هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕاپۆرتەکانی کەمیی تەقەمەنی و موشەکی وڵاتەکەی لە جەنگی لەگەڵ ئێران ڕەتکردەوە، و هۆشداریی دا لە ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەری بۆ ئەو کەسانەی زانیارییەکانی کۆگاکانیان بۆ میدیاکان دزەپێکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی 8ـی 2026، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" بڵاویکردەوە، وڵاتەکەی بڕێکی زۆر لە تەقەمەنی، بەتایبەت لە هەندێک جۆری دیاریکراو لە بەردەستدایە و پرۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی چەکی زیاتریش بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆمپانیاکانی پیشەسازیی بەرگری سەرقاڵی دروستکردنی گەورەترین ژمارەی کارگە و دامەزراوەی بەرهەمهێنانن لە مێژووی ئەمریکادا.
ئەم کاردانەوەیەی ترەمپ دوای ئەوە هات کە ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ناڕەزایەتییەک لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دروست بووە، لەسەر کەمبوونەوەی ئاستی تەقەمەنی و موشەکە دوورمەوداکان و ڕەهگیرەکانی بەرگریی ئاسمانی، کە بووەتە هۆی سنووردارکردنی بژاردە سەربازییەکانی ئەمریکا بەرامبەر ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ لە کامپ دەیڤد داوای ڕوونکردنەوەی لە هێگسێت کردووە، بەڵام وەزیری بەرگری بەرگریی لە خۆی کردووە و تۆمەتی کەمتەرخەمییەکەی خستووەتە سەر ستیڤن فاینبێرگ، جێگری وەزیری بەرگری.
لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی و پێنتاگۆن زانیارییەکانی واشنتۆن پۆستیان ڕەت کردەوە. کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتەکە تەواو ناڕاستە و ترەمپ بڕوای تەواوی بە وەزیری بەرگری هەیە.
هاوکات شان پارنێڵ، وتەبێژی باڵای پێنتاگۆن ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکان سەرجەم کەلوپەلی پێویستیان بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانیان لە بەردەستدایە. ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر میدیا ئەمریکییەکان بڵاویانکردبووەوە، لە میانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکاندا نێزدیکەی 80٪ـی موشەکەکانی سیستەمی "تاد" و 50٪ـی ڕەهگیرەکانی سیستەمی "پاتریۆت" لە جەنگی ئێراندا بەکارهێنراون.