دواین هەواڵ

عێراق‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

عەلی زەیدی و نێچیرڤان بارزانی جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکەنەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پرۆژەی چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەپێی دەستوور کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 6ـی 8ـی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارییەکەدا تاوتوێی تەواوی بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئاسایش کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرایەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان. سەرۆکوەزیرانی عێراق پەرۆشیی حکومەتەکەی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی تەواوی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا، بە جۆرێک پارێزگاری لە یەکێتی و سەروەریی عێراق بکات.

لە لایەنی خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ لە نێوان سەرجەم لایەنە نیشتمانییەکان کردەوە و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی بە ئامانجی چەسپاندنی هاوکاری و گەشەپێدانی نیشتمانی دەربڕی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP