هەرێم نیوز
دۆخی ئەمنی و سەربازی لە ناوچەی کەنداو گەیشتووەتە قۆناغی پێکدادانی ڕاستەوخۆ، کاتێک تاران لە وەڵامی بۆردومانەکانی واشنتۆندا، بە دەیان موشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر بنکە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
کۆنترۆڵکردنی ئاسمان و خستنەخوارەوەی درۆنی ئەمریکی
ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تەممووزی ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری وڵاتەکەیان، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9 Reaper) لە ئاسمانی شاری خورمۆج لە پارێزگای بوشەهر بخەنە خوارەوە.
موشەکبارانکردنی کەشتیگەلی پێنجەم و بنکەی عەلی سالم
لە بەیاننامەیەکی تری هێزە چەکدارەکانی ئێراندا هاتووە، وەک وەڵامدانەوەیەکی خێرا بۆ ئەو شتەی کە ناویان ناوە "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا"، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی موشەکی و درۆنییان دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەستپێکردووە. سوپای پاسداران ئاشکرای کردووە کە لەم هێرشەدا ٨٥ پێگە و دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکایان لە هەردوو وڵاتی بەحرەین و کووەیت کردووەتە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەکە، هێرشە موشەکییەکان بە دیاریکراوی دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە بەندەری سەلمان و بارەگای سەرەکیتریین هێزی دەریایی واشنتۆن لە ناوچەکە کە ناسراوە بە (کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا) لە بەحرەین پێکاوە. هاوکات لە ناو خاکی کووەیت، بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم" کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرە، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێران بووەتەوە، ئەمەش مەترسییەکانی بەرپابوونی شەڕێکی سەرتاسەری لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.