دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

هێزەکانی حکوومەتی سووریا چوونە ناو شاری حەسەکەوە و لە شوێنی هەسەدە جێگیر بوون

هەرێم نیوز

کاروانێکی گەورەی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حکوومەتی سووریا گەیشتنە شاری حەسەکە و لە شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جێگیر بوون، هاوکات ئیدارەی نوێی پارێزگاکەش بە فەرمی دەستبەکار بوو.

ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی 9ـی 2026، کاروانێکی گەورەی هێزەکانی ئاسایشی گشتیی حکوومەتی سووریا کە لە ٣٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوون، گەیشتنە شاری حەسەکە و لە فەوجی تەلائیع لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە جێگیر بوون.

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئاسایشی گشتیی سووریا بە تەواوی لە شوێنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جێگیر بوون.

 گەیشتنی ئەم هێزانەش ڕاستەوخۆ دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە دێت، کە بەم هەنگاوە ئامادەیی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریا لە تەواوی پارێزگای حەسەکە فراوانتر دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، نووسینگەی جێبەجێکاریی پارێزگای حەسەکە بە سەرۆکایەتیی نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، یەکەم کۆبوونەوەی فەرمیی خۆی ئەنجام دا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگای حەسەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە نێوان ئەندامانی نووسینگەکەدا کراوە و بوار و پسپۆڕیی کاری هەر ئەندامێکیش دیاری کراوە، ئەمەش بە ئامانجی ڕێکخستنی زیاتری کاری کارگێڕی و بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان بەشە جیاوازەکانی پارێزگاکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP