هەرێم نیوز
هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت جەخت لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و هەر ڕەفتارێکی چەکداری لە دەرەوەی دەوڵەت دەکاتەوە، هاوکات داواش دەکات پەلە لە پێکهێنانی حکوومەت و ڕەوانەکردنی بەرنامەکەی بۆ پەرلەمان بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی، هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت ئاماژەی بەوە کرد کە بارودۆخی سیاسی، ئاسایش، ئابووری و خزمەتگوزاری لەگەڵ پێشهاتە هەرێمییەکان و کاریگەرییان لەسەر عێراق تاوتوێ کراون.
لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی، باس لە هەوڵەکانی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، جێبەجێکردنی کارنامەی وەزاری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان کرد.
هاوپەیمانییەکە پشتگیریی خۆی دووپات کردەوە بۆ بەردەوامیی هەوڵەکانی پاراستنی ئاسایش و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەپێی ئەو کارنامە وەزارییەی پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە.
هەروەها جەختی لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک سەکۆیەک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ کردەوە، بۆ ئەوەی عێراق نەگلیێتە ناو ململانێیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل نەکات.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، هەر کەس و لایەنێک ڕەفتارێک بکات کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات بکات بە یاساشکێن هەژمار دەکرێت و بەپێی ماددەکانی دەستوور ڕووبەڕوویان دەبنەوە. ئامادەبووان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و کوژرانی کارمەندانیان کرد و داوای پابەندبوونیان کرد بە وادەی دیاریکراو؛ کە دوای 30ی ئەیلوولی 2026ـەوە بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ هەر ڕەفتارێکی چەکداری لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت دەکرێت.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری و داراییش، کۆبوونەوەکە تاوتوێی پێویستیی گرتنەبەری ڕێوشوێنی بۆ دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژە بنەڕەتییەکان، هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت، بەهێزکردنی داهاتە ناونەوتییەکان، و ڕووبەڕووبوونەوەی بەفیڕۆدان، قاچاغچێتی و گەندەڵی کرد.
لەسەر ئاستی هەرێمیش، پشتگیریی عێراقی بۆ هەوڵەکانی هێورکردنەوە، دیالۆگ و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا دووپات کردەوە، لەگەڵ ئامادەیی بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ئەرێنی لە لێکنزیکردنەوەی تێڕوانینەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانییەکە داوای پەلەکردن لە تەواوکردنی پێکهێنانی حکوومەت و ڕەوانەکردنی بەرنامەی حکوومەتی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی.