دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی ئێران: داڕشتنی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئێران و عومان لەبارەی گەرووی هورمز لە قۆناغی کۆتاییدایە

هەرێم نیوز

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی تاران و مەسقەت سەبارەت بە دیاریکردنی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمز بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو وڵات لە قۆناغی کۆتاییدایە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی 8ـی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی نێوان ئێران و عومان وەک دوو دەوڵەتی کەناری گەرووی هورمز لە دوو مانگی ڕابردوودا بە ئامانجی دیاریکردنی ڕێڕەوێکی هاتوچۆی سەلامەت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان بەردەوام بووە و لایەنە تەکنیکی، یاسایی، ئەمنی و ژینگەیییەکان تاوتوێ کراون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی هەبووە و ڕێککەوتن لەسەر هێڵکاریی جوگرافیی ڕێڕەوەکە کراوە، ڕاگەیەندراوی هاوبەشی هەردوو وڵاتیش لە قۆناغی داڕشتنی کۆتاییدایە ئەگەر لایەنی سێیەم ڕێگری دروست نەکات.

بەقایی ڕوونیشی کردەوە، داخستنی گەرووی هورمز دەرئەنجامی دەستدرێژی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە بۆ سەر ئێران، جەختیشی کردەوە کە لێکتێگەیشتنی تاران و مەسقەت بە تەواوەتی گەرەنتیی ئاسایشی گەرووەکە ناکات تا ئەو کاتەی هەڕەشە و گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا بەردەوام بن.

لە کۆتاییدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە سەردانی وەزیری دەرەوە یان سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ پاکستان و قەتەر لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەکەن، بەڵام جەختی کردەوە کە هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بەردەوامە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP