن ناکات.
بیسەنت جەختی لەوەش کردەوە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی پێشوو شکستی هێنا چونکە ئێرانییەکان ئامادە نەبوون بگەنە ڕێککەوتن.
پاشخانی هێرشەکان و ستراتیژیی نوێ
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەمریکا دوای شەپۆلێک هێرشی بەرفراوان دەبێت کە تێیدا سوپای ئەمریکا نزیکەی ١٠٠ ئامانجی سەربازی، بەرگریی ئاسمانی، ڕادار و تواناکانی سوپای پاسدارانی لە ناوخۆی ئێران پێکا.
لە هەمان کاتدا بەرپرسانی ئەمریکی بۆ ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئاشکرایان کرد، لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی "کەشتی بەرامبەر کەشتی"، دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی کراونەتە ئامانج تاوەکو توانای هێرشبەریی تاران لە گەرووی هورمز بەتەواوی پەکبخرێت.