هەرێم نیوز
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە سەردانێکی فەرمی دەچنە دیمەشق.
ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی 8ـی 2026، ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بڵاویکردەوە،، بڕیارە سبەی سێشەممە، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بگەنە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ ببنەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە،، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیەی ئەمنی، سیاسی و کارگێڕی تاوتوێ دەکرێن، ئەمەش لە کاتێکدا کە چەندین کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەردوولادا هەیە و حکومەتی سووریا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکات.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆ بووەوە.