هەرێم نیوز
کۆمپانیاکانی دانەغاز و نەفتی هیلال بە فەرمی دەستپێکردنی ناردنی غازی سروشتییان لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند، بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە عێراق.
لە بەیاننامەیەکدا، هەردوو کۆمپانیاکە کە گرێبەستی بەرهەمهێنانی غازیان لە کێڵگەی کۆرمۆر هەیە ئاشکرایان کرد، بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە کانونی یەکەمی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق ئیمزا کراوە، وەک سەرەتایەک بۆ ماوەی ساڵێک ڕۆژانە 100 ملیۆن پێ سێجا ستانداردی غازی سروشتی لە کۆرمۆرەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک دەکرێت.
ئاماژەیان بەوەش کرد کە ناردنی غاز بۆ کەرکووک دوای ئەوە دێت پڕۆژەی فراوانکردنی "کۆرمۆر 250" تەواو کراوە و لە ئۆکتۆبەری 2025دا کەوتووەتە گەڕ. ئەم پڕۆژەیە توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەی کۆرمۆری بەڕێژەی 50% بەرزکردووەتەوە و گەیاندوویەتییە 750 ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە، ئەوەش بڕی پێویستی بۆ بازاڕە خۆجێییەکان لە ڕێگەی تۆڕی بۆرییەکانەوە دابین کردووە.
لای خۆیەوە، مەجید حەمید، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی هیلال، ناردنی غازی کۆرمۆری بۆ کەرکووک بە وێستگەیەکی گرنگ و ستراتیژی بۆ پەرەپێدانی کەرتی غاز لە هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
بەپێی بەیاننامەکە، پڕۆژەی کۆرمۆر لە ئێستادا سووتەمەنیی پێویست بۆ زیاتر لە 80%ی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات کە زیاتر لە 8 ملیۆن کەس لە هەرێم و پارێزگاکانی دیکەی عێراق سوودمەند بوون لێی، هەروەها ئاستی کۆی وەبەرهێنان لەم پڕۆژەیەدا تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 4 ملیار دۆلار.