هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی پهیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، لە کاتێکدا ناکۆکی و گرژییەکانی نێوان واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا لەسەر پرسی جەنگی ئێران لە بەرزترین ئاستدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی 7ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، ترەمپ بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕەتیانکردەوە هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بکەن لە بەرامبەر ئێراندا، توڕەیییەکی زۆری لە بەرامبەر ئەو وڵاتانە هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی سایتی (ئەکسێۆس)، ترەمپ گومانی خۆی لە ئاستی دڵسۆزی و توانای هاوپەیمانەکانی نەشاردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لەو وڵاتانە ئامادە نەبوون بنکە ئاسمانییەکانیان بۆ بەشداریکردن لە گورزە سەربازییەکان دژی ئێران یان پاراستنی گەرووی هورمز بەکاربهێنن.
لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرە، ترەمپ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا کۆ دەبێتەوە تا لەبارەی لێکەوتەکانی جەنگی ئێران گفتوگۆ بکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل داوای لە ئەمریکا کردووە سیستمی پێشکەوتووی چەک بە تورکیا نەفرۆشێت.
هاوکات بڕیارە ترەمپ لە پەراوێزی لوتکەکەدا، کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا و ئەحمەد شەرعی، سەرۆکی سوریا ئەنجام بدات.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ترەمپ گوشار بۆ ئەندامانی ناتۆ دێنێت تا خەرجییەکانی بەرگری بەرز بکەنەوە بۆ 5%ـی تێکرای بەرهەمی ناوخۆییان.
هەروەها ترس و نیگەرانی لەناو وڵاتانی ئەوروپا دروست بووە کە ئەم ناکۆکییانە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە کیشوەری ئەوروپا، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ژمارەی تیمە شەڕکەرەکانی لە ئەوروپا کەم کردووەتەوە.