هەرێم نیوز
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ئاڵۆزن و پێویستیان بە کات هەیە، هاوکات جەختی لەسەر بەکارهێنانی سەرجەم ئامرازەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگریکردن لە دەستگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی 8ـی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ئاڵۆزن و پێویستیان بە کات هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرجەم ئامرازە سەربازی، ئابووری و دیپلۆماسییەکان بەکار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەگەڵ تاران.
ڤانس لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند، ئێرانییەکان لایەنێکی زۆر سەختن لە دانوستاندا، و دووچاری دابەشبوون بوونەتەوە لە نێوان ئەو لایەنەی دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و ئەوانەی هەوڵی بەردەوامبوونی دەدەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا هێشتا لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدایە، بەڵام لە پێگەیەکی بەهێزتردا دێتە دەرەوە؛ نرخەکانی وزە دادەبەزن و ئێران نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا، جەختیشی لەسەر نەبوونی هیچ جۆرە ناکۆکییەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ئێران کردەوە، و ڕایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا یەکگرتووە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەرۆکدا.