دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 1 هەفتە

سوپای پاسداران: سەربازێکمان لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە سنووری سەردەشت کوژرا

هەرێم نیوز

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاند، کە سەربازێکیان لە ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لەگەڵ گرووپێکی نەناسراو لە ناوچە سنوورییەکانی شارستانی سەردەشتی سەر بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای میدیایی "ئاوێنە"، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ئاشکرای کردووە، کە سەربازێکیان بە ناوی "یوسف محەمەدی" لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەربازییەکانیدا و لە کاتی تێکهەڵچوون لەگەڵ گرووپێکی چەکدار لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری سەردەشت پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا، هیچ ئاماژەیەک بە ناسنامە، ناو، یان سەرکردایەتی ئەو گرووپە چەکدارە نەکراوە کە هێزەکانی سەر بە تارانیان کردووەتە ئامانج، تاوەکو ئێستاش هیچ کام لە پارت و ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو هێرش و ڕووبەڕووبوونەوەیە ڕانەگەیاندووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP