هەرێم نیوز
پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی خێرا دەنێت، و هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانیش پێشوازییەکی بەرفراوان لە سیستەمی نوێی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەکەن.
تێپەڕاندنی بەربەستی ١٨٥ هەزار هاوبەش
بەپێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری فرۆشتنی وزە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەکارهێنانی جزدانە ئەلیکترۆنییەکان و کارتە بانکییەکان بۆ دانەوەی شایستە داراییەکانی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، لە سەرەتای کەوتنەکاری ئەپی "ئی پسوولە" (e-Psula) تاوەکو بەرواری ٥ی تەممووزی ٢٠٢٦، ژمارەی ئەو هاوبەشانەی کارەبا کە لە ڕێگەی ئەم ئەپەوە پارەی پسوولەکانیان داوە، گەیشتووەتە ١٨٥ هەزار و ٨٢٢ هاوبەش.
سودەکانی سیستەمەکە و نەهێشتنی ڕسومات
شارەزایانی کەرتی خزمەتگوزاری پێیان وایە، ئەم بازدانە گەورەیە لە ژمارەی بەکارهێنەراندا، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئاشنابوونی زیاتری هاوڵاتیان بە کولتووری پارەدانی ئەلیکترۆنی و سوودەکانی، بەو پێیەی کات و ماندووبوونێکی زۆریان بۆ دەگەڕێنێتەوە و چیتر پێویست ناکات بۆ دانی پارەی پسوولەکانیان سەردانی بنکەکانی وەرگرتن بکەن و لە سەرەی درێژدا بوەستن.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری فرۆشتنی وزە جەختی لەسەر خاڵێکی گرنگ کردووەتەوە کە بووەتە هۆی هاندانی زیاتری هاوڵاتیان، ئەویش ئەوەیە کاتێک هاوبەشانی کارەبا لە ڕێگەی ئەپی "ئی پسوولە"وە مامەڵەکانیان ئەنجام دەدەن، هیچ بڕە پارەیەک وەک باج یان کۆمیسیۆن (عمولە) لە هاوڵاتیان وەرناگیرێت و پڕۆسەکە بە تەواوەتی بێ بەرامبەرە.