دواین هەواڵ

جیهان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: حیزبوڵڵا بە پشتیوانیی ئێران دەیەوێت لوبنان پەلکێشی جەنگ بکات

هەرێم نیوز

ئیڤێت کوپەر، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، هۆشداری دا لە مەترسییەکانی ئاڵوگۆڕی مووشەکیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بە مەترسیدارترین قۆناغی دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا وەسفی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی کردووەتەوە کە دەستپێکردنەوەی ململانێکان لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێکدا نییە و پێویستە دۆخەکە هێور بکرێتەوە.

کوپەر پێشوازیی لەو بڕیارەی تاران و تەلئەڤیڤ کرد بۆ ڕاگرتنی هێرشە مووشەکییەکان و هەوڵدان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەسەر پێویستیی ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کردەوە، کە بە یەکێک لە ئەولەویەتە هەرە گرنگەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا دای دەنێت.

سەبارەت بە دۆخی لوبنانیش، کوپەر وتی: "حیزبوڵڵا بە چاودێری و پشتیوانیی ئێران، دەیەوێت لوبنان پەلکێشی جەنگێکی نەخوازراو بکات کە پێچەوانەی خواستی گەلی لوبنانە."

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کاتێکدایە، کە لەندەن و وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵا لە تێکدانی سەقامگیریی لوبنان دەربڕیوە، و دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا بەردەوامن لە فشارکردن بۆ پاراستنی ئاگربەستەکە و ڕێگریکردن لە هەر پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP