هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هاووڵاتییان و کەسوکاری هاووڵاتییەکی کۆچکردوو ئاگادار دەکاتەوە، تاوەکو بۆ ناسینەوەی تەرمەکەی سەردانی پەیمانگای پزیشکی دادوەری بنکەی پۆلیسی کوردسات بکەن.
وردەکاریی ئاگادارییەکەی پۆلیسی سلێمانی
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند، هاووڵاتییەک بە مەبەستی چارەسەرکردن سەردانی نەخۆشخانەی شاری کردووە و لە بەرواری ٤ی ئابی ٢٠٢٦ لەوێ گیانی لەدەستداوە.
پۆلیسی سلێمانی ڕوونی کردووەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو هاووڵاتییە هیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە، ناو و ناونیشانی نازانرێت و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادوەریی سلێمانییە.
تایبەتمەندی و نیشانەکانی هاووڵاتییەکە
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، هاووڵاتییە کۆچکردووەکە ئەم تایبەتمەندییانەی هەیە:
* ڕەگەزی نێرە.
تەمەنی لە نێوان ٥٥ تا ٦٥ ساڵدایە.
ڕەنگی پێستی گەنمڕەنگە و ڕەنگی چاوەکانی قاوەیییە.
باڵای مامناوەندە.
بلوزێکی ڕەساسی و تراکسوودێکی قاوەییی لەبەردایە.
پۆلیسی سلێمانی داوا لە کەسوکاری یان هەر کەسێک دەکات کە زانیاری لەبارەیەوە هەیە، سەردانی پزیشکی دادوەریی سلێمانی یان بنکەی پۆلیسی کوردسات بکەن، یان پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (٠٧٧١٩٦٧٦٩٩٠) بکەن.